كۆمسیۆن دوا بڕیار لەسەر ئەژماركردنەوەی دەنگەكان دەدات

  2018-05-16 20:48      776 جار بینراوە        کۆمێنت

كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عیراق رایگەیاند: ئەو ئامێرانەی دەنگیان پێدراوە بەهیچ شێوەیەكی دەستكاری ناكرێن و بەپێویستیشی نازانن جارێكی دیكە دەنگەكان بەدەست هەژمار بكرێنەوە.
ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئەو ئامێرانەی لەدەنگداندا كاریان پێكراوە زۆر پێشكەوتوون و بەهیچ شێوەیەك رێگە بەدەستێوەردان نادەن و سیستمی ئەلیكترۆنی دەنگدان هەموو رێگاكانی ساختەكاریی و دروستكردنی كاریگەری لەسەر دەنگدەران بڕیوە، وتیشی: لەدوو رۆژی داهاتوودا ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكان رادەگەیەنرێت و لایەنەكانیش دەتوانن تانە لەسەر ئەنجامەكان بدەن.
روونیشیانكردەوە، وەك كۆمسیۆن  90%ی ئەنجامەكانمان راگەیاندوەو 186 وێستگەش ماوە كە هێشتا ئەنجامەكانیان راوەنە نەكراوەو لەو ژمارەیەش 36 یان لەداقوقە.
ئەوەشیان خستەڕوو، ژمارەیەك لەفەرمانبەرانی كۆمسیۆن لەلایەن چەند لایەنێكەوە هەڕەشەی كوشتنیان لێكراوەو داواشیان لەدەزگا ئەمنییەكان كرد ژیانی كارمەندانی كۆمسیۆن بپارێزن.
لەبارەی هەژماركردنەوەی دەنگەكانیشەوە، رایانگەیاند: وەك كۆمسیۆن بەپێی یاسای هەڵبژاردن كارمانكردووەو پابەندكراوین كە دەبێت هەڵبژاردنەكە بەسیستمی ئەلیتكرۆنی بێت، بۆیە هیچ پاساوێك نییە كە داوا لەكۆمسیۆن بكات ئەنجامەكان بەدەست هەژماربكاتەوەو ئەنجومەنی كۆمسیارانیش بەپێویستی نازانێت كەجارێكی دیكە ئەنجامەكان بەدەست هەژمار بكرێنەوە، چونكە پرۆسەی هەڵبژاردن كێشەی بۆ دروستدەبێت و كاریگەریی نەرێنی لەسەر پرۆسەی سیاسی دەبێت.
هەر لەكۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆن تەئكیدیشیان لەسەر ئەوەكردەوە ئەو ئەنجامانەی تێبینیان لەسەرە ژمارەیان دوو هەزار بنكەیە، بۆیە لەناوەندی بەغدا ئەنجامە ئەلیكترۆنییەكەو ئەوەی لەناو سندوقەكەدا هاوتا كراوەو چاودێرانی لایەنە سیاسییەكانیش با زانیارییەكان روونبكەنەوە.
ئەوەشیان وت: ئێمە لەو فشارانە تێدەگەین كە لەسەر ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران هەیە، بەتایبەت لەسەر دكتۆر سەعید كاكەیی لەلایەن لایەنێكی دیاریكراوی سیاسییەوەو زانیاری تەواویشیمان لەوبارەیەوە هەیەو لایەنەكەش ناسراوە.
ئەوەشیان رایگەیاند: وەك كۆمسیۆن پارێزگاری لەو زانیارییانە دەكەین كە رامانگەیاندوەو داومانەتە سەرۆك وەزیران تا رێوشوێنی تایبەتی خۆی بگرێتەبەر.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو