حاكم قادر: پەیامێكی سوپاسگوزاریی ئاراستەی سەرجەم چین و توێژەكان دەكات

  2018-05-16 18:25      130 جار بینراوە        کۆمێنت

بەبۆنەی تەواوبوون و راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقن حاكم قادر ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پەیامێكی سوپاسگوزاری ئاراستەی سەرجەم چین و توێژەكان و دەنگدەران و لایەنگرانی یەكێتی دەكات.
دەقی پەیامەكەی حاكم قادر...
بەڕێزان...
لەم كاتە پڕ جۆش و خرۆشەی كە پێكەوە بەبۆنەی سەركەوتنی لیستی شەهیدان ، لیستی (162)ی یەكێتییەوە ئاهەنگی سەركەوتن دەگێڕین،  لەم بۆنە شارستانییە جەژن ئاسایەداو پێشتریش لەوادەی بانگەشەی هەڵبژاردندا كە بەشێوەیەكی زۆر ئارام و ئاشتەوایی لەماوەی نزیك لەمانگێك ماندوونەناسانە لەسەرجەم شارۆچكەكانی كوردستان و سنووری پارێزگای سلێمانی بەگشتی و لەشاری زیندووی سلێمانی بەتایبەتی، شاری بەیەكگەیشتن وتێگەیشتن، شارێك كە بۆ ئەم هەڵبژاردنە چەقی ململانێكان و زۆرترین قورسایی لەم پرسەدا لەئەستۆ بوو، بەگیانێكی یەكێتی یانەوە، زۆر بەشێوازێكی هێمنانەو دوور لەپەیڕەوكردنی دیاردە ناشارستانییەكان، كەرنەڤاڵی وادەی دیاریكراوی بانگەشەتان ئاوێتەی سەركەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن كردو شارستانیانە بەووتنەوەی سرودی مەشخەڵان سندوقەكانی دەنگدانتان كردە بەهاری هەمیشەیی.                                                                                           
هەر بۆیە بەم بۆنەیەوە بەختەوەر دەبین، لەم ڕۆژە مێژووییە سەوزپۆشەی نیشتماندا وێڕای پیرۆزبایی لەتەواوی خەڵكی تێكۆشەرو دیموكراسخوازی گەلەكەمان ، سوپاس وستایشی 
كەسوكارو خانەوادەی رووسووری شەهیدان ، سەربەرزان كەسوكارو بەجێماوان لەكاروانی ڕووەو مەرگی پرۆسەی ئەنفال، پێشمەرگە قارەمانەكان، زیندانیانی سیاسی، پیشمەرگەو ڕێكخستنە دێرینەكان، مامۆستایانی سەربڵند، فەرمانبەران، مامۆستایانی ئایینی و كەسایەتییە ناودارەكان، كرێَكاران و جوتیاران، هاووڵاتیان و كاسبكاران، پزیشك و ئەندازیاران، خوێنكاران، پیاوان وژنان، گەنجان، كوڕان و كچان، كەمئەندامانی سەنگەرو كەمئەندامان و خاوەن پێداویستی تایبەت، دۆستان و لایەنگران، ئەندامان و جەماوەری سەربڵندی سەوزی یەكێتی بكەم، كەتوانیتان لەم خەباتە شارستانییەشدا سەروەرییەك و پێشەنگییەكی دیكە تۆماربكەن.
هەروەها بەپێویستی دەزانم سوپاسی سەرجەم دەزگاكانی میدیایی كوردستان بەگشتی و دەزگاكانی بینراو بیستراو رۆژنامەكانی یەكێتی بەتایبەت (تەلەفزیۆنی گەلی كوردستانی نۆبەرەی تەلەفزیۆنی كوردی، هەردووكەناڵی كوردسات و خاك، رۆژنامەی ئازیزی كوردستانی نوێ‌، ئێزگەی زوڵاڵی دەنگی گەلی كوردستان، كەناڵەكانی كەركوك، بادینان و كەناڵە لۆكاڵییەكان ) كەتوانیان بەرپرسانە سات بەساتی قۆناغەكانی وادەی بانگەشەو ڕۆژانی دەنگدانی تایبەت و گشتی یان لەسەرجەم شاروشارۆچكەو وێستگەكان ڕاستەوخۆ گواستەوە.
هەر لەم بۆنەیەدا زۆر سوپاسی كارمەندانی دەزگا پەیوەندیدارەكانی ناوخۆو پاراستنی ئاسایش  (پێشمەرگە ، هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ) بكەم كەتوانیان زۆر بوێرانە ئارامی و سەقامگیری دەستەبەر بكەن.
سوپاس بۆ كاریگەریی ئامۆژگارییە بەسودەكانی سەرمینبەری مامۆستایانی ئاینی.
لەكۆتاییشدا بەپێویستی دەزانم بەر لەسوپاسكردنی یەكە بەیەكەی هەڤاڵانی یەكێتی بەگشتی و ئەندامان ودۆستان و لایەنگرانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كەبوێرانە یەكێتی ئاسا بەدەنگەكانیان سندوقەكانیان سەوز پۆشكرد، هەربۆیە دڵنیاتان دەكەینەوە پێكەوە دەست لەناودەست بەرگێكی نوێ‌ بكەین بەبەر یەكێتی یەكەمان و بە بەرنامەیەكی نوێی هاوچەرخ، بەبیری نوێ‌ بۆ ئایندەیەكی ڕۆشن ڕۆحی بەرزەفڕی شەهیدانمان شادو ئاسوودەبكەین .                                                                                      
هەروەك بەجەماوەرو دەنگدەرانی ئازیزمان رادەگەیەنین لەسەر ئامۆژگاری و رێنماییەكان بۆ بەدەستهێنانەوەی مافە زەوتكراوەكانی گەلەكەمان وێڕای پاراستنی یەكڕیزی گەلەكەمان بەپێی خاڵ بەخاڵ كارنامەی لیستی (162)جێبەجێ‌ بكەین .                      
 هەر شادو سەربەرزو سەركەوتووبن...
حاكم قادرحەمەجان                             
ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان          
لێپرسراوی مەڵبەندی رێكخستنی سلێمانی 
                       

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو