پەیامی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە
"یەكێتیی نوێ، بەهای نوێبوونەوەی‌ كردۆتە‌ رێنمای خۆی و چاوەڕوانە هەزاران چرۆی نوێی لێ سەوز ببێت"

  2020-03-20 23:50      138 جار بینراوە        کۆمێنت
لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز لەخەڵكی كوردستان و هەموو گەلانی ئازادیخواز و نوێخواز دەكات و هەروەها پیرۆزبایی 29 ساڵەی ئازادكردنی كەركوكی قودسی كوردستانیش دەكات و دەڵێت "ئێمە بۆ چركەساتێك دۆخی سەپێنراو و نەخوازراوی كەركوكی دوای ریفراندۆممان فەرامۆش نەكردووە و بەڵێنتان پێدەدەین تا ئاساییكردنەوەی تەواوی كەركوك و ناوچە كوردستانییەكان، لە خەباتی سیاسی و دەستوری  بەردەوام دەبین.

دەقی پەیامەكە:

ساڵی نوێی كوردی و جەژنی نەورۆز لە كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و پزیشك و كارمەندانی ماندوونەناسی تەندروستی، هێزەكانی پێشمەرگە، ئاسایشی ناوخۆ، دامودەزگا خزمەتگوزارییەكان، راگەیاند‌نكاران، و هەموو گەلانی ئازادیخواز و نوێخواز پیرۆز بێت، كە نەورۆز و دەرفەتی نوێبوونەوە و بەهای دژایەتی ستەمكاران، بەرز رادەگرن. 

كوردستانیانی بەڕێز
لەم بۆنەیەدا، كە گەلەكەمان بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆس و پەتای كۆرۆنا و لێكەوتە ئابوری و كۆمەڵایەتییەكانی، دووچاری قەیران و ترس و دڵەڕاوكێ بووە، بە نیگەرانیی قووڵەوە چاودێریی دۆخی ناهەموواری ژیانی خێزانە كەمدەرامەتە سەربەرزەكان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان دەكەین. 
ئێمە لە ئەركی سەرشانمان بۆ كۆمەككردنی ئەو خوشك و برایانەمان راناوەستین، لەگەڵ ئەوەشدا داواكارین لە لایەنە پەیوەندارەكان، بەهانای ئەم چین و توێژە بەشخوراوانەی كۆمەڵگەوە بچن، تا ئەم ئازیزانەش بتوانن بێ هەستكردن بە گوشاری زیادە، رۆژانی سنورداریی هاتوچۆ و كەمبوونەوەی داهات، بە ئارامی تێپەڕێنن. داواكارین، حكومەتە خۆجێیەكان، ئۆرگانە حزبی و نیشتمانییەكان، و رێكخراوە مرۆڤدۆست و خێرخوازەكان بەهانای لێقەوماوان و هەژارانی كوردستانەوە بچن.
هەرچەندیش ئەمساڵ، بۆ خەڵك و خۆ پاراستن لە نەخۆشی، هەمووان پابەندن بە رێنماییەكان و‌ لە ماڵەكاندا دەمێننەوە، بەڵام هێشتا نەورۆز ئاگر و روناكییە و لەناخماندا زیندووە، و هێشتاش دەتوانێت ورە و وزەی خۆڕاگری و خەبات بۆ ژیانێكی باشتری سیاسی و ئابوری و تەندروستی بە هاونیشتمانیانمان ببەخشێت.

كەركوكییە قارەمانەكان
بەراورد بە گەل و لایەنی تر، بۆ ئێمە لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، نەورۆز تایبەتمەندیی گەورەی هەیە. لە درێژەی سەركەوتنەكانی شۆڕشی نوێی گەلەكەمان بە رابەرایەتی هەڤاڵ مام جەلال، بیست و نۆ ساڵ لەمەوبەر و، بۆ یەكەمجار لە مێژووی نوێی كوردستان دا، كەركوكی قودسی كوردستان راپەڕی و، لەسەر دەستی پارتیزان و شانەی چەكدار و رێكخستن و پێشمەرگەی قارەمانی یەكێتی، كەركوك لە بەعسی دڕ‌ندەی فاشیست پاككرایەوە و، لە رۆژی نەورۆزدا، ئازاد كرا. بۆیە جێی خۆیەتی، جەژنی نەورۆز و رزگاركردنی كەركوك، لە كەركوكییەكان و تێكۆشەرانی‌ پیرۆز بكەین و، یادی شەهید و قوربانییەكانی ئەم گەلە مەزنە بەرز رابگرین. 
ئێمە بۆ چركەساتێك دۆخی سەپێنراو و نەخوازراوی كەركوكی دوای ریفراندۆممان فەرامۆش نەكردووە و، بەڵێنتان پێدەدەین كە یەكێتی، تا ئاسایی كردنەوەی تەواوی كەركوك و ناوچە كوردستانییەكان، لە خەباتی سیاسی و دەستوری و هەر رێگەیەكی تریش بۆ یەكلایی كردنەوە، بەردەوام دەبێت.

یەكێتییە دڵسۆزەكان
لە ململانێی نێوان ئەفسانە و حەقیقەت دا، مێژووی نەورۆز، دوو بنەما لەخۆدەگرێت‌؛ نوێبوونەوە و خەبات دژی ستەمكاری.
نەورۆز پێمان دەڵێت كە تاریكی، كۆتایی دێت، خۆری نوێ هەڵدێت و، ئەوەی نوێ نەبێتەوە، ناژی. لێرەوە یەكێتیی نوێ، بەهای نوێبوونەوەی‌ كردۆتە‌ رێنمای خۆی و، لەسەر رەگ و ریشە قووڵ و كۆنەكان، چاوەڕوانە، هەزاران چرۆی نوێی لێ سەوز ببێت.
لە نەورۆزەوە ئەوەش فێربووین كە زوڵم و ستەم ناتوانن تا سەر بمێنن و، زوڵم لە ئەستووریدا دەپچڕێت. خەباتی نەپساوەی گەلەكەمان لە دژی زاڵمان و، ئەو ئازادییەی لەم رێبازەدا بەدەستهات،‌ دەریدەخا كە هەرگیز هەوڵ و قوربانیدان بەفیڕۆ ناچن و، دواجار ئامانجە باڵاكەی ئازادی و ژیان و كەرامەت دێنە كایەوە. ئێمەش لە یەكێتی، بەردەوام دەبین لە بەگژاچوونەوەی زوڵم و ستەمكاری. دڵنیاشین، بە پشتیوانیی خەڵكی ئازادیخواز، ئەو خەباتە سەردەكەوێت و، تاكڕەو و ستەمكارەكانیش، دەچنە ریزی دۆڕاوەكانی مێژوو و، شكستهێنانیان دەبێتە هاندەری چەوساوەكان بۆ راپەڕین و نوێكردنەوەی تر. 
ئێستا كە یادی نەورۆز دەكەینەوە، دروود و وەفا دەنێرین بۆ گیانی پاكی شەهیدان و، رۆحی بەرزەفڕی مام جەلال، سەركردەی بەگژاچوونەوەی زوڵم و ستەمكاری، كە هەموو تەمەنی خۆی لەپێناو دابینكردنی مافەكانی كورد و چەوساوەكان تەرخان كرد.
نەورۆزتان پیرۆز و بەهیوای تەندروستیی باش بۆ هەموو لایەك.

لاهور شێخ جەنگی
هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
نەورۆزی ساڵی ٢٧٢٠ی كوردی

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو