مەترسی لەسەر ناردنی مووچەی هەرێم لە بەغداوە دروست دەبێت

  2020-01-25 11:51      889 جار بینراوە        کۆمێنت

نوێنەرانی كورد لە پەرلەمانی عیراق ئاشكریدەكەن كە فراكسیۆنە شیعەكان لەهەوڵی ئەوەدان بەپێچەوانەی رێككەوتنی نێوان هەرێم و ناوەند، پشكی كورد لە بودجەی 2020 كەم بكەنەوە وەك تۆڵە سەندنەوەیەك لە بەرانبەر دەنگنەدانی پەرلەمانتارانی كورد بە بڕیاری دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق.
بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عیراق رایگەیاندووە، لایەنە شیعییەكان هەوڵ دەدەن لە كاتی ناردنەوەی بووجەی گشتی عیراق بۆ پەرلەمان، پشكی كورد لەوەی پێشتر رێككەوتنی لەسەر كراوە كەمتر بكەنەوە.
باسی لەوەشكرد، بەپێی ئەو گفتوگۆو رێككەوتنانەی كە پێشتر سەركردایەتی سیاسیی كوردو حكومەتی هەرێم لەگەڵ لایەنە عیراقییەكان و حكومەتی فیدڕاڵی ئەنجامیان داوە، پشكی كورد بە لە 12،67%جێگیر كراوە، سەرۆكی كاربەڕێكەری حكومەتی عیراقیش ئەم رێژەیەی پی باشبووە، بەڵام لەماوەی سێ مانگی رابردوو فراكسیۆنە شیعییەكان بۆچوونیان لەسەر ئەو رێژەیە لە پشكی هەرێم لە بووجەی گشتی عیراق خراپەو هەوڵدەدەن لەكاتی كۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ تێپەڕاندنی بووجەی گشتی عیراق كێشە دروست بكەن.
ئەندامێكی تری كورد لەپەرلەمانی عیراق ئاشكرایكردووە، دەبێت حكومەتی هەرێم پەلە بكات لە دانوستان و گفتوگۆكانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حكومەتی عیراقی، چونكە تەیاری شیعی لەسەر ئەوەی كورد لە كۆبوونەوەی رابردووی پەرلەمانی عیراق دەنگی بە بڕیاری دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق نەدا، هەڵوێستیان خراپتربووەو دەیانەوێت كێشە دروست بكەن. وتیشی: زۆربەی ئەندامانی فراكسیۆنە سوننەكان رایان بەرانبەر كورد باشەو لێكتێگەیشتنی زۆر باش لە نێوان كوتلەی كوردی و سووننەكان هەیە لەسەر پشكی كورد لە بووجەی گشتی عیراق، بەڵام ئەوانیش داوایان كردووە كە كورد نەوتەكە رادەستی عیراق بكات.
روونیشیكردەوە، لە دوای هاتنەوەی سەرۆكی هەرێم لە كۆڕبەندی ئابووری داڤۆس و ئەنجامدانی كۆبوونەوە، لەگەڵ حكومەت و لایەنە كوردستانییەكان، دانوستانەكانی نێوان هەولێرو بەغدا دەست پێدەكەنەوەو كێشەكانی بەردەم ماف و ئیمتیازاتی كورد لە بەغدا تاوتوێدەكەن، بەڵام ئەوەی گرنگە هەرێم دەبێت پەلە بكات بۆ ئەنجامدانی ئەم گفتوگۆیانە.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو