ئێران پابەندە بە رێككەوتننامە ئەتۆمییەكەی ساڵی 2015

  2020-01-20 12:00      108 جار بینراوە        کۆمێنت
عەباس موسەوی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتەكەی پابەندە بە رێككەوتنامە ئەتۆمییەكەی ساڵی 2015ەوە.
عەباس موسەوی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە20-1-2020، لەكۆنگرەیەكی رۆنامەوانیدا ئاشكرایكرد، تاران هیشتا رێز لە رێككەوتننامە ئەتۆمییەكەی ساڵی 2015 دەگرێت، كە لەگەڵ زلهێزەكانی جیهاندا واژۆی كردووە.
موسەوی هەر سێ وڵاتی فەرەنسا، بریتانیاو ئەڵمانیای بەوە تۆمەتباركرد كە دەیانەوێت پابەندی ئەو بەڵێنانە نەبن كە لە رێككەوتنەكەدا داویانە.
رۆژی 14-1-2020، فەرەنسا، بریتانیا و ئەڵمانیا، كە ئەندامی كارای رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ئێرانن، لە راگەیەندراوێكدا رێوشوێنی چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی رێككەوتننامە ئەتۆمییەكەی ساڵی 2015-یان كاراكردو رایانگەیاند، ئەوان پشتیوانی ئەمریكا ناكەن لەهەڵمەتی سەپاندنی زۆرترین فشاری ئابووری بەسەر ئێراندا، لەهەمانكاتدا رێگەنادەن ئێران پابەندبوونەكانی بەرێككەوتنەكە كەمبكاتەوە.
موسەوی باسی لەوەشكردوە، هەنگاوی پێنجەمی كەمكردنەوەی پابەندییەكانی ئێران رێككەوتننامە ئەتۆمییەكەوە هەنگاوی كۆتایی دەبێت لە كەمكردنەوەی پابەندییەكانی، یەكێكە لەو هەنگاوانەی كە زۆرترین كاریگەری دەبێت لەسەر رێككەوتننامەكە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتیشی: راگەیاندنی كاراكردنی چارەسەركردنی ناكۆكیەكانی رێككەوتننامە ئەتۆمییەكە، هیچ كاتێك جێگەی رەزامەندی نییە، ئەوەی ئێران بۆی گرنگە كاری وڵاتانی ئەوروپایە نەك تەنها قسە. روونیشیكردەوە، پێویستە وڵاتانی ئەوروپا خۆیان یەكلایی بكەنەوە، ئایا دەتوانن سەربەخۆبن لە بڕیارداندا، یاخود دەبن بە شوێنكەوتووی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا.
ئەمە لە كاتێكدایە، عەلی لاریجانی، سەرۆك پەرلەمانی ئێران لە لێدوانێكدا بۆ تەلەفیزیۆنی فەرمی ئێران بڵاویكردەوە، پەرلەمانی ئێران پڕۆژە یاسایەكی بۆ وەڵامی كاراكردنی رێوشوێنی چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی رێككەوتننامە ئەتۆمییەكەی ساڵی 2015 لەلایەن فەرەنسا، بریتانیاو ئەڵمانیا ئامادەكردووە، بەڵام تاران بەپێی جوڵەكانی وڵاتانی ئەوروپا جۆری وەڵامەكەی دیاریدەكات.
لاریجانی ئەوەشی خستوەتەڕوو، كێشە لەوەدا نییە ساڵی 2018 ئەمریكا لە رێككەوتننامە ئەتۆمییەكە كشاوەتەوە، بەڵكو كێشە لەوەدایە واشنتۆن وڵاتانی ئەوروپا ناچار دەكات ملكەچی خواستەكانی بن.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو