لە عیراق دوو حاڵەتی نوێی تووشبوون بە كۆرۆنا تۆماركرا

  2020-03-14 13:01      114 جار بینراوە        کۆمێنت

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی ناوچەی رەسافە لە بەغدا رایدەگەیەنێت، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوو حاڵەتی نوێی تووشبوون بە كۆرۆنا تۆماركران كە دوو ژنن و یەكێكیان دوو هەفتە لەمەوبەر لە ئێران گەڕاوەتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی ناوچەی رەسافە لە بەغدا لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند، دوای ئەوەی كەسێك گەیەندرایە نەخۆشخانەی زەعفەرانیە كە پلەی گەرمی بەرزببوەوەو توشی تەنگەنەفەسی ببوو، دوای پشكنینی تاقیگە و دەرچونی ئەنجامەكان دەركەوت كە تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنابووە، ئێستاش گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب.
باسلەوەشكراوە، حاڵەتی دووەم ژنێكی تەمەن 72 ساڵە كە لە نەخۆشخانەی كەنەدی پشكنینی بۆ كراوەو دەركەوت هەڵگری پەتای كۆرۆنایە، دوای پرسیاركردنیش بۆیان دەركەوت دوو هەفتە لەمەوبەر ئەو هاووڵاتییە لە ئێران گەڕاوەتەوەو پلەی گەرمی بەرزبووە، هەروەها نەخۆشی خوێن و شەكرەی لەگەڵدابووە.
هەروەها بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی پارێزگای واست بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ یەكەمین حاڵەتی گیان لەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە پارێزگاكەدا تۆماركراوە، كە پیاوێكی خەڵكی ناحیەی شێخ سەعدبووەو دوای گەڕانەوەی لە ئێران كەرەنتین كرابوو.
هاوكات، وەزارەتی تەندروستی عیراق رونیكردۆتەوە، كۆی ئەو كەسانەی لە ئێستادا تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون لە وڵاتدا گەیشتۆتە 95 حاڵەت، لەو ژمارەیەش 24 كەس چاكبوونەتەوەو 10 حاڵەتی گیان لەدەستدانیش هەبووە.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو