مارتن وار: بەریتانیا خوازیارە كێشەو ململانێی سیاسی و تائیفی نەبێتە مایەی تێكدانی ئاشتەوایی

  2018-06-12 21:25      150 جار بینراوە        کۆمێنت
لایەنێك لەكۆبوونەوەكە

پێشنیوەرۆی ئەمڕۆ 12-6-2018 سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەكتەبی پەیوەندییە گشتییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەبارەگای نووسینگەی تایبەتی خۆی لەشاری هەولێر، پێشوازیكرد لە مارتن وار كونسولی گشتی شانشینی بەریتانیا لەھەرێمی كوردستان.
لە دیدارێكدا دوایین پێشھات و بارودۆخی سیاسی و سەربازی عیراق و كوردستان و ناوچەكە بەدرێژی گفتووگۆی لەبارەوە كرا، هەروەها بڕیارەكانی ئەم دواییەی پەرلەمانی عیراق سەبارەت بە دەرەنجامەكانی ھەلبژادنی پەرلەمانی عیراق و ئەگەرە چاوەروان كراوەكانی لێكەوتەی ئەو بڕیارانەی پەرلەمان تەوەرێكی تری دیدارەكەبوو.
پاشان سەعدی ئەحمەد پیرە، باری سەرنج و گوشەنیگا و تێروانینەكانی (ی.ن ك)ی سەبارەت بە دۆخی گشتی سیاسی عیراق و كوردستان و ناوچەكە بۆ وەفدی میوان خستەروو، رایگەیاند یەكێتیی لەگەڵ سەقامگیری سیاسی و ئەمنی ناوچەكە بەگشتی و عیراقە بەتایبەتی، ھاوكات لەگەڵ سەروەری یاساو پەیڕەوكردنی خاڵ و بەند و بڕگەكانی دەستووری ھەمیشەیی عیراقدایە كە تاكە سەرچاوە و بنەما و مەرجەعی یاسایی رێكخستنی كاروباری وڵاتە، داواشیكرد كە شانشینی بەریتانیا بە رۆڵ و پێگە گرنگەكەی خۆی لەسەر ئاستی نێودەڵەتی و ئیقلیمی بخاتە گەڕ بۆ زیاتر لەیەكتر نزیككردنەوەی لایەنەكان و چارەسەری كێشە و گرفتە سیاسییەكان.
لەبەرامبەریشدا كونسولی گشتی شانشینی بەریتانیا لەھەرێمی كوردستان رایگەیاند بەریتانیا خوازیارە كێشەو ململانێی سیاسی و تائیفی نەبێتە مایەی تێكدانی ئاشتەوایی و دروستكردنی نائارامی و ناسەقامگیری سیاسی، بەڵكو ھەموو لایەنەكان لەڕێگەی گفتووگۆ و لەیەكتر گەیشتن و رێزگرتن لەئیرادەی گەل و سەروەری یاساوە بە ئامانجی خزمەت گەیاندن بە گەلانی عیراق و بەیەكەوە ژیان كۆتایی بە كێشەكان بھێنن.
وتیشی: یەكگرتوویی ھێز و لایەنە سیاسییەكانی عیراق بەگشتی و كوردستان بەتایبەتی لەئێستاداو بەتایبەتیش لەسەروبەندی گفتووگۆی پێكھێنانی حكومەتی نوێی عیراق زۆر گرنگە بۆ رەسمی سیاسەتی ئایندەی عیراق و زامنی سەقامگیری و پاراستنی مافەكان.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو