كۆسرەت ڕەسول پیرۆزبایی سەری ساڵی تازەی كوردی و جەژنی نەورۆز لە گەلی كوردستان دەكات

  2020-03-20 14:12      76 جار بینراوە        کۆمێنت
‎كۆسرەت ڕەسول عەلی

كۆسرەت رەسول ‎سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەورۆزو سەری ساڵی تازەی كوردی، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و پێشمەرگە قارەمانەكان و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان دەكات و هیواخوازە ساڵی تازەی كوردی ساڵی بەدیهاتنی خەونەكانی گەلەكەمان و یەكڕیزی و تەبایی نێوان لایەنە سیاسییەكان بێ.

دەقی پیرۆزباییەكە: 

‎بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەورۆزو سەری ساڵی تازەی كوردی، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و پێشمەرگە قارەمانەكان و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان دەكەم و هیواخوازم ساڵی تازەی كوردی ساڵی بەدیهاتنی خەونەكانی گەلەكەمان و یەكڕیزی و تەبایی نێوان لایەنە سیاسییەكان بێ لەپێناو بەدیهاتنی ئامانجەكانی گەلەكەمان.
‎سەری ساڵی تازەی كوردی و جەژنی نەورۆز، هاوكاتە لەگەڵ یادی ڕزگاركردنی كەركووك لە بەهاری ١٩٩١، ئەو ڕۆژەی شەرەفی سەرپەرشتی ڕزگاركردنی كەركووكمان پێ براو توانیمان كەركووكی كوردستانی لەژێر چنگی بەعسی داگیركەر ڕزگار بكەین، ئەمڕۆش دوای تێپەڕبوونی ٢٩ ساڵ بەسەر ئازادكردنی شارەكە جەخت لە كوردستانیبوونی شارەكە دەكەینەوەو دەبێ حكومەتی تازەی عێراق بەفیعلی هەنگاوبنێ بۆ جێبەجێكردنی مادەی ١٤٠ی دەستووری عێراق.

‎كوردستانیانی خۆشەویست...
‎هاتنەوەی سەری ساڵی تازەی كوردی و جەژنی نەورۆزی ئەمساڵ، هاوكاتی دۆخێكی سەخت و نەخوازراوە، لەلایەك بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆڕۆناو ئەو دۆخە سەختە ئابوورییەی خەریكە بەرەوڕووی هەرێمی كوردستان و عێراق دەبێتەوە، لەلایەكی تر پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراقی، كە هەموو ئەمانە پێویستی بە یەكڕیزی و یەكگرتوویی و یەكگوتاری كورد هەیەو پێویستە هەموومان لەئاست بەرپرسیاریەتی دۆخەكە بین و بەرژەوەندی گەلەكەمان پێش بەرژەوەندییە حزبی و كەسییەكان بخەین، هاوكات ئەركە لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرنامەیەكی تێروتەسەلی هەبێ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەرجەم ئەو قەیرانانەی بەرۆكی گەلەكەمانیان گرتووە لەپێناو بەرژەوەندی باڵای گەلەكەمان.
‎ئەم یادە پیرۆزە بە دەرفەت دەزانم سوپاس و پێزانینی تایبەتی خۆم ئاراستەی پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی و تیمە تەندروستییەكان و هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش دەكەم، كە ماندوونەناسانە ئەركەكانی خۆیان جێبەجێ دەكەن، هاوكات داواكارم هاووڵاتیان بەردەوام بن لە خۆپارێزی، بە مەبەستی خۆپاراستن لە ڤایرۆسەكەو ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی.
‎جارێكی تر هاتنەوەی سەری ساڵی تازەی كوردی و جەژنی نەورۆز لەهەمووان پیرۆز دەكەم و دووپاتی دەكەمەوە كە خوێنی شەهیدان و خەباتی ڕابردووی گەلەكەمان ئەوەمان لێدەخوازێ یەكڕیزی نێوان لایەنە سیاسییەكان بپارێزین و ململانێكان بەلاوە بنێین.

‎كۆسرەت ڕەسول عەلی
‎سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو