رۆناڵدۆش ریاڵ جێدەهێڵێت

  2018-06-07 14:14      94 جار بینراوە        کۆمێنت

گیێم بالاگی، شاره‌زا لەتۆپی پێی ئیسپانی، بەسكای سپۆرتسی راگەیاندووە: كریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ مانه‌وه‌ی و نوێكردنەوەی گرێبه‌سته‌كه‌ی ئێستای، كه‌ لەحوزه‌یرانی 2021 ته‌واو ده‌بێت، چه‌ند مه‌رجێكی مه‌حاڵی خستووه‌ته‌ به‌رده‌م كارگێڕی ریال مه‌دریده‌. 
بالاگی ده‌ڵێت: داواكاری سه‌ره‌كیی دۆن ئه‌وه‌یه‌، كارگێڕی ریال مه‌درید، ئه‌و بڕه‌ باجه‌ بدات كه‌ به‌سه‌ریدا سه‌پێنراوه‌، دوای ئه‌وه‌ی ده‌ركه‌وت كه‌وتووه‌ته‌ داوی خۆدزینه‌وه‌ له‌باج و شاردنه‌وه‌ی بڕی 40 ملیۆن یۆرۆ، له‌ماوه‌ی ساڵانی رابردوودا، سەرەڕای ئه‌وه‌ش، رۆناڵدۆ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رازی نییه‌، مووچه‌ی ساڵانه‌ی زۆر له‌وه‌ كه‌متر بێت، كه‌ نه‌یمار لەپاریس سانجێرمان و مێسی لەبەرشەلۆنە وه‌ریده‌گرن، ده‌شڵێت: رۆناڵدۆ سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی مووچه‌كه‌ی 45 ملیۆن یۆرۆ، یان كه‌مێك كه‌متر بێت. هه‌رچه‌نده‌ فلۆرنتینۆ پێرێز سه‌رۆكی یانە مەدریدییەكە ساڵێك پێش ئێستا، به‌ڵێنی به‌ كریستیانۆ دابوو، ئه‌و داواكاریانه‌ی بۆ جێبه‌جێ بكات، بەڵام ئێستا پێناچێت بەپه‌رۆش بێت، به‌ڵێنه‌كانی جێبەجێبكات.

بەپێی قسەكانی بالاگی، پێرێز ته‌نیا 33 ملیۆن یۆرۆی خستووه‌ته‌ به‌رده‌م دۆن، ئه‌ویش بەمه‌رجی به‌دیهێنانی چه‌ند ئامانجێكی دیاریكراو، وه‌ك پێشه‌وایه‌تیكردنی یانه‌كه‌ بۆ ده‌ستكه‌وتی زیاترو رۆڵ هه‌بوون لەتۆماركردنی ژماره‌یه‌ك گۆڵ، به‌شێوه‌ی راسته‌وخۆو ناڕاسته‌وخۆ.

كریستیانۆ ده‌ڕوات
جۆلیۆ پۆلیدۆ، رۆژنامه‌نووسی ئیسپانی، له‌باره‌ی رۆناڵدۆو ئاینده‌ی له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ قسه‌ی كرد، به‌تایبه‌تی دوای رۆیشتنی زه‌ینه‌دین زیدان لەپۆسته‌كه‌ی. 

جۆلیۆ پۆلیدۆ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووە، كریستیانۆ رۆناڵدۆ لەڕیزه‌كانی مێرینگی لەماوه‌ی داهاتوو به‌رده‌وامنابێت، به‌تایبه‌تی دوای رۆیشتنی زیدان. ده‌توانم بڵێم، كریستیانۆ رۆناڵدۆ، به‌دڵنیاییه‌وه‌ لەده‌ره‌وه‌ی ریال مه‌درید ده‌بێت، زیدان رۆژانه‌ داكۆكی لێده‌كرد، بەڕۆیشتنی ئه‌ویش پێشبینی ده‌كه‌م، دۆنیش بڕوات.
سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك لەڕیال مه‌دریدیش ئاشكرایكرد، رۆناڵدۆو پێرێز كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان كردووه‌و تێیدا رۆناڵدۆ داوای مووچه‌یه‌كی 40 ملیۆن یۆرۆیی كردووه‌ بۆ مانه‌وه‌ لەڕیال مه‌درید، به‌ڵام پێرێز  رازی نەبووە.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو