هەندێ‌ لایەن ترسیان لەسەنگی یەكێتی هەیە
د. جوان ئیحسان: كاری من خزمەتكردنی خەڵك‌و داكۆكیكردنە لەمافەكانیان لەبەغدا، نەك یاریكردن بە وشە

  2018-04-16 16:03      202 جار بینراوە        کۆمێنت
د. جوان ئیحسان سەرۆكی لیستی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لەپارێزگای سلێمانی

د. جوان ئیحسان سەرۆكی لیستی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لەپارێزگای سلێمانی لە لێدوانێكدا بۆ PUKNOW  سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی بەشێك لەو چاوپێكەوتنەی شەوی رابردوو لەگەڵیدا سازكراوە، رایگەیاند: هەر لەسەرەتای چاوپێكەوتنەكەوە پێشكەشكاری بەرنامەكە وشەی وەزارەتی بۆ دەستەی مافی مرۆڤی عیراق بەكارهێنا، بەڵام من وەكو (موراعات)كردنی پێم راستنەكردەوە، هاوكات زۆریشم بەلاوە كرنگ نەبوو وشەی وەزارەت یان دەستە بەكاربهێنرێت، بەڵكو من بیرم لەو پێشێلكارییانە دەكردەوە كە لە خورماتوو دژ بە هاوڵاتیانی كوردی ئەو شارە كراوە و ئەو دەستە یان دەزگا یان دەمەزراوەیەی مافی مرۆڤی عیراق لێی بێ‌ دەنگ بوو، هەروەها ئەو پێشێلكارییانەی كە لە موسڵ و ناوچەكانی تری عیراق بەرانبەر بە مرۆڤ كراوەو مافی مرۆڤی عیراق لە ئاستیدا بێ‌ هەڵوێست بوو.

لەدرێژەی لێدوانەكەیدا، د. جوان ئیحسان وتی: " كاری من بەكارهێنان و یاریكردن بە وشە نییە، بەڵكو ئەركی من و هەڤاڵانم ئەوەیە كاربكەین بۆ باشتركردنی رەوشی كۆمەڵانی خەڵك، كاری ئێمە ئەوەیە چۆن بتوانین لەداهاتوودا لە بەغدا داكۆكی لە مافەكانی خەڵكی كوردستان بكەین، كاری من ئەوەیە چۆن بتوانم رەوشی كەسوكاری شەهیدان و قوربانیانی دەستی رژێمی پێشوو باش بكەم و چۆن بتوانم مافی دانیشتوانی خورماتوو بەدەستبهێنمەوە، ئەركی سەرەكی من ئەوەیە چۆن بتوانم لە بەغدا بەرگری لە مافی فەرمانبەران‌و مووچەخۆرانی كوردستان بكەم، نەك تەركیزكردنەسەر وشەی وەزارەت و دەستە".

وتیشی : ئەو بەشەی چاوپێكەوتنەكەم كە لە هەندێك شوێن بڵاوبووەتەوە، ناتەواوە، ئەگەر ئەو بەشەی چاوپێكەوتنەكە بەتەواوی بڵاوبێتەوە دەبینن من راستمكردووەتەوە و بە پێشكەشكارەكەم وتوە مەبەستم ئەدای ئەو دامەزراوەیە كە تایبەت بە مافی مرۆڤ، ئیتر دەستە بێت یان وەزارەت.

روونیشكردەوە:  لە راستیدا بابەتەكە ئەوەندە گرنگ نییە، بەڵام وادیارە كەسانێك بە ئەنقەست دەیانەوێت گەورەی بكەنەوە، ئەوەش خۆی لەخۆیدا بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ترسیان هەیە لە هێزی جەماوەریی یەكێتی و دەیانەوێت بەو رەفتارە نەگونجاوانە كاریگەریی لەسەر ئاستی جەماوەریی من و حزبەكەم دابنێن، چونكە سەرەڕای ئەو هەموو هەلومەرجە دەرەكی و ناوخۆییە نالەبارەی بەسەر یەكێتیدا تێپەڕیووە، هێشتا جەماوەرێكی دڵسۆزیی بەرفراوان پشتیوانی لێدەكەن‌و هەوڵی سەرخستنی دەدەن لە هەڵبژاردنەكاندا كە بێگوومان بەپشتیوانی ئەوان سەردەكەوین و هەوڵدەدەین بەشێوەیەكی جیاوازتر لە پێشوو، لە بەغدا كاریان بۆ بكەین و باشتر خزمەتیان بكەین.

هاوكات تەها سڵێمان نووسەرو رۆژنامەنووس لەو بارەیەوە لەئەکاونتەکەی خۆی دەڵێت: " لەدوای 2003وە وەزارەت و وەزیری مافی مرۆڤ لەعێراق هەبوەو دوایەمین جار کراوە بە دەستە کۆتایی ساڵی 2015 بووە، کەئاست و بەرپرسیارێتی وەزارەت و وەزیری هەیە".

سڵێمان هەروەها دەڵێت: ئەوەی پرسیارە: بۆچی پێشكەشكاری بەرنامەكەو هاوچەشنەكانی لەم جۆرە دیدارانەدا، دەزووی سەبریان دەپچڕێ و بەئاسانی تێکەڵ بەشەڕی بەوەکالەت دەبن؟ بۆچی ناتوانن پیشەییانە ئەرکی خۆیان ئەنجام بدەن و دەبنە بەشێک لەپرۆسەی شەڕی ناپێویستی بەوەکالەت و داسەپێنراو؟ 

هەر لەو چوارچێوەیەدا، شیرین ڕەزا ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەڕلەمانی عێراق رایگەیاندووە: "وەزارەتی مافی مرۆڤ لە حكومەتی عێراق دا هەبووە تا مانگی ئابی ساڵی 2015 ئەوكات لە ئەنجامی پرۆژە چاكسازیەكەی حەیدەر عەبادیدا، لە گەڵ وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتیدا كران بە یەك وەزارەت، دەستەیەكی تایبەت بە مافی مرۆڤ دروستكرا كە سەربە ئەنجومەنی وەزیرانە‌و لە ئێستادا دەستەكە بە ناوی دەستەی مافی مرۆڤەوە لە عێراقدا كارەكانی خۆی وەك وەزارەتێك بەڕێوەدەبات".

 

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو