ژیاننامەی عەبدولڕەزاق فەیلی

  2018-06-14 10:42      324 جار بینراوە        کۆمێنت

لەدایکبووی ساڵی١٩٤٥ی شاری بەغدایەو یەكێك بووە لەئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
خوێندنی سەرەتایی لەخوێندگەیەکی فەیلییەکان و دواناوەندی لەخوێندنگەی قەشە یوسوعییە ئەمریکیەکان لەبەغدا تەواوکردووەو دواتریش لەزانکۆی حیکمە لەبەغدا ئەدەبیاتی ئینگلیزی خوێندووە.

ژیانی سیاسی عەبدولرەزاق فەیلی، لەساڵی ١٩٥٩دا دەستپێدەکات، کاتێک لەتەمەنی ١٤ ساڵیدا پەیوەندی بەرێکخستنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کردو بەھۆی بچووکیی تەمەنییەوە وەرگرتنی وەک ئەندام بۆ ساڵی ١٩٦١ دوا دەکەوێت. لەم سەربەندەدا وەک خوێندکار کاری لەڕیزەکانی یەکێتیی قوتابیانی کوردستاندا کردووە. 

پاش ھەڵگیرسانەوەی شەڕ لەکوردستان و لەبەر یەک ھەڵوەشانەوەی سكرتارییەتی یەکێتی قوتابیان خۆی و چەند ھاوڕێیەکی لەبەغدا سکرتارییەتێکی کاتییان بۆ یەکێتی قوتابیان دامەزراند. 
لەھاوینی ساڵی ١٩٦٣دا بەگومانی ئەوەی کە پەیوەندی لەگەڵ رێکخستنەکانی پارتیدا ھەیە دەستگیردەکرێت، بەم ھۆیەشەوە ساڵێکی خوێندنی لەدەستدەچێت.

ساڵی ١٩٦٤ دوابەدوای کودەتاکەی عەبدولسەلام عارف ئازاد دەکرێت و دەگەرێتەوە بۆ خوێندنەکەی.

ساڵی ١٩٦٧ خوێندنی زانکۆ تەواودەکات و ھەر لەو ساڵەدا لەڕۆژنامەی نور کە باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی لەبەغدا دەریدەکرد وەک ژمێریار دامەزرا.

ساڵی ١٩٧٠ لەفەرمانگەی پوختەکردنی توتن لەبەغدا بەفەرمانبەر دادەمەزرێت.

ساڵی ١٩٧١ دوابەدوای یەکگرتنەوەی ھەردوو باڵی پارتی دیموکراتی کوردستان بووەتە ئەندامی مەکتەبی سكرتارییەتی یەکێتی لاوانی کوردستان و بۆ ساڵی دواتر دەبێتە سکرتێری گشتی لاوانی کوردستان.

ساڵی ١٩٧٤ لەگەڵ پەیوەندی بەشۆڕشەوە دەکات و تا ھەرسی شۆڕش لەکارەکەی بەردەوامدەبێت.

لەدوای ھەرەسی شۆڕش لەساڵی ١٩٧٥ لەشاری نەغەدە دەگیرسێتەوەو ھەر ئەو ساڵە وەک نوێنەری قوتابیانی کوردستان لەگەڵ عادل موراد دەچێتە سوریا.

ھەر لەو ساڵەدا لەسوریا پەیوەندی بە مام جەلالەوە دەکەن، کە سەرگەرمی پڕۆژەی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو. وەک دوو ئەندامی دەستەی دامەزرێنەر بەشدار دەبن لەدامەزراندنی یەکێتیدا.
لەو ماوەیەدا لێپرسراوێتی بەڕێوەبردنی کەمپی قامیشلۆی پێ دەسپێردرێت کە کەمپێک بوو بۆ مەشق پێکردنی مەفرەزەی پێشمەرگەی پارتیزان لەچوارچێوەی پڕۆژەی دەستپێکردنەوەی خەباتی چکداری لەکوردستان.

لەساڵی ١٩٧٧  سوریا جێدەھێڵێت و لەبەریتانیا دەگیرسێتەوە.

لەساڵی ١٩٧٩ دەچێتە سوریاو لەوێ لەڕێگەی ئێرانەوە دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان و لەناوزەنگ دەگیرسێتەوە.

لەساڵی ١٩٨١دا بەھۆی گرژبوونی پەیوەندییەکانی ئێران و یەکێتی لەلایەن ئێرانەوە بۆ ماوەی ٩ مانگ دەستبەسەر دەکرێت.

لەساڵی ١٩٨٢دا ئازاد دەکرێت و لەئێرانەوە دەچێتەوە بۆ سوریا.

لەساڵی ١٩٨٤ سوریا جێ دەھێڵێت و روو دەکاتە وڵاتی سوید.

لەدوای راپەڕین و لەکۆتایی ساڵی ١٩٩٢ دەگەڕێتەوە کوردستان لەمەڵبەندی یەکی سلێمانی پلەی کارگێری مەڵبەندی پێ دەدرێت و لێپرسراوێتی بەشی پەیوەندییەکانی گرتە ئەستۆ.

لەسالێ ١٩٩٩ دەچێتە بەریتانیاو دەبێتە کارگێری مەڵبەندی دەرەوەی یەکێتی، لەو ماوەیەدا لەڕێکخراوی ئین دایت کار دەکات کەئەرکەکەی کۆکردنەوەی بەڵگەنامەکان دەبێت سەبارەت بەجینۆسایدو تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی.

ساڵی ٢٠٠٢ دەگەڕێتەوە کوردستان تا ساڵی ٢٠٠٥ وەزیری پەیوەندییەکان و ھاوکاری بوو لەئیدارەی سلێمانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان.

ساڵی ٢٠٠٩ دەبێتە ئەندامی لیژنەی باڵای مەکتەبی رێکخستن.

ساڵی ٢٠١٠ لێپرسراوێتی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی لەمەکتەبی پەیوەندییە گشتییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێ دەسپێردرێت.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو