ئێستا
لیژنه‌ی‌ باڵای‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ كۆرۆنا له‌عیراق، قه‌ده‌غه‌ی‌ هاتوچۆی‌ بۆ 18ی‌ نیسان درێژكرده‌وه‌

وەزارەتی تەندروستی هۆشداری دەداتە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان

  2020-01-25 18:06      377 جار بینراوە        کۆمێنت

ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لەچین بڵاوبووەوە هەڕەشە لەوڵاتان دەکات و گەیشتووتە فەرەنساش. وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش رایدەگەیەنێت: تاوەکو ئێستا ڤایرۆسی کۆرۆنا نەبووەتە مەترسیی بۆ سەر وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام دەبێت هاووڵاتیان بەردەوامبن لەخۆپاراستن.
 
د.محەممەد قادر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: هەرچەندە تاوەکو ئێستا ڤایرۆسی کۆرۆنا لەوڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاونەبووەتەوە، بەڵام وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام لەگەڵ رێكخراوی تەندروستیی جیهانی و وەزارەتی تەندروستی عیراق لەپەیوەندیدایە بۆ هەر ئەگەرێکی لەناکاو.
 
ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە هاووڵاتیان بەردەوامبن لەخۆپاراستن و بەباشی دەزانین گەشت بۆ ئەو وڵاتانە نەکەن کە ڤایرۆسی کۆرۆنای تێدا بڵاوبووەتەوە بەتایبەتی چین، چونکە ڤایرۆسەکە دەگوازرێتەوەو مەترسی تووشبوونیان هەیە.
 
ڤایرۆسی کۆرۆنا چییە؟
 
ڤایرۆسی کۆرۆنا گروپێكی فراوانی ڤایرۆسەکانە، ساڵی 1965 لەمرۆڤ دەستنیشانکرا، هۆکارەکانی تووشبوون جیاوازن، دەوترێت لەئاژەڵەوە تووشی مرۆڤ دەبێت، بەڵام لەنوێترین زانیارییەکان لەبارەی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە، مەترسیی هەیە لەکەسێكەوە بۆ کەسێكی دیکە بگوازرێتەوە. 
 
نیشانەکانەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا هاوشێوەی سەرمابوونن، کە پێکدێن لەسەرئێشە، ئاو لە لووت هاتن، کۆکە، تا، هەناسەتەنگی، ئازاری جەستەو لەرز، کە هەموو کات بەم شێوەیە سادە نییە، هەندێكجار هۆکاردەبێت بۆ هەوکردنی سییەکان و لوولەکانی هەوا، رەنگە تووشبووەکە بکوژێت. 
 
ڤایرۆسەکە یەکەمجار لەساڵی 1965 دۆزراوەتەوە، ساڵی 2002 لەچین بڵاوبووەتەوەو لەمرۆڤ دەستنیشانکرا، گوازرایەوە بۆ 25 وڵات، 8000 کەسی نەخۆشخست و زیاتر لە 700 کەسی کوشت. 
 
ڤایرۆسەکە جارێكی دیکە لەساڵی 2012 سەری هەڵدا، لەسعودیەو ئوردون بڵاوبووەوەو هەمان ساڵ لە25 وڵات تۆمارکرا، نزیکەی 800 کەسی کوشت.
 
ئەمە لەکاتێکدایە ژمارەی قوربانییانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەچین لەزیادبووندایە، حکومەت رێوشوێنی تووندی تەندروستیی گرتووەتەبەرو بەو هۆیەشەوە بەشێکی زۆری هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە لەئاهەنگی سەری ساڵی چینی بێبەشدەبن. 
بەپێی ئاماری دەزگا تەندروستییەکانی چین، تاوەکو ئێستا لەو وڵاتەدا هەزارو 277 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون و بەهۆیەوە 41 کەس گیانیان لەدەستداوە.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو