رەفعەت عەبدوڵڵا بۆ كەركوكییەكان: لەڕێگای ئەم پرۆسەیەوە ئەوەتان نیشاندا، كە دەستبەرداری ناسنامەی كوردستانی بوونی شارەكە نابن

  2018-05-15 22:01      276 جار بینراوە        کۆمێنت
رەفعەت عەبدوڵڵا ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان

رەفعەت عەبدوڵڵا ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بروسكەیەكی پیرۆزبایی ئاراستەی خەڵكی كەركوك دەكات و رایدەگەیەنێت "ئێوە خەڵكی خۆڕاگری كەركوك لە ڕێگای ئەم پرۆسەیەوە ئەوەتان نیشانی تەواوی ئازادی خوازاندا، كە ئیرادەی كەركوكییەكان ئیرادەیەكی ئازاد و سەربەخۆیەو لە ژێر هیچ فشارێك و هیچ گرفتێكی ناڕاستدا، دەست بەرداری ناسنامەی كوردستانی بوونی شارەكە نابن و لە گەڵیشیدا بنەماكانی پێكەوەژیانێكی راستەقینەی دوور لە گرفتان، كردە ئەساسی هەنگاوەكانی داهاتوو".

ئەمەش دەقی بروسكەكەیە..

بۆ هاوڵاتیانی خۆشەویستی شاری كەركوك
ئەمەوێت بە بۆنەی سەركەوتنی هەڵبژاردنەكان و بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە بەشێوەیەكی هێمنانەو دوور لە گرفت، پیرۆزبایی گەرمی خۆمتان ئاراستە بكەم، ئێوە خەڵكی خۆڕاگری كەركوك لە ڕێگای ئەم پرۆسەیەوە ئەوەتان نیشانی تەواوی ئازادی خوازاندا، كە ئیرادەی كەركوكییەكان ئیرادەیەكی ئازاد و سەربەخۆیەو لەژێر هیچ فشارێك و هیچ گرفتێكی ناڕاستدا، دەست بەرداری ناسنامەی كوردستانی بوونی شارەكە نابن و لەگەڵیشیدا بنەماكانی پێكەوەژیانێكی راستەقینەی دوور لە گرفتان، كردە ئەساسی هەنگاوەكانی داهاتوو، ئێمە هەر لەسەرەتای بانگەشەوە  كاری هاوبەش و پێكەوەیی ئاشتیانەی نێوان پێكهاتەكان و ئەو سیاسەتەی كە مامی مەزن لە پانزە ساڵی ڕابردوودا دایڕشتبوو وەك نەخشە ڕێگای كارەكانی داهاتوومان كارمان لەسەركرد، سەرئەنجامیش هەر ئەم دید و تێڕوانینە توانی  سەركەوتنی گەورە لەڕێگای لیستی 162 وە بەدەست بهێنێت و پشتیوانی هەموو پێكهاتەكان بۆ خۆیی مسۆگەر بكات، دەنگەكانی ئەم لیستە ئەو دەنگانەن كە ژیانێكی مەدەنی و پێكەوە ژیانی  نێوان پێكهاتە رەسەنەكانی شارەكەی هەڵبژاردوە، بۆیە لە سەر هەمووان پێویستە لەدەرەوەی ئەم خیتابە هێمنە هیچ جۆرە خیتابێكی تر كاری پێنەكرێت،  ڕێگاش نەدەین هیچ سیاسەتێك پەیوەندی نێوان پێك هاتەكانی شارەكە بشێوێنێت، هاوڵاتیانی بەڕێز دڵنیاتان ئەكەین بۆ داهاتوو، كاری سەرەكیمان وەك یەكێتی پاراستنی سەنگی ڕاستەقینەی خۆمان ئەبێت و كورد و پێكهاتە رەسەنەكانی تری شارەكە خۆیان بڕیار لە چارەنوسی خۆیان ئەدەن، دەنگەكانتان ناسنامەی ژیانێكی مەدەنی و پەیامێكی روونیشە بۆ هەموو ئەو دەنگە نەشازانەی لەپێناوی مەرامی تەسكی حزبیدا سڵیان لەهیچ نەكردەوە بۆ ساردكردنەوەتان لە ڕۆژی دەنگداندا، بەڵام بڕوای نەگۆڕ و بەهێزتان بە ناسنامەی كوردستانی بوونی شارەكە تەواوی ئەو هەوڵانەی لەباربرد.
جارێكی تر لە ناخی دڵمەوە دەستی ماندووبونی یەكە بەیەكەتان ئەگوشم  و دڵسۆزی زۆرتان بۆ شارەكە بەرز ئەنرخێنم، بەڵین ئەدەین پارێزەری ماناو دەلالەتە زۆرەكانی پشت دەنگدانتان بین و بیرو بۆچوونەكانی مامی گەورەشمان وەك هەمیشە ئەكەینە شاڕێ چارەسەربوونی كێشەكانی ئەم شارە، لەپێش هەموویانەوە مادەی 140 دەستوور، درود بۆ گیانی پاكی شەهیدەكانمان كە دڵنیام روحیان ئاسودەیەو بە سەر سەری شارەكەوە، سوپاس بۆ هەموو لایەك هەمووان بێ جیاوازی بوونە هۆكاری سەرەكی سەركەوتنی لیستەكەمان و ئیرادەی راستەقینەی شارەكەتان سەرخست.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو