كونسوڵی گشتی ئەمریكا بۆ مەلا بەختیار: یەكێتی لەهەوڵەكانی بەردەوامبێت بۆ هێنانەدی یەكڕیزی لایەنە كوردستانییەكان‌ و چارەسەركردنی كێشەكان

  2018-06-13 18:37      202 جار بینراوە        کۆمێنت

پاشنیوەرۆی ئەمرۆ (13/6/2018) مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی لەبارەگای مەكتەبی سیاسی لەسلێمانی پێشوازیكرد لە (كین گرۆس) كونسلی گشتی ئەمریكا لەهەرێم‌و وەفدێكی یاوەری.
لەدیدارێكدا مەلا بەختیار بارودۆخی كوردستان‌و عێراق‌و هەڵبژاردن‌و هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی نیشتمانی تەوافقی ‌و سیاسەتی لایەنەكان‌و گرنگی چارەسەركردنی كێشەكانی لەڕوانگەی سیاسەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە بۆ كونسلی ئەمریكا روونكردەوەو رایگەیاند: لامان گرنگە كورد بەشێك بێت لەچارەسەری كێشەكانی عێراق، لەسەر بنەمای رێسای هەڵبژاردن‌و دەستورو یاسا‌و دوا بڕیارەكانی دادگای دەستووری، وتیشی: بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌ لەگەڵ حكومەتێكین پێكهاتەكەی فراوانی ئاسۆیی بێت‌ و بۆ هەموو لایەنە سیاسیەكان‌و پێكهاتەكانی عێراق بێت، نەك حكومەتێكی ستوونی‌و مەركەزی‌و تایفەگەری.
لێپرسراوی دەستەی كارگێڕ جەختیشیكردەوە، كورد هەقی خۆیەتی ئیستحقاقی هەڵبژاردن‌و دەستووریی خۆی دەستەبەر بكات، ئەمەش نایەتەدی، بەبێ‌ بەشداری راستەقینە لەحكومەت ‌و جومگە سەرەكیەكان، وتیشی: وەك یەكێتی هەمیشە لەگەڵ یەكریزی لایەنە سیاسیەكانی كوردستانین، چوونی كورد بەیەكگرتوویی بۆ دانوستان لەبەغدا بەتایبەتی یەكێتی‌و پارتی بەگرنگ دەزانین.
كونسلی گشتی ئەمریكا لەگەڵ بەشی زۆری بۆچوونەكانی لێپرسراوی دەستەی كارگێڕو سیاسەتی یەكێتی هاوڕابوو، ئاماژەی بەوەدا، كورد بە یەكگرتوویی بچێتە بەغدا بۆ دانوستان، بەتایبەتی یەكێتی‌و پارتی. لەسەرەتاوە تاكۆتایی لەناو پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت بن و كونسلی ئەمریكا ستایشی چوونی وەفدی یەكێتی بۆ بەغدا كرد، هەروەها دەستپێشخەری چوون بۆ بەغدا بەیەكگرتوویی‌و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسیەكانی عێراق بە گرنگزانی و داواشیكرد، یەكێتی لەهەوڵەكانی بەردەوامبێت بۆ هێنانەدی یەكریزی لایەنە كوردستانییەكان‌و چارەسەركردنی كێشەكان، هەتا حكومەتێكی نیشتمانی فراوان پێكدێت.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو