یاسای چاكسازی ره‌وانه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی کوردستان كرا

  2020-01-20 11:20      116 جار بینراوە        کۆمێنت

سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان یاسای چاكسازی له‌خانه‌نشینی موچه‌، ده‌رماڵه‌، به‌خشین و ئیمتیازاته‌كانی تر ره‌وانه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی کوردستان كرد.
پەرلەمانی کوردستان لەراگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، له‌چوارچێوه‌ی حوكمه‌كانی په‌یره‌وی ناوخۆ و یاسا به‌ركاره‌كان، یاسای چاكسازی له‌خانه‌نشینی موچه‌، ده‌رماڵه‌، به‌خشین و ئیمتیازاته‌كانی تر، ره‌وانه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم كردوە.
به‌پێی یاسای ژماره‌ 1ی ساڵی 2005ی یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم (هه‌مواركراو)، ئه‌و یاسایانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ په‌سند ده‌كرێن، سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ماوه‌ی 10 رۆژدا له‌رۆژی دانانییه‌وه‌ ده‌ریده‌چوێنێت، مافی ئه‌وه‌شی هه‌یه‌ تانه‌ له‌كۆی یاساكه‌ یان له‌به‌شێكی بدات و ره‌وانه‌ی په‌رله‌مانی بكاته‌وه‌ تا چاوپێداخشاندنه‌وه‌ی بۆ بكات.
پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەکردوە، به‌پێی هه‌ردو مادده‌كانی 94 و 95 له‌په‌یره‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان، ده‌بێت یاسا و بڕیاره‌كان، له‌ ماوه‌ی (15) رۆژدا، له‌رێكه‌وتی په‌سه‌ندكردنیانه‌وه‌، بنێردرێن بۆ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، به‌مه‌به‌ستی دەرچوواندنیان، ئه‌گه‌ر سه‌رۆكایه‌تی هـه‌رێم، لـه‌ مـاوه‌ی ئـه‌و 15 رۆژه‌دا، بـه‌ پێـی یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ژماره‌ (1)ی ساڵی 2005ی هـه‌مواركراو، یاسـا یان بڕیاره‌كه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی گشتی یان به‌شێك  ره‌تكـرده‌وه‌، له‌و كاته‌ ده‌بێت لیژنه‌ی تایبەتمە‌ند له‌ماوه‌ی (15) رۆژدا راپۆرتی خـۆی بنوسێت.
 یاسای چاكسازی له‌خانه‌نشینی موچه‌، ده‌رماڵه‌، به‌خشین و ئیمتیازاته‌كانی تر، له‌دانیشتنی دانیشتنی ژماره‌ (15)ی ئاساییی خولی پایزه‌ له ساڵی یه‌كه‌می‌ خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردن رۆژی 16ی ئەم مانگە به‌ده‌نگی 89 ئەندامی پەرلەمانی کوردستان په‌سندكرا.
 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو