عێراق و ئیتاڵیا تاوتوێی كشانەوەی هێزە بیانییەكانیان لە عێراق كرد

  2020-01-24 23:13      135 جار بینراوە        کۆمێنت
لایەنێك لەكۆبوونەوەكە

 لە میانی دیدارێكدا لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیا، سەرۆك كۆمار جەختی لە پەرۆشی عێراق بۆ پەیوەندییەكی هاوسەنگ دوور لە سیاسەتی خۆسەپاندن كردەوە.
سەرۆك كۆمار د. بەرهەم ساڵح رۆژی هەینی ٢٠٢٠/١/٢٤ لە ڕۆما-ی پایتەختی ئیتاڵیا چاویكەوت بە سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیا جۆزیبی كۆنتی.
لە میانی دیدارەكەدا تاوتوێی دۆخی ناوچەكە و جیهان و قەیرانەكانی ناوچەكە و بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سەبارەت بەكشانەوەی هێزە بیانییەكان لە عێراق و گرنگی پشتیوانی لە سەقامگیری و ڕێزگرتن لە سەروەری وڵات و سەربەخۆیی بڕیاری سیاسی عێراق كرا.
سەرۆك بەرهەم جەختی لە پەرۆشی عێراق بۆ بەستنی پەیوەندییەكی هاوسەنگ كە بریتی بێت لە پێشخستنی بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی دوور لە سیاسەتی سەپاندنی بڕیار و ئیرادەی دەرەكی و ڕێزگرتن لە سەروەری و سەقامگیری بەپێی بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی نێوان عێراق و وڵاتانی دۆست و دراوسێ و هاوبەشە نێودەوڵەتییەكان كردەوە، هاوكات روونیشیكردەوە كە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق بەهەنگاوێكی یەكلاكەرەوە دادەنرێت بۆ بنەبڕكردنی توندوتیژی و ململانێكان كەزیان بەهەموو لایەك دەگەیەنێت.
ھەروەھا سەرۆك كۆمار ئاماژەی كرد بە پێویستی بەهێزكردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكان، بەجۆرێك كە خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی هەردوو وڵات بكات، هاوكات ڕۆڵی گرنگی ئیتاڵیای بۆ پشتیوانی عێراق لە بوارە جیاجیاكاندا بەرزنرخاند.
لەلای خۆیەوە سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیا، پەرۆشی وڵاتەكەی بۆ پشتیوانی لە سەروەری و سەقامگیری  عێراق دەربڕی، هاوكات جەختی لە پێویستی زیادكردنی هەوڵە نێودەوڵەتییەكان كردەوە بۆ چەساندنی ئاشتی و ڕێگرتن لە ئاڵۆزبوونی دۆخی ناوچەكە، هەروەها ئاماژەیشی بە گرنگی بەردەوامی هەماهەنگی لە جەنگی دژی تیرۆر و ڕێگانەدان بە دووبارە دروست بوونەوەی هەڕەشەی تیرۆر بۆ سەر گەلانی ناوچەكە كرد.
شایانی باسە كە سەرۆك كۆمار، ئەمڕۆ گەیشتە ئیتاڵیا پاش كۆتایی هاتنی كارەكانی كۆڕبەندی ئابووری جیهانی لەداڤۆس.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو