دوو لیژنە بۆ لێکۆڵینەوە لەگیانلەدەستدانی پێشمەرگەکەی یەکێتی پێکدێت

  2020-01-19 15:05      236 جار بینراوە        کۆمێنت

حكومەت و پەرلەمانی كوردستان دوو لیژنە بۆ ئاشكراكردنی هۆكاری گیان لەدەستدانی ئەو پێشمەرگەی یەكێتی پێكدەهێنێنن، كەڕۆژی پێنج شەممە، دوای سێ‌ رۆژ لەدەستگیركردنی لەئاسایشی هەولێر گیانی لەدەستدا.
لوقمان وەردی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بەكوردسات نیوزی راگەیاند: ئەمڕۆ لەسەر ئاستی باڵا پەرلەمان و حكومەت لیژنەی بەدواداچوون و دەرخستنی راستییەكان و هۆكاری گیان لەدەستدانی ئەو پێشمەرگەی یەكێتی پێكدەهێنێت و ئەنجامی پشكنینی پزیشكی دادی سلێمانیش رادەستی لیژنەی حكومەت دەكرێت، وتیشی: فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان سوورە لەسەر بەدواداچوونی ئەو كەیسە تا گەیشتن بەڕاستییەكانی پشت گیان لەدەستدانی مەجید ئیبراهیم.
هاوكات، حاجی مەسیفی ئەندامی سەركردایەتی گشتی یەكێتی بەكوردسات نیوزی رایگەیاند: یەكێتی لیژنەیەكی 4 كەسی پێكهێناوەو دوای تەواوبوونی راپۆرتی پزیشكی دادی سلێمانی، لێكۆڵینەوەی ورد لەراپۆرتی هەردوو پزیشكی دادی هەولێرو سلێمانی دەكەن، وتیشی: لیژنەكەیان سەردانی جێگری ئاسایشی گشتی لەهەولێر كردووەو بەڵێنیان پێدراوە كار لەسەر سەرجەم بەڵگەو دۆكۆمێنتەكان بكەن.
مەجید ئیبراهیم دوای سێ‌ رۆژ لەدەستگیركردنی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە لەگوندی سیساوەی سەر بەقەزای شەقڵاوە گیانی لەدەستداو بەكەسوكارەكەی راگەیەندرا خۆی خنكاندووە، بەڵام بەپێی ئەو وێنانەی بڵاوكراونەتەوە لەزینداندا ئەشكەنجە دراوەو بڕیارە پزیشكی دادی سلێمانیش راپۆرتی خۆی لەوبارەیەوە پێشكەش بكات.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو