مه‌ڵبه‌ندی هه‌ولێر له‌ ساڵیادی ڕاپه‌ڕینی شاره‌كه‌دا په‌یامێكی‌ بڵاوكرده‌وه‌

  2020-03-10 21:37      128 جار بینراوە        کۆمێنت
په‌یامى مه‌ڵبه‌ندی هه‌ولێر له‌ ساڵیادی ڕاپه‌ڕینی شاره‌كه‌دا

له‌ "29"هه‌مین ساڵیادی ڕاپه‌ڕین و ڕزگاركردنی هه‌ولێری پایته‌خت، به‌ناوی خۆمان و هه‌ڤاڵانمان له‌ مه‌ڵبه‌ندی "3"ی ڕێكخستنی هه‌ولێری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان پیرۆزباییه‌كی گه‌رم ئاراسته‌ی خه‌ڵكی تێكۆشه‌رو قاره‌مانی هه‌ولێر ده‌كه‌ین.
29 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، به‌سه‌رپه‌رشتی هه‌ڤاڵ كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی به‌ به‌شداری رێكخستنه‌ نهێنییه‌كان و شانه‌ چه‌كداره‌كان و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان و خه‌ڵكی قاره‌مانی هه‌ولێر، له‌ به‌ره‌به‌یانی 11ی ئازاردا به‌ور ئاسا به‌ڕووی به‌عسییه‌ فاشیسته‌كان و داموده‌زگا تۆقێنه‌ره‌كانیان ته‌قینه‌وه‌و له‌ ماوه‌یه‌كی كورتی زه‌مه‌نیدا شاره‌كه‌ له‌ به‌عسییه‌كان پاككرایه‌وه‌ هه‌موو لایه‌ك مژده‌ی سه‌ركه‌وتنیان به‌یه‌كتر به‌خشی و له‌ ده‌وری قه‌ڵای سه‌ركه‌شی هه‌ولێر، پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان و خه‌ڵكی شاره‌كه‌ یه‌كه‌م پیاسه‌ی دوای ئازادیان كردو به‌ دنیایان وت ئه‌مڕۆ هه‌ولێر ئازاده‌و چیتر جێگای به‌عسییه‌ فاشیسته‌كان لێره‌ نه‌ما.

خه‌ڵكی تێكۆشه‌ری هه‌ولێر...

ئه‌وێ رۆژێ، هه‌ولێرییه‌كان به‌بێ جیاوازی، دوور له‌ ئینتمای حزبی و ئایینی، به‌رووی داگیركه‌ران راپه‌ڕین و شاره‌كه‌یان پاككرده‌وه‌و جاڕی سه‌ركه‌وتنیان لێداو به‌وپه‌ڕی خۆشخاڵیه‌وه‌ شادومانی خۆیان ده‌ربڕی.
ئه‌مڕۆش كه‌ 29 ساڵ تێپه‌ڕده‌بێ به‌سه‌ر ئازادكردنی هه‌ولێر، له‌پاڵ ده‌ربڕینی پیرۆزباییمان بۆ هه‌موو هه‌ولێرییه‌كان دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ هه‌ولێر، هه‌ولێری هه‌مووانه‌ به‌بێ جیاوازی و ئه‌ركه‌ له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان باشترین خزمه‌تگوزاری پێشكه‌شی شاره‌كه‌ بكا، به‌بێ جیاوازی حزبایه‌تی رێز له‌ خه‌بات و قوربانیدان و ماندووبوونی تێكۆشه‌رانی شاره‌كه‌ بگرێ و ئه‌وه‌مان له‌یاد بێ هه‌ركات هه‌موومان به‌یه‌كه‌وه‌ بین ده‌توانین ده‌ستكه‌وتی گه‌وره‌ به‌ده‌ست بێنین.
ئێمه‌ وه‌ك یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، به‌وپه‌ڕی خۆشحاڵیه‌وه‌ رایده‌گه‌یه‌نین كه‌ وه‌ك چۆن له‌ خه‌باتی شاخ و راپه‌ڕین و رزگاركردنی هه‌ولێردا پێشه‌نگ بووین و سه‌ركرده‌و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانمان له‌پێشی پێشه‌وه‌ی خه‌بات بوون و پێش هه‌موو كه‌س هاتینه‌ ناو شاره‌كه‌، ئه‌مڕۆش به‌ هه‌مان شێوه‌ ئامانجمانه‌و ده‌مانه‌وێ خزمه‌تی هه‌ولێرییه‌كان بكه‌ین و له‌ خزمه‌تكردندا پێشه‌نگ بین و بۆ هه‌موو لایه‌كی بسه‌لمێنین كه‌ هه‌ولێر و هه‌ولێرییه‌كان شایسته‌ی باشترین خزمه‌تكردنن.
جارێكی تر پیرۆزبایی خۆمانتان ئاراسته‌ ده‌كه‌ین و هیواخوازین هه‌موومان له‌ هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌وه‌فا بین به‌رامبه‌ر خوێنی شه‌هیدان و هه‌وڵی جێبه‌جێكردنی سه‌رجه‌م ئامانجه‌كانی راپه‌ڕین بده‌ین و كۆڵ نه‌ده‌ین تا گه‌یشتن به‌ ترۆپكی ئامانج و هیواكانمان.

مه‌ڵبه‌ندی ٣ی رێكخستنی هه‌ولێری
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو