كۆسرەت ڕەسول: ڕاگەیاندنی یەكێتی لەشاخ و شار پێشەنگ بووە

  2020-03-19 14:02      158 جار بینراوە        کۆمێنت

سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەبۆنەی یادی 41 ساڵەی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی گەلی كوردستانەوە بروسكەیەكی پیرۆزبایی ئاڕاستەی ستافی ئێزگەكە دەكات. ئەمە دەقەكەیەتی...
‎بەڕێزان: بەڕێوەبەرو كارمەندانی ڕادیۆی دەنگی گەلی كوردستان
‎41 ساڵەی دامەزراندنی ڕادیۆی دەنگی گەلی كوردستان لەئێوەو تەواوی كوردستانیان و پێشمەرگە قارەمانەكان و تێكۆشەرانی كوردستان پیرۆز دەكەم و ئومێدەوارم هەمیشە لەپێشكەوتنی بەردەوامدا بن.
‎هەمیشەو لە هەموو چركەساتێك، هەركاتێك گوێمان لە ڕادیۆی دەنگی گەلی كوردستان بێ دەمانباتەوە بۆ ڕۆژانی ڕابردووی خەباتی گەلی كورد، ئەو ڕۆژانەی پێشمەرگە قارەمانەكان لە شاخە سەربەرزەكانی كوردستانەوە بەرەنگاری ڕژێمی بەعس دەبوونەوەو لەئێزگەی دەنگی گەلی كوردستانەوە مژدەی سەركەوتنی بە كوردستانیان ڕادەگەیەنرا. 
‎گرنگتر لە هەموو ئەمانە، ئێزگەی دەنگی گەلی كوردستان دەنگی ڕاستەقینەو هەڵگیرسێنەری ڕاپەڕینی خەڵكی كوردستان بوو لە بەهاری ١٩٩١ و ڕاوەدونانی یەكجاری بەعس لەكوردستان.
‎چوار دەیەی ڕابردووی كاركردن و بەردەوامی ئێزگەی دەنگی گەلی كوردستان خەرمانی لەبن نەهاتووی كاركردنی دەیان و سەدان كادیری دڵسۆزو بەتوانای ڕاگەیاندنن كە پێویستە ڕێز لە ماندووبوون و شەونخونیان بگرین و پشتیوانی بەردەوامیان بین بۆ پێشكەوتنی زیاتر.
‎لە چل و یەكەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی گەلی كوردستان وێڕای دووبارە پیرۆزباییم لە بەڕێوەبەر و ستافە ماندوونەناسەكەی، دووپاتی دەكەمەوە وەك چۆن لە ڕابردوودا ڕاگەیاندنی یەكێتی لەشاخ و شار پێشەنگ بوونە، دەبێ بۆ لەمەودواش بەگڕوتینی زیاترەوە كاربكەین تا ڕاگەیاندنی یەكێتیی بكەینەوە پێشەنگی ڕاگەیاندنەكانی كوردستان و دەنگی ڕاستەقینەی سەرجەم كوردستانیان.
‎كۆسرەت ڕەسول عەلی
‎سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی
‎یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو