مەكتەبی سیاسی یەكێتی: عەبدولرەزاق فەیلی زیاتر لەنیو سەدە لەسەنگەری رزگاری و دیموكراسی و عەدالەتخوازیدا بووە

  2018-06-14 09:56      192 جار بینراوە        کۆمێنت

مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی به‌یاننامه‌یه‌كی بۆ كۆچی داویی عه‌بدولڕه‌زاق فه‌یلی یه‌كێك له‌ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌رانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بڵاوكرده‌وه‌.
دەقی بەیاننامەكە... 
بەداخ و پەژارەیەكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی سەركردەو دامەزرێنەرێكی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان عەبدولرەزاق فەیلی رادەگەینین، 
گەلی ئازادیخوازی كوردستان
كەسوكاری شەهیدان
هاوسەنگەرانی سەرۆك مام جەلال
ئەی فەیلییە مەینەتبارەكان 
هەڤاڵانی یەكێتیی 
مەكتەبی سیاسی ی.ن.ك بەداخ و پەژارەیەكی قوڵەوە، بەخەم و كەسەرێكی ناخ هەژێنەوە هەواڵی كۆچی دوایی عەبدولرەزاق فەیلی یەكێكی دیكە لەدامەزرێنەرانی یەكێتیی، دوای كەمتر لەمانگێك لەكۆچی دوایی كاك عادل موراد فەیلی دامەزرێنەرێكی دیكەی یەكێتی كاكە رەزاقیش بەرەو جیهانی سەروەریی كوردستان و هەڤاڵ و هاوسەنگەرانی و گەلەكەی دڵە هەمیشە پڕ لەئومێدەكەی لەلێدان كەوت.
جەماوەری دڵسۆزی یەكێتی 
عەبدولرەزاق فەیلی لەناو چەوساندنەوەی نەتەوایەتی و سیاسەتی ستەمكاری بەرامبەر فەیلییەكان و پەروەردەی كۆڵنەدان بوو، لەشەستەكانەوە وەكو لاوێكی شۆڕشگێڕ ئەركی تێكۆشانی هەڵگرتووەو زیاتر لەنیو سەدە بۆ یەك رۆژیش پشووی نەداوەو هەردەم لەسەنگەری رزگاری و دیموكراسی و عەدالەت  خوازیدا بووە.
لەدامەزراندنی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە لەسەر دەستی شەهید شەهاب و بەهاورێیەتی شەهید ئارام  و رابەرایەتی مام جەلال رێبازی چەپی دیموكراسی گرتۆتەبەر، لەدوای خیانەتنامەی 6ی جەزائیریشەوە دەستبەجێ‌ خۆی دەگەیەنێتە سوریاو شانبەشانی سەرۆك مام جەلال دەبێتە یەكێك لەوەفادارترین تێكۆشەرانی یەكێتی، لەبواری رێكخستن، راگەیاندن و دیبلۆماسی چالاكی جەماوەری و هەڵمەتەكان دژی فاشییەكان پشووی نەداوە، كاك رەزاق كەسایەتییەكی هێمن، پاك، فیداكار، راستگۆ، دڵسۆز بۆ راێبازەكەی و رابەرەكەی و هاورێكانی بووە، دژی هەڵپەهەڵپ و هەڵپەرستی و خۆپەرستی هەمیشە یەكێتی ناو یەكێتی یەكڕیزی كوردایەتی و هاوهەڵوێستی دیموكراتی خوازان، ئامانجی دوور و نزیكی بووە .
بەداخەوە ئەو تێكۆشەرە دێرین و سەنگین و پڕاو پڕ لەئومێدە، ماوەیەك بوو دووچاری نەخۆشی ببوو، سەرەنجام هەر بەهۆی نەخۆشییەوە چاوی دوور لەكینەو چرای پڕ رووناكی ژیانی لێكناو كوردستان ئاوایی لەكورد و كوردستان و هاوسەنگەرەكانی كرد.
مەكتەبی سیاسی یەكێتی  لەكاتێكدا هەواڵی ئەم كۆسپە جەرگبڕە بەگەلەكەمان رادەگەیەنێت لەهەمانكاتدا پەیمان دووپاتدەكاتەوە كەوا یەكێتییەكەی مام جەلال و عەبدولرەزاق، وەكو فێرگەی رەوشتی بەرزی كوردایەتی و حزبایەتی و هاوڕێیایەتی لەویژدانماندا بەنەمریی دەمێننەوە.
سڵاو لەپاكی كاك رەزاق فەیلی.
هەزاران رەحمەت لەئارامگاكەی.
مەكتەبی سیاسی ی.ن.ك 
13/6/2018

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو