ئه‌ڵمانیا: له‌2017 تێچووی په‌نابه‌ران 21 ملیار یۆرۆ بووه‌

  2018-05-17 10:05      137 جار بینراوە        کۆمێنت

ڕۆژنامەی هاندسبلات-ی ئەڵمانی رایدەگەیەنێت: پڕی پارەی تێچووی پەنابەران لەسەر حکومەتی ئەڵمانی لە 2017 دا 21 ملیار یۆرۆ بووە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی هاندسبلاتی ئەڵمانی  کەڕۆژی 16ی ئایاری 2018 بڵاویکردۆتەوە لەساڵی 2017دا خەرجی و تێچووی پەنابەران 21 ملیار یۆرۆ بووەو شەش ملیارو شەش سەد ملیۆن یۆرۆش لەو پارەیە چووە بۆ هەرێمە فیدراڵیەکان، بەبێ ئەوەی هیچ یەکێک لەو هەرێمانە بەو بڕە پارەیە ڕازیبووبن، بەڵام وەزیری دارایی فیدراڵی داوای هەرێمەکانی بۆ بودجەی زیاتر ڕەتکردۆتەوە.
بەهۆی سیاسەتی کۆچبەران و ئەرکی مادی قورسی پەنابەرانەوە ئەڵمانیا ناچاربووە داوای هاوکاری لەوڵاتانی دیكەی ئەوروپی بکات، ئەمە لەکاتێکدا کەئەڵمانیا شەش ملیار یۆرۆی داوە بەوڵاتان لەپێناوی حەوانەوەو داڵدەدانی پەنابەراندا.
بڕیاریشە ئەمڕۆ 17ی ئایار لەدیوانی ڕاوێژکاری لەکۆشکی بلفیو لەبەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا وەزیری دارایی فیدراڵی لاولاف شولتس و سەرۆکی کۆمیسیۆنی پارتی یەکێتی کریستیان دیموکراتەکان لەگەڵ گەورە بەرپرسانی وڵاتانی دراوسێی ئەڵمانیا بۆ قسەکردن لەسەر قەیرانی پەنابەران کۆببنەوە.
ڕۆژنامەکە نوسیویەتی: بەهۆی ئەم ئەرکە مادییە قورسەی پەنابەرانەوە کەلەسەر ئەڵمانیایە بەپێی ئەو پلانەی کەهەرێمە فیدراڵیەکان دایانناوە ئەو پارەیەی تەرخانکراوە ناتوانن بەباشی فریای سەرپەرشتی و هاوکاری کۆمەڵایەتی بۆ تێکەڵکردن و ئاوێتەکردنی پەنابەران بەکۆمەڵگەی ئەڵمانی بکەون، چونکە پشکی زۆری ئەو پارەیە تەرخانکراوە بۆ رووبەڕوبونەوەی هۆکارەکانی کۆچ و کۆچبەری.
ڕۆژنامەکە پشتی بەستووە بەڕەشنووسی تێچووی ساڵانەی پەنابەران و تیکەڵاوبوون کەساڵانە وەزارەتی دارایی ئەڵمانی ئامادەی دەکات و بڕیاریشە لەکۆبوونەوەی کۆتایی ئەم مانگەی حکومەتی ئەڵمانیدا ڕاپۆرتەکە بخرێتە بەرنامەی کاری متمانە پێکراوەوە.
لەڕاپۆرتەکەدا هاتووە حکومەتی ئەڵمانی 14,2 ملیار یۆرۆی تەرخانکردووە بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی هۆکارەکانی کۆچبەری و ئەم پارەیەش لەلایەن وەزارەتەکانی گەشەپێدان و دەرەوە تەرخانکراوە بەشی دووەمی ئەو پارەیەش 6,6 ملیار یۆرو بوە کەبۆ هەرێمە فیدرالییەکان و شارەوانییەکان بووە بەمەبەستی ئاوێتە بوون و تێکڵاوبوونی پەنابەران بەکۆمەڵگەی ئەڵمانی و خزمەتگوزارییەکانیان تەرخانکراوە بەتایبەتی بۆ فراوانکردنی بواری سەرپەرشتی مندالان و جێگیرکردنی خێزان.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو