فەرماندەیی گشتیی هێزی پێشمەرگە: دژی شەڕو خوێنڕشتنین و پەلاماردانیش قبوڵ ناكەین

  2017-10-13 12:28      384 جار بینراوە        کۆمێنت

فەرماندەیی گشتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی جموجۆڵی حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەکان بڵاوکردەوە و رایگەیاند كە ئێمە دژی شەڕو خوێنڕشتنین، بەڵام هەڕەشە و پەلاماردان و شەڕفرۆشتن قبوڵ ناكرێت.
ئەمڕۆ هەینی 13-10-2017، فەرماندەیی گشتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەبارەی دۆخی کەرکووک و جموجۆڵی هێزەکانی حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەکان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە دەدات "شەوی رابردوو هێزەكانی حەشدی شەعبی و هەندێك لە هێزەكانی سوپای عێراقی دەستیان بە جموجۆڵ و خۆئامادەكردن بۆ پەلاماردانی ناوچەكانی ژێر دەستەڵاتی پێشمەرگە بە تایبەت لە دەوروبەری كەركووك كردووە". 
فەرماندەیی گشتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان رایگەیاند "ئەو جموجۆڵە لەدوای هاندان و دەستلەپشتدانی بیانی و هەروەها لێدوانی هەڕەشەئامێزی چەند رۆژی رابردووی ژمارەیەك بەرپرسی سەربازیی و سیاسیی عێراقی دێت لەدژی گەلی كوردستان و ئاماژەی مەترسیداری هەڵگیرساندنی شەڕ و پەلاماردانی كوردستانی تێدایە".
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا فەرماندەیی گشتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئاگاداری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانان و رای گشتی دەکات و دەڵێت "ئەو دۆخە نالەبارە دەبێتە هۆی كارەساتی گەورە، ئێمە دژی شەڕ و خوێنڕشتنین، و لە روانگەی هەستكردن بەبەرپرسیارێتییەوە داوا لە حكومەتی بەغدا دەكەین لە جیاتی جوڵاندنی هێز و خۆسەپاندنی بەزۆر، بێت گفتوگۆ بكات و لەو رێگەیەوە گرفتەكان چارەسەر بكرێن، بەڵام هەڕەشە و پەلاماردان و شەڕفرۆشتن قبوڵ ناكرێت و چارەسەری هیچ گرفتێك ناكات و هێزی پێشمەرگە زۆر بە تووندی بەرگریی لە گەلی كوردستان دەكات و رێگە نادات بە زمانی چەك و خۆسەپاندنی بەزۆر، مامەڵە لەگەڵ كوردستاندا بكرێت".
فەرماندەیی گشتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەڵێت "پێویستە هەموو هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش لە ئامادەباشیی تەواودا بن بۆ بەرگریكردن لە گەل و خاكی كوردستان و بەرپەرچی هەموو جۆرە هەڕەشە و پەلامارێك بدەنەوە".

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو