لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی چەند بڕیارێكی نوێی دەركرد

  2020-03-23 20:14      515 جار بینراوە        کۆمێنت

لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ رێگریكردن لەبڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناو ژمارەیەك بڕیار دەردەكات، 
ئەمڕۆ دووشەممە (23/3/2020) لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی گشتاندنێك ئاراستەی سەرجەم یەکە کارگێڕی و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی دەكات، كەهەموو کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لەهەموو دامودەزگاکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و یەکە کارگێڕییەکاندا قەدەغەیەو پێویستە لێدوان و راگەیاندن و پەیامەکان لەڕێی ڕاگەیەندراوی نووسراوەوە بڵاوبکرێنەوەو لەکاتی زۆر پێویستیشدا، (بەپێی ڕێکەوتنی کەناڵەکان ) لەلایەن کەناڵی کوردساتەوە راستەوخۆ بۆ هەموو کەناڵەکان (بەبێ لۆگۆ) دەگوێزرێتەوە.
لەگشتاندنەكەشدا هاتووە: لەسبەینێ (٢٤/ ٣/ ٢٠٢٠)ەوە، بازاڕی دراوی سلێمانی بۆ حەواڵەکردن دەکرێتەوە لەسەعات (١١)ی بەیانی بۆ سەعات (٣)ی پاش نیوەڕۆ، بەپێی ئەو بەرنامەیەی لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە دیاریکراوە.
گشتاندنەكە ئەوەشی تێدا هاتووە: دوای رەزامەندی نووسراوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵ و ئاودێری پارێزگای سلێمانی، هەفتانە ماوەی (٤٨) سەعاتی بەردەوام، دەدرێت بەهەر خاوەنی کێڵگەیەکی پلاستیکی کە ئێستا لەکاردا بێت بۆ گواستنەوەو چاندنی شەتڵەکانیان و بەپێی پلان و رەزامەندیی نووسراوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵ و ئاودێری پارێزگای سلێمانی، رۆژانی سێشەممەو پێنجشەممەی هەر هەفتەیەک لەسەعات (١١)ی بەیانی بۆ (٣)ی پاشنیوەڕۆ، بەپێی لیستی دیاریکراو رێگا بەکردنەوەی کۆمپانیاو نووسینگە کشتوکاڵییەکان دەدرێت بەشێوەی دلیڤەری پێداویستییەکان بگەیەننە کێڵگەکان.
لەكۆتایی گشتاندنەكەی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانیدا ئاماژە بۆ ئەوە كراوە، جوڵەی بازرگانیی لەدەروازە نێودەوڵەتییەکانەوە بەردەوامدەبێت و پرۆسەی دابەشکردنی خۆراک و پێداویستییەکان بەسەر مارکێت و دوکانەکاندا بەپێی ڕێنماییەکانی پێشوو بەردەوامدەبێت و چاودێری وردی نرخ و کوالێتی و قەبارەی خستنەڕوویان دەکرێت لەلایەن لیژنەی قائیمقامیەتی یەکە کارگێڕییەکانەوەو سەرپێچیکار سزا دەدرێت.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو