ڕوونكردنەوەیەك لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانییەوە

  2020-03-24 15:46      207 جار بینراوە        کۆمێنت

لەكاتێكدا هەرێمەكەمان بە بارودۆخێكی دژواری ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دا تێپەڕدەبێت، بەداخەوە كەسانێكی نابەرپرس و هەندێك پەیج و ناوەندی میدیایی بەردەوامن لە بڵاوكردنەوەی هەواڵی ناڕاست و چەواشەكاری كە بوونەتە سەرچاوەیەكی خراپ بۆ دروستكردن و بڵاوكردنەوەی ترس و دڵە ڕاوكێ لای هاونیشتمانیانمان .

 لێرەدا بۆی ڕای گشتی ڕادەگەیەین كە سەر لەسەرەتایی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنـــاوە لە سۆنگی هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی و بۆ پاراستنی ئاسایشی تەندروستی هاونیشتمانیانمان فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بەهەمەئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی یەكەم هەنگاوی نا بۆ دروستكردنی كەرەنتینە لە هەرێمی كوردستان و عێراقدا و لە 29/1/2020 ‌دەستپێشخەری كرد كە ناو فڕۆكەخانەدا بینایەكی ئامادەكرد تایبەت بەكەرەنتینەكردنی ئەو هاوڵاتیانەی كە لەووڵاتی (چین) ەوە دەگەڕانەوە، هەر ئەوكاتەش هەندێك لەو ناوەندی میدیایانەی ئێستا، بەردەوام لە هەوڵی بڵاوكردنەوەی هەواڵی چەواشەكاریدابوون و ‌ گرنگی بابەتە‌كەیان بەشێوەیەكی تر پێوانە دەكرد .

ئەوەی لێرەدا مەبەستمانە زیاتر تیشكی بخەینه سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە ژێر بڕیار و بەیانەكانی لیژنەی باڵای ڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كاردەكات و هەر بڕیار و بەیانێك لە بەڕێزیانەوە دەرچووبێت دەستبەجێ لە فڕۆكەخانەدا جێ بەجێ كراوە ,‌ بەداخەوە دوێنێ 23/3/2020 لە ڕاگەیاندنی توشبوانی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستاندا یەكێك لە توشبووەكان دانیشتووی شارۆچكەی دەربەندیخانی ئازیزە، وێڕای دڵگرانیمان بە تووشبوونی ئەو هاونیشتمانی یە و تەواوی تووشبووانی تر  هیوای هەرچی زووتر چاكبوونەوەیان بۆ دەخوازین .

هاونیشتمانیانی ئازیز ئەو بەڕێزە لە 6/3/2020 لە ڕێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی یەوە گەڕاوەتەوە و لەلایەن تیمەكانی تەندروستی یەوە پشكنین بۆ ئەو و سەرجەم سەرنشینەكانی تری ناو فڕۆكەكە كراوه، وە لەو ڕێكەوتە‌دا هیچ فەرمانێكی لیژنەی باڵا نەبووە بۆ كەرەنتینەكردنی هەر هاوڵاتیەك كە لەووڵاتانی ئەوروپا وە دەگەڕانەوە، جگە لە وڵاتی ئیتاڵیا، وە ‌ ئەمە لەكاتێكدا كە تەواوی سەرنشینەكانی ناو فڕۆكەكە هیچ ئاماژەیەكی توشبوون بە ڤایرۆسیان نەبووە و فڕۆكەخانەش‌ بەبێ بوونی فەرمان ناتوانێت ڕێگری لە هیچ گەشتیارێك بكات كاتێك لە پشكنین دەردەچن و هیچ كێشەیەكیان نەبێت.
 
بۆیە لێرەوە دڵنیایی دەدەینە هەموولایەك ئەم هەواڵە ناڕاست و چەواشەكاریانە دوورن لە ڕاستی یەوە و وە هەموو ئەو پەلاماردانانە نــەك ساردمان ناكاتەوە بەڵكـــو تـــاوی زیاترمان دەدات بۆ خزمەتكردنی گشتی وە خۆشمان بەراوورد ناكەین بە هیچ شوێنێك و هیچ كەسیش بە دڵسۆز و خەمخۆرت نازانین، باشتریش وایە ئەو پەیج و ناوەندە میدیایانە ووردتر بڕوانن كە كەسێك ماڵی لە شووشەبێت ناكرێت بەرد بگرێتە شوێنی تر.

هاونیشتمانیانی ئازیز
ئێوە تەندروست باشبن و پابەندی ڕێنماییەكان بن، ئێمەش بەردەوام دەبین لە خزمەتكردنتان .

بەشی پەیوەندییەگشتیەكان و ڕاگەیاندنی 
فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی 
٢٠٢٠/٣/٢٤

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو