ئەڵمانیا لەڕێگەی 30 فڕۆكەوە هاوڵاتیانی دەگەڕێنێتەوە وڵاتەكەی

  2020-03-18 16:02      192 جار بینراوە        کۆمێنت
فرۆکەی ئەڵمانی

هایكۆماسی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئێوارەی دوێنێ سێ شەممە 17ی ئاداری 2020 ڕایگەیاند ئەڵمانیا خوازیارە لەڕێگەی 30 فرۆكەوە ئەو ئەڵمانیانە بگەڕێنێتەوە ناو ئەڵمانیا كە لەماوەی ڕابردوداو لەكاتی پشووی خۆیاندا چوونەتە دەرەوەی ئەڵمانیا، ئاشكراشیكرد نزیكەی زیاتر لە 100 هەزار ئەڵمان بۆ گەشتوگوزار لەدەرەوەی ئەڵمانیان و حكومەت لەڕێگەی فرۆكەی گەشتوگوزارەوە هەڵمەتێك بۆ گەڕانەوەیان ئەنجام دەدات.
سایتی كەناڵی فەرمی دووی ئەڵمانیا ZDF بڵاویكردەوە نزیكەی 194 هەزار كەس لە153 دەوڵەت هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنان، بەپێی زانیارییەكانی پەیمانگای ڕوبەرت كوخ ژمارەی توشبوان بەڤایرۆسی كۆرۆنا لەئەڵمانیا ڕوو لەزیادبونەو تائێوارەی دوێنێ17ی ئاداری 2020 لە ئەڵمانیا 13 حاڵەتی مردن تۆماركراوە.
سەبارەت بەم ڕەوشە حكومەتە فیدرالییەكانی ئەڵمانیا لەگەڵ حكومەتی ئیتیحادی ئەڵمانیادا لەسەر ئەوە ڕێكەوتن ڕێكاری بەردەوام بگرنەبەرو لەهەنگاوی یەكەمیشدا دەرگای زانكۆو قوتابخانەكان و ماركێتە بازارگانیەكان و یانەو هۆڵە وەرزشیەكان بەگشتی داخران.

ئەنگێلا مێركل: بۆ ماوەی مانگێك قەدەغەیە كەس بێتە ناو  وڵاتانی ئەوروپاوە
ئێوارەی دوێنێ سێشەممە ئەنگێلا مێركلی ڕاوێژكاری ئەڵمانیا ئاشكرایكرد بۆ ماوەی مانگێك ڕێگەنادرێ كەس بێتە ناو وڵاتانی یەكێتی ئەوروپاوە جگە لەوانەی كە مافی مانەوەیان هەیە، ئەم لێدوانەی مێركل لەكاتێكدایە كە هاتوچۆی سەر سنورەكانی ئەڵمانیاو وڵاتانی دەوروبەری وەك نەمساو فەرەنساو لوكسمبورگ و دانیمارك و سویسرا سنورداركراوەو دەرفەتیش بۆ ئەوانەیە كە هۆكاری پێویستیان هەبێت، پێشتریش وەزارەتی دەروەی ئەڵمانیا ڕێنمایی و هۆشداریدایە هاوڵاتیانی سەفەر نەكەن بۆ دەرەوەی وڵات و بەپێویستی نازانن.
بەپێی ڕاپۆرتەكەی كەناڵی ZDF ، ئیتاڵیا یەكەمین زەرەرمەندی دەستی ڤایرۆسی كۆرۆنایەو نزیكەی 31 هەزار كەس بەو ڤایرۆسە توشبوون و زیاتر لە 2500 كەس گیانیان لەدەستداوە.
لەڕاپۆرتەكەدا ئەوەش هاتووە سەرەڕای ئەوەی ڕێژەی توشبوو بەو ڤایرۆسە لە وڵاتی چین بەرزبوو، بەڵام لەئێستادا بەشێوەیەكی بەرچاو كەمیكردووەو بەپێی سەرژمێریەكان لەكۆی 81 هەزارتوشبوو 68 هەزار كەسی لێ چارەسەركراوەو 3 هەزارو دووسەد كەسیش گیانیان لەدەستداوە، لەنوسینگەی ڕاوێژكاری ئەڵمانیا هیلگ براون بەناوی حكومەتی ئەڵمانیاوە داوایكرد هاوڵاتیان پەیوەندیە كۆمەڵایەتیەكانیان كەم كەنەوەو لەمیانەی بەرنامەیەكی كەناڵی ZDF وە ڕاشكاوانە وتی ڕەوشەكە مەترسیدارەو ژمارەی توشبوان ڕوو لەزیادبوونە وتیشی: ئەڵمانیا تائێستا بیر لەقەدەغەكردنی هاتوچۆ ناكاتەوە وەك ئەو وتی ئەوە بەجێ دێڵین بۆ ڕەوشەكە تا بزانین لە دووهەفتەی داهاتودا چی دەگوزەرێ، ئەوسا بەپێی پێویستیەكان مامەڵە دەكەین، بەڵام سەرەك وەزیرانی هەرێمی نۆرد ڕاین ڤێستڤاڵن بەدوری نازانێ  لەو هەرێمەدا هاتوچۆ قەدەغەبكرێت. وتیشی تائێستا كار لەسەر مانەوەی خەڵك دەكەین وەك دەرفەتێك لەماڵەكانی خۆیاندا ئەوەش یارمەتیمان ئەدات و ڕێنمایشمان داوە كەسەكان لەقسەكردن و ڕاوەستان لەیەكەوە دووربن.

مێركل: با هاوڵاتیانی ئەڵمانیا ترسیان لەكەمی پیداویستی نەبێت
ئەنگێلا مێركل ئێوارەی دوێنێ سێ شەممە لەوەڵامدانەوەی ئەو نیگەرانیانەدا كەهاوڵاتیان لەسەر ئەگەری كەمبونەوەی پێداویستی خۆراك و خزمەتگوزاری هەیان بوو، وتی: هاوڵاتیانی ئەڵمانی و دانیشتوانی ئەڵمانیا دڵنیا دەكەینەوەو هیچ نیگەرانیەكیان نەبێت و داوایكرد پابەند بن بەهۆشداریە فەرمیەكانەوەو وتیشی  نابێ بڕوا بەپروپاگەندەكان بكەن و وتیشی ئێمە هەموو تواناكانمان دەخەینە گەڕ تابەشێوەیەكی شەفافانە زانیاری نوێ بدەین ئەمەش چیتر نیگەرانی و ترس هەڵناگرێ.
شیهاب عوسمان- ئەڵمانیا

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو