بافڵ تاڵەبانی و ئەنجومەنی ناوەندی جەخت لەیەكریزی كورد و بەستنی كۆنگرە دەكەنەوە

  2018-06-12 17:26      251 جار بینراوە        کۆمێنت
لایەنێك لەكۆبوونەوەكە

ئەمرۆ سێ شەممە 12-6-2018 هەڤاڵانی سكرتارییەت و لێپرسراوی كۆمسیۆنەكان و ژمارەیەك لە هەڤاڵانی ئەنجومەنی ناوەندی لەبارەگای ئەنجومەنی ناوەندی پێشوازییان لەبافڵ تاڵەبانی كرد.
سەرەتا هەڤاڵ زوبێر عوسمان جێگری سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی بەخێرهاتنی گەرمی بافڵ تاڵەبانی كرد و ڕۆڵی ئەنجومەنی ناوەندی بەهەماهەنگی لەگەڵ مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و سەرجەم ئۆرگانەكان لە هەڵمەتی هەڵبژاردن و پشتبەستوو بە كادیر و جەماوەری یەكێتی خستەروو، ئومێدی ئەوەشیخواست ئەو بارودۆخەی لەدوای راگەیاندنی ئەنجامەكانەوە هەتا ئێستا بەردەوامە كۆتایی پێبێت و بەدگومانی لایەنەكان بڕەوێتەوە.
وتیشی: ئەنجومەنی ناوەندی لەسەر هەمان سیاسەتی خۆی و بیر و فكری جەنابی مام جەلال و بەیەك تیم (هەڤاڵانی سكرتارییەت و لێپرسراوی كۆمسیۆنەكان و هەڤاڵانی ئەنجومەنی ناوەندی) كاردەكەین لەپێناوی پاراستنی یەكێتی ناو یەكێتی و پێشەنگ بوونی حزبەكەمان لە هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان و تاجی سەركەوتنەكەمان مسۆگەرە بە بەهەوڵ و هیمەتی هەموومان تواناكانمان چڕتر بكەینەوە بۆ بەستنی كۆنگرە و ئەنجامدانی گۆڕانكاری و چاكسازی كە خواست و ویستی سەرجەم كادیر و ئەندام و جەماوەرەكەمانە.
دواتر بافڵ تاڵەبانی سوپاسی سكرتارییەت و ئەنجومەنی ناوەندی كرد كە ماندونەناسانە كاردەكەن لەپێناوی پاراستنی یەكریزی نێو ماڵی یەكێتی و پێشەنگتر بوونی یەكێتی، وتیشی: هەروەك چۆن لەرابردوو لەمەولایش زیاتر هاوكار و هەماهەنگتان دەبم، كارو چالاكیەكانتان جێگەی شانازی و ستایشە، وتیشی: دڵخۆشم بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و بەهەوڵی بێ ووچانی هەمومان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا یەكێتی سەركەوتنی گەورە تۆمار دەكات و دەبێتەوە بەحزبی یەكەمی كوردستان، هاوتەریبی ئامادەكاریی بۆ هەڵبژاردنەكان هەموومان هەوڵەكان چڕتر دەكەینەوە كە لەپێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كۆنگرە ببەستین كە زامنی ئەو سەركەوتنە مەزنەیە كە لەپێشمانە.
وتیشی: بەدیلی كۆنگرە هەر كۆنگرەیە.
بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بۆ گۆڕانكاری و پێشهاتە سیاسییەكانی عیراق و دەستوەردانی وڵاتانی ئیقلیمی و جیهان لە ناوچەكە كرد وتی: پێویستە هەموو لایەنەكان درك بەمەترسییەكان و دۆخی هەستیاری ناوچەكە و عێراق و هەرێمی كوردستان بكەن، هۆكاری سەرەكی سەركەوتنەكانمان بەیەكریزی و یەك هەڵوێستی نێو ماڵی كورد دەبێ.
لەبەشێكیتری كۆبونەوەكەدا ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و هاتنە ئارای ئەو بارودۆخە نەخوازراوە تاووتوێكرا كە بەداخەوە هەندێك حزب و لایەن تەنها لەپێناوی بەرژەوەندی شەخسی و حزبی هاوكار و هەماهەنگی دوژمنان و نەیارانی كوردن بۆ رەتدكردنەوەی دەنگەكانی هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەكان كە خوێنی خۆیان بەخشی لەپێناوی پاراستنی خاك و خەڵكی كوردستان، لەبری بەرزنرخاندنی سیاسەت و هەڵوێستی یەكێتی لە پاراستنی یەكریزی و باجدانی هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتیمانیەكانی گەلەكۆمەكێ و هەڵمەتی چەواشەكاری و تۆمەت دەبەخشنەوە، یەكێتی وەك هەستكردن بەبەرپرسیارێتی هەتا ئێستا دانی بەخۆیدا گرتووە، بەردەوام بوونی ئەم سیاسەتە نەخوازراوە بەرامبەر یەكێتی قابیلی قبوڵكردن نیە.
دواتر هەڤاڵانی ئەنجومەنی ناوەندی راو سەرنجی خۆیان لەسەر بارودۆخی نێوخۆی یەكێتی و رۆڵی ئەنجومەنی ناوەندی كە هەڤاڵانی سكرتارییەت و لێپرسراوی كۆمسیۆنەكان و ئەندامانی ئەنجومەن بەیەك تیم كاردەكەن هەتا بەستنی كۆنگرە، هەروەها پێشنیار و راسپاردەكانیان بۆ پێشەنگ بوونی یەكێتی لە هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان خستەروو.
راگەیاندنی ئەنجومەنی ناوەندی

 

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو