‎لە ساڵیادی ڕاپەریندا كۆسرەت ڕەسول پەیامێك بڵاو دەكاتەوە

  2020-03-04 21:45      134 جار بینراوە        کۆمێنت

لە بیست و نۆیەمین ساڵیادی ڕاپەرینی بەهاری ١٩٩١، كۆسرەت رەسول عەلی پیرۆزبایی لەتەواوی كوردستانیان دەكات و ئاواتەخوازە هەموومان بەردەوام بن بۆ جێبەجێكردنی تەواوی بەرنامەكانی ئەم ڕۆژە مێژووییە.

دەقی پەیامەكە:
‎لە بیست و نۆیەمین ساڵیادی ڕاپەرینی بەهاری ١٩٩١ی كوردان، گەرمترین پیرۆزبایی ئەم یادە مەزنە لە تەواوی كوردستانیان دەكەم و ئاواتەخوازم هەموومان بەردەوام بین بۆ جێبەجێكردنی تەواوی بەرنامەكانی ئەم ڕۆژە مێژووییە.
‎٢٩ ساڵ لەمەوبەر لەكاتێكدا ڕژێمی بەعس لە لووتكەی دەسەڵات بوو، دڕندایەتییەكانی پەلی دەهاوێشت بۆ وڵاتانی دەوروبەرو لە ناوەوەش بە دڕندانەترین شێوە خەریكی كۆمەڵكوژی كورد بوو، بە بەرنامەیەكی چڕوپڕی بەرەی كوردستانی و بە بەشداری سەرجەم هێزو لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان توانرا پلانی ڕاپەرین دابڕێژرێ و لە ڕانیەی دەروازەوە بە بەشداری خەڵكی سڤیل و شانە چەكدارەكان و ڕێكخستنەكانی ناوشار كڵپەی ڕاپەڕین گڕی گرت و بەعسی ڕاونا. 
‎لە ڕانیەوە بۆ كەركووك لە ماوەیەكی كەمدا سەرجەم دام و دەزگاكانی بەعس ڕامالران كوردستان پاككرایەوە لە بەعس و بۆ یەكەمجار كورد توانی هەناسەیەكی ئازاد هەڵمژێ و هەنگاو بنێ بەرەو دیموكراسی و حوكمڕانی خۆماڵی.

‎كوردستانیانی خۆشەویست... 
‎بیست و نۆ ساڵ لەمەوبەر، سەرباری بێزاری تەواوی هاووڵاتیان لە زوڵم و زۆری بەعس، وەلێ یەكێكە لە هۆكارە سەرەكییەكانی سەركەوتنی ڕاپەڕین یەكگرتوویی و یەك بەرنامەیی هێزە كوردستانییەكان بوو كە گڕوتینێكی جیاوازی بە ڕاپەڕینەكەخشی و سەریخست.
‎ئەمڕۆ لە دۆخی نوێی ناوچەكە و سەروەختی گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە لە هەموو شت گرنگتر یەكگرتوویی كوردە، ئەركە لەسەر هەموومان خاوەنی بەرنامەیەكی كوردانە بین و لە خەمی خەڵكی خۆمان بین و باشترین خزمەتیان بكەین، جوانترین وانەی ڕاپەڕین كە دەبێ لێوەی فێربین یەكگرتوویی خۆمانەو تەنها بەیەكگرتوویی دەتوانین بە ئامانجەكانمان بگەین.
‎ساڵیادی ڕاپەرینی خەڵكی كوردستان بە دەرفەت دەزانم سوپاسی تایبەتی خۆم ئاراستەی سەرجەم هێزو لایەنە سیاسییەكان بكەم كە لە بەغدا یەكدەنگی و یەكگوتاری كوردیان سەلماندو هەموو پێكەوە داكۆكیان لە مافەكانی گەلەكەمان كرد، ئەركە لەسەرمان لە سەرجەم پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەكان هاوهەلوێست بین.
‎جارێكی تر پیرۆزبایی لە كوردستانیان دەكەم و دروود دەنێرم بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كوردستان و بەڵێنیان پێ دەدەین كە درێژەپێدەری ڕێبازەكەیان دەبین و سڵاوی تایبەتم دەنێرم بۆ پێشمەرگە قارەمانەكان و تێكۆشەرە دێرینەكان و شانە چەكدارەكان و ڕێكخستنە نهێنییەكان.

‎كۆسرەت ڕەسول عەلی
‎سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی 
‎یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو