پێشمەرگە بۆ PUKNOW: بەرەكانی جەنگ ئارامن‌و پێشمەرگە لەئامادەباشیدان

  2017-10-15 10:29      435 جار بینراوە        کۆمێنت
ژمارەیەك لەپێشمەرگەكانی هێزی پشتیوانی دوو

چەند سەرچاوەیەكی هێزی پێشمەرگەی كوردستان رایانگەیاند رەوشی بەرەكانی جەنگ لەخوارووی كەركوك ئارامن‌و پێشمەرگە لەوپەڕی ئامادەباشیدان، بەدرێژایی شەوی رابردووش ژمارەیەكی زۆر لەگەنجانی كەركوك خۆبەخشانە لەبەرەكان‌و ناو شاری كەركوكدا لەئامادەباشیدابوون بۆ هەر ئەگەرێك.

رائید عەدنان حەبیب یاریدەدەری فەوجی یەكی لیوای 9ی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كە سەر بەوەزارەتی پێشمەگەیە، لەلێدوانێكدا بە PUKNOW ی راگەیاند: بەدرێژایی شەوی رابردوو هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەئامادەباشیدابوون، بەڵام هیچ جموجۆڵێكی سەربازی لەسنوورەكەمان رووینەداوە.

ئەو ئەفسەرەی هێزی پێشمەرگە كە ئەركی سەربازییان لەگووندەكانی خوارووی قەزای داقوقە، جەختیكردەوە لەو سنوورە هیچ هێزێكی حەشدی شەعبی یان سوپای عیراق جمۆجۆڵیان نەكردووە، وتیشی " ئێمە بەوپەڕی توانامانەوە ئامادەین بەرگری لەخاكی پیرۆزی كوردستان بكەین، ئەگەرچی خوازیاری ئەوە نین لەگەڵ هێزە عیراقییەكاندا رووبەڕوو ببینەوە، بەڵام لەپێناو پاراستنی خاكی كوردستاندا ئامادەی هەموو قوربانیدانێكین".

هاوكات رائید كامەران حاتەم لەهێزەكانی پشتیوانی دوو بە PUKNOW ی راگەیاند ئەوان لەئێستادا لەسنووری ناحیەكانی لەیلان‌و تازە دان‌و هیچ جموجۆلێكی نائاسایی رووینەداوە.

وتیشی هێزەكانی ئەوان بەهەموو پێداویستی‌و چەكێكی قورسەوە لەحاڵەتی ئامادەباشیدان، بەڵام خۆشبەختانە هیچ شتێك رووینەداوە وەكو پێشبینی دەكرا.

پێشتریش وەستا رەسوڵ فەرماندەی میحوەری چواری كەركوك بەرۆژنامەنووسانی راگەیاندبوو لە خواری كەركوك دۆخەكە ئارامەو یەك تەقەنەكراوە.

ئەوەش دوای ئەوەدێت، دوێنێ‌ دەنگۆی ئەوە بڵابووەوە كە رەنگە هێزە عیراقییەكان لەدوای كاتژمێر 2ی شەوی رابردووەوە بەئاراستەی سەنگەرەكانی پێشمەرگە بجوڵێن.

لەبەرانبەریشدا ژمارەیەكی زۆر لەگەنجانی كەركوك خۆبەخشانەو بەچەكی خۆیانەوە لەناو كەركوكدا لەئامادەباشیدابوون‌و هەندێكیشیان بەرەو بەرەكانی پێشەوەی جەنگ رۆیشتن.

ئامادەكردنی: فەریق حەبیب

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو