هاتووچۆی سلێمانی: هەركەسێك سەردانمان بكات سزا دەدرێت

  2020-03-23 11:26      249 جار بینراوە        کۆمێنت

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی داوا لە شۆفێران دەكات، بەهیچ جۆرێك بۆ وەرگرتنەوەی ئەو بەڵگەنامانەی لەكاتی سەرپێچیكردنیان لەبڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ لێیان وەرگیراوە سەردانیان نەكەن.
بەختیار ئەحمەد، لێپرسراوی كارگێڕی بەشی هاتووچۆی ناوشار لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە چوارچێوەی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ بۆ قەدەغەكردنی هاتووچۆ، دەستمان بەسەر ژمارەیەكی زۆر بەڵگەنامەی ساڵانەو مۆڵەتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل گرتووە، داواش لە شۆفێران دەكەین بەهیچ شێوەیەك سەردانمان نەكەن بۆ وەرگرتنەوەی بەڵگەنامەكانیان. 
ئاماژەی بەوەشكرد، هەر شۆفێرێك سەردانی هاتووچۆ بكات بۆ وەرگرتنەوەی بەڵگەنامەكانی، دەبێتە سەرپێچیكاری بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ، بۆیە بەدڵنیاییەوە رێكاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەرو سزا دەدرێت.
باسی لەوەشكرد، بەگوێرەی بڕیارەكەی وەزارەتی ناوخۆ، بۆ یەكەمجار كە دەست بەسەر مۆڵەت یان ساڵانەی ئۆتۆمبێل دەگیرێت بڕی 100 هەزار دینار غەرامە لەكەسی سەرپێچیكار وەردەگیرێت، لەكاتی دوبارەبوونەوەی سەرپێچیەكەشدا بڕی 300 هەزار دینار غەرامە وەردەگیرێت و دەستیش بەسەر ئۆتۆمبێلەكەدا دەگیرێت.
ئەمە لە كاتێكدایە،پێشتر وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم بڕیاریدابوو، قەدەغەكردنی هاتووچۆ تا 23ی ئەم مانگە درێژبكاتەوە، بەڵام دوێنێ یەكشەممە ئەو بڕیارەی تا یەكی نیسانی ئەمساڵ درێژكردەوە.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو