ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی هاوڵاتیان دڵنیا دەكاتەوە لەهەبوونی خۆراكی پێویست

  2020-03-22 17:17      100 جار بینراوە        کۆمێنت

ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی سەرجەم هاوڵاتیان لەهەرێمی كوردستان ئاگادار دەكاتەوە لەپێویستی مانەوەیان لەماڵەكانی خۆیاندا لەئێستادا، پەلە نەكەن لەكڕینی پێداویستییە خۆراكیەكان.
لەڕاگەیەندراوێكدا ژووری بازرگانی سلێمانی رایگەیاند "هەموو هاوڵاتیانی كوردستان دڵنیا دەكەینەوە كە خۆراك‌و هەموو پێداویستییە سەرەكیەكان لەتەواوی كۆگاكانی خۆراكدا دەستەبەرەو هیچ كەموكورتییەكمان نیە، لەدەروازەكانی ام قصر، بەندەر عەباس كاڵاو شتومەكی خۆراكی هەن‌و بەڕێوەن بۆ هەرێمی كوردستان، پەیوەندیمان بەنوسینگەی سەرۆك كۆماری عێراق-ەوە كردووە دەربارەی ئەو بارانەی لەبەندەری ام قصر بۆ ئەوەی بەزوترین كات بەڕێدەخرێن".
هەر لەرَِأگەیەندراوەكەدا هاتووە كە "ژووری بازرگانی و پیشەسازی ئاگادارتان دەكات لەوەی رۆژانە بەپێی ڕێنماییە تەندروستییەكان‌و پشكنین، دەیان كۆنتێنەر خۆراك دێتە شاری سلێمانی‌و دابەش دەكرێت بەسەر تەواوی هەرێم‌و عێراق".
بۆیە داوا لەسەرجەم هاوڵاتیان دەكەین لەماڵەكانی خۆیاندا بمێننەوەو پابەند بن بەرێنماییە تەندروستیەكان‌و لەماڵەكانیان نەیەنە دەرەوە. 
دەشڵێت: ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی‌و قایمقامیەتی سلێمانی سەرقاڵی دانانی میكانزمێكە بۆ چۆنیەتی گەیاندنی خۆراك‌و پێداویستی سەرەكی بۆ سەرجەم گەڕەكەكانی ناو شارو شارۆچكەكان، تا هاوڵاتیان خۆیان بپارێزین لەهاتنە دەرەوەو بەریەككەوتن، دڵنیاشتان دەكەینەوە هەموو جۆرە كاڵایەك لەكۆگاكاندا بوونی هەیە.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو