یەكێتی: ئەوانەی لەكەركوك بایكۆتی هەڵبژاردنیان كرد خەریكی فیتنە نانەوەن

  2018-05-16 16:48      551 جار بینراوە        کۆمێنت

دوای راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و سەركەوتنی یەكێتی، وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند: جارێكی دیكە كەركوكییەكان بەدەنگەكانیان كوردستانی بوونی شارەكەیان سەلماندەوە، یەكێتیش بێمنەتە لەئەوەی هەژماركردنی دەنگەكان بكرێت، دەشڵێت: ئەوانەی لەكەركوك بەشداری هەڵبژاردنیان نەكرد دەیانەوێت فیتنە بنێنەوە.
سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لەدوای دەركەوتنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی رۆژی 12ی ئایار، هەڵمەتێكی زاڵمانە لەسەر یەكێتیی هەیە، لەكاتێكدا جگە لەهەرێمی كوردستان لەناوچەكانی دیكەی عیراقیش گلەیی لەسەر ئەنجەكانی هەڵبژاردن هەیە، بۆیە ئەگەر گلەیی هەیە رێگای راست و دروست كۆمسیۆنە كە لایەنەكان دەتوانن لەسەر بنەمای یاسای هەڵبژاردن سكاڵا تۆمار بكەن، وتیشی: لەم هەڵبژاردنەدا دەنگی یەكێتی لەناوچەكانی هەولێر، دهۆك، موسڵ بەبەراورد بەهەڵبژاردنەكانی پێشوو كەمیكردووە، هەموو ئەو هەوڵی تەزویرانەشی لەو ناوچانە دراوە لەڕێی سكاڵاوە پێشەكەشی كۆمسیۆنمان كردوەو چاوەڕێی وەڵامین و بەتەئكید ئەنجامیشی دەبێت.
وتەبێژی یەكێتی راشیگەیاند:یەكەمجار نییە یەكێتی دەنگ دەهێنێت، چونكە پێشتر یەكێتی خاوەنی 49 كورسی پەرلەمان بوو، دواتر هاتوەتە سەر 18 كورسی، بەڵام هیچ جارێك ئەو هەڵایەمان دروستنەكردووە، بەڵكو سكاڵا تۆماركراوە، وتیشی: یەكێتی بێمنەتە لەسەرتاسەری عیراق و ئەو جێگایانەی كە گلەیی لەشێوەی هەژماركردنی دەنگەكان هەیە با بكرێت، بەڵام ئەوەی جێی سەرسوڕمانە هەندێك لەو لایەنانەی كە بەشداری هەڵبژاردنی كەركوكیان نەكردوە، بۆ نانەوەی فیتنەو ئاژاوە دەیانەوێت لەكەركوك بارودۆخێك دروستبكەن.
پیرە روونیشیكردەوە، ئەوانەی خەون بەوەوە دەبینن كە لەڕێگای تێكبەردان و ناكۆكی لەنێوان پێكهاتەكانی كەركوك پێگەی خۆیان بەهێز بكەن كارێكی خراپەو یەكێتیش نەخەوتووە، بەڵكو یەكێتی دەیەوێت رایەتی نێوان پێكهاتەكانی كەركوك بپارێزێت.
وتەبێژی یەكێتی تەئكیدی لەسەر ئەوەشكردەوە كە كەركوكییەكان بەدەنگەكانی خۆیان جارێكی دیكە توانیان كوردستانی بوونی كەركوك بسەلمێنن.
 لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراقیشەوە، رایگەیاند: لەگەڵ پارتی و لایەن سیاسیەكانی دیكە گفتوگۆ دەكەین بۆ چۆنیەتی یەكخستنی بەرنامەكانمان و شێوەی گفتوگۆمان لەگەڵ بەغدا، چونكە تا ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن نەكرێت ناتوانرێت گفتوگۆو چۆنیەتی بەشداریكردن لەحكومەتی عیراق دەستپێبكرێت.
باسی لەوەشكرد، پۆستی سەرۆك كۆماری داهاتووی عیراق دەبێت بۆ كورد بێت، لەناو كوردیشدا پشكی هێزێكی گەورە دەبێت.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو