مەكتەبی سیاسی : ئەو عەقلیەتەی ڕەوایی بەئەنجامدانی تاوانەكانی ئەنفال دەدا، هێشتا زیندووەو ژینگە‌و زەمینەی روودانەوەی جینۆسایدیش هەر ماوە

  2018-04-13 19:49      269 جار بینراوە        کۆمێنت
بەیاننامەی مەکتەبی سیاسی

بەیاننامەی مەكتەبی سیاسی (ی.ن.ك)  لەیادی (30) ساڵەی شاڵاوەكانی ئەنفالدا

كەسوكاری سەربەرزی ئەنفالكراوەكان!
كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان!
   (30) ساڵ لەمەوبەرو لەچوارچێوەی سیاسەتەكانی پاكتاوی نەژادی‌و قڕكردن‌و جینۆسایدكردنی گەلی كوردستاندا، رژێمی لەناوچووی بەعس بەسەرۆكایەتی دیكتاتۆر سەدام حسێن، پرۆسەی ئەنفالی بەشێوەیەكی دڕندانە‌و بە هەشت قۆناغ ئەنجامدا، كە بەهۆیەوە دەیان هەزار هاوڵاتی مەدەنی بێدیفاع لەژن‌و مناڵ‌و گەنج‌و پیر، زیندەبەچاڵكران‌و هەزارانی تریش لەزیندانەكاندا ئەشكەنجەی جەستەیی‌و دەروونی دران. 
    مەرامی بەعس لە شاڵاوەكانی ئەنفالدا هەر بەتەنها زیانی مرۆیی نەبوو، بەڵكو زیاتر لە پێنج هەزار گوندی روخاند‌و ژێرخانی ئابوری‌و سەرچاوەكانی بژیوی خەڵكیشی لەناوبرد. هەروەها وویستی شۆڕشی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان خامۆش بكات، تا بە یەكجاری گیانی بەرگری‌و خەبات بۆ ڕزگاری‌و ئازادی كوردستان لەناوببات. بەڵام وەكچۆن كیماباران‌و تەرحیل، تەبعیس، تەعریب نەیانتوانی ئیرادەی بەهێزی گەلی كوردستان لاواز بكەن، سەرباری زیانە گەورەكان، شاڵاوەكانی ئەنفال-یش نەیتوانی خەباتی گەلەكەمان خامۆش بكات.
  لەكاتێكدا، یادی (30) ساڵەی جینۆسایدی ئەنفال دەكەینەوە، سەرباری ئەوەی دادگای باڵای تاوانەكان لەعێراق، پرۆسەكەی وەك تاوانەكانی جینۆساید‌و جەنگ‌و دژەمرۆیی ناساندووە، بەڵام هێشتا هەموو تاوانبارەكان ڕاپێچی بەردەم یاسا نەكراون‌و كەسوكاری سەربەرزی ئەنفالكراوەكانیش قەرەبووی مەعنەوی‌و ماددی نەكراونەتەوەو رێوشوێنەكانی تری پەیوەست بەكەیسەكە تەواو نەكراون. 
  ئەو عەقلیەتەی ڕەوایی بە ئەنجامدانی تاوانەكانی ئەنفال دەدا، هێشتا زیندووەو ژینگە‌و زەمینەی روودانەوەی جینۆسایدیش هەر ماوە، وەكچۆن ناوەڕاستی ساڵی 2014، داعشە دڕندەكان، تاوانی كۆمەڵكوژی‌و قڕكردنی كوردانی ئێزدییان لە شەنگال ئەنجامدا. 
  هەربۆیە پێداگیری دەكەین لەسەر راپەراندنی ئەرك‌و بەرپرسیارێتی نیشتمانی‌و ویژدانی هەموو لایەك لەبەرامبەر ئەنفالكراوەكان‌و كەسوكارە سەربەرزەكانیان، لە قەرەبوكردنەوەی زیانلێكەوتوان‌و ڕاپێچكردنی تەواوی داواكراوەكانی دۆسیەی ئەنفال بۆ بەردەم دادگا‌و باشتركردنی گوزەرانی وارسی ئەنفالكراوەكان‌و هەوڵدان بۆ پابەندكردنی حكومەتی عێراقی، بەو بەرپرسیارێتیانەی بەرامبەر بە تاوانی ئەنفال هەیەتی لەرووی یاسایی‌و دەستوری‌و ئیدارییەوە. 
 گەلی كوردستانی كوڵنەدەر!
    ئەمرۆ یادی دەیان هەزاران ئازیزی ئەنفالكراومان دەكەینەوە، كە برینی لەدەستدانیان هەرگیز لە ویژدانماندا سارێژ نابێ‌. ئەنفالكراوەكان‌و كیمابارانكراوەكان‌و شەهیدان‌و قوربانیەكان‌و مەینەتیەكانی گەلەكەمان، پێویستە ببنە هەوێنی چارەسەركردنی كێشەكان‌و یەكخستنەوەی ریزەكان، تا لە بەرامبەر مەترسی‌و پێشهاتەكان  باشتر ئامادەبین. 
 هەروەها بەگژ ئەو عەقلیەتانەدا بچینەوە، تا ئێستا لە جیاتی چارەسەركردنی كێشەكان‌و سەڵماندنی مافە نەتەوەیی‌و دیموكراسیەكان، دەیانەوێ‌ بە قڕكردن‌و شەڕ‌و زەبری هێز ئیرادەی لە بن نەهاتووی گەلەكەمان لەناوبەرن.
- سڵاو بۆ گیانی قوربانیانی جینۆسایدی ئەنفال.
- سڵاو لە خۆراگری وارس‌و كەسوكاری ئەنفالكراوەكان.
- روورەشی بۆ ئەنجامدەرانی تاوانەكانی ئەنفال.
- سەركەوتن بۆ ئیرادەی بەهێزی گەلی كوردستان. 
مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
2018/4/14   

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو