نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان راگه‌یه‌ندراوێكی‌ سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخی‌ ئێستای‌ عیراق بڵاوكرده‌وه‌

  2020-01-20 09:28      149 جار بینراوە        کۆمێنت

نێرده‌ی‌ ئه‌مینداری‌ گشتی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌عیراق رایگه‌یاند: كه‌ هێشتا سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كانی‌ عیراق ناتوانن رێكبكه‌ون بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌ره‌وپێش هه‌نگاو بنێن، هۆشداریشی‌ دا له‌به‌كارهێنانی‌ توندوتیژی‌ به‌رامبه‌ر خۆپیشانده‌ران.
جنین بلاسخارت نێرده‌ی‌ ئه‌مینداری‌ گشتی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌عیراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا وتی‌: له‌مانگه‌كانی‌ دواییدا سه‌دان هه‌زار عیراقی ده‌ستیان به‌ خۆپیشاندان كرد و داوای‌ ژیانێكی‌ باشتری‌ دوور له‌گه‌نده‌ڵی‌ و به‌رژه‌وه‌ندی‌ حزبی‌ و ده‌ستوه‌ردانی‌ بیانی‌ ده‌كه‌ن و به‌هۆی‌ كوژران و برینداربوونی‌ خۆپیشانده‌رانیشه‌وه‌ كێشه‌ی‌ نه‌بوونی‌ متمانه‌ دروست بووه‌.
ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ ، دوای‌ دوو مانگ له‌ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ سه‌رۆك وه‌زیران، هێشتا سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كان نه‌یانتوانیوه‌ بگه‌نه‌ رێككه‌وتن بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌ره‌وپێش هه‌نگاو بنێن.
ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ ، هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌ ئاشكرا رایانگه‌یاندووه‌ كه‌ وڵات پێویستی‌ به‌ چاكسازی‌ به‌په‌له‌ هه‌یه‌، ئێستا كاتی‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و وتانه‌ جێبه‌جێ‌ بكرێت و ئاسته‌نگه‌كانی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ نه‌هێڵرێت كه‌ هه‌واڵی‌ به‌دیهێنانی‌ ئامانجه‌ تایبه‌تییه‌كانیان ده‌ده‌ن و خێری‌ و خۆشیان بۆ وڵاته‌كه‌یان و گه‌له‌كه‌یان ناوێت.
جه‌ختیشی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌، پێویست گۆڕانكارییه‌ جیۆسیاییه‌كان به‌سه‌ر داواكارییه‌ ره‌واكانی‌ گه‌لی‌ عیراقدا زاڵ‌ نه‌بێت، چونكه‌ كارێكی‌ له‌و شێوه‌یه‌ تووڕه‌یی زیاتری‌ رای‌ گشتی‌ و نه‌مانی‌ متمانه‌ی‌ لێده‌كه‌وێته‌وه‌.
وتیشی‌: پێویسته‌ حكومه‌ت هه‌وڵی‌ پارێزگاریكردنی‌ خۆپیشانده‌ره‌ ئاشتیخوازه‌كان بدات، چونكه‌ توندوتیژی‌ و سه‌ركوتكردنی‌ خۆپیشانده‌ران قبوڵ‌ ناكرێت.
نێرده‌ی‌ ئه‌مینداری‌ گشتی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌عیراق له‌كۆتایی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یدا داوای‌ له‌ خۆپیشانده‌ران كرد ، پابه‌ندبن به‌ خۆپیشاندانی‌ ئاشتییانه‌ و دووربكه‌ونه‌وه‌ له‌هه‌ر كارێكی‌ توندوتیژی‌ كه‌ كاردانه‌وه‌ی‌ پێَچه‌وانه‌ی‌ ده‌بێت و زیان به‌ موڵكوماڵی‌ گشتی‌ و تایبه‌تی‌ ده‌گه‌یه‌نێت.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو