لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی چەند بڕیارێكی نوێ دەردەكات

  2020-03-29 18:50      764 جار بینراوە        کۆمێنت

ئەمڕۆ یەكشەممە (29/3/2020) لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا چەند رێنماییەکی نوێ دەردەكات.
ئەمڕۆ، لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا، بەسەرپەرشتی پارێزگاری سلێمانی و بەئامادەبوونی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كۆبووەوەو لە كۆبوونەوەكەدا بەوردیی گفتوگۆ و هەڵسەنگاندن بۆ میكانیزم و ڕێكارەكانی باشتر خۆپارێزیی ‌و چارەسەرسازیی پەتای كۆرۆنا كراو لەكۆبوونەوەكەدا چەند ئەم بڕیارو رێنماییەك دەرکران.
رێنماییەکان...

١. لەڕۆژی (٣٠/ ٣/ ٢٠٢٠)ەوە، لەسەعات (٩)ی بەیانی بۆ (١٢)ی نیوەڕۆ بانكە ئەهلییەكان لەسنووری پارێزگای سلێمانی بەم مەرجانەی خوارەوە دەكرێنەوە:
أ‌- پەیڕەوكردنی تەواوی مەرج و رێنماییە تەندروستییەكان.
ب‌- لەهەر بانكێكدا نابێت لە (٥) كارمەند زیاتر بە(بەڕێوەبەرو كارمەندەكانیشەوە) دەوام بكات.
ت‌- دەبێت بەپێی لیستێك سەردانكەران رێكبخرێن‌و كاتی پێشوەختیان بدرێتێ‌‌و نابێت لەیەك كاتدا لەدوو كەس زیاتر بێنە بانكەكەوە.
پ‌- پێویستە كارمەندان‌و سەردانكەرانی بانكەكان پابەندی تەواوی رێكارو ڕێنماییە تەندروستی‌و كارگێڕی‌و ئارامییەكانیان بن.
ج‌- پێویستە بانكەكان پاكژ بكرێنەوەو دەرمانرێژ بكرێن.
٢. هەموو رێكخستن‌و مۆڵەتپێدانێكی كەرتی كشتوكاڵی‌و خانووی پلاستیكی‌و كێڵگەو نەمامگەو هەنگەوانی‌و...تاد لەلایەن فەرمانگەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی سلێمانیەوە دەبێت بەهەماهەنگیی یەكە كارگێڕییەكان‌و فەرمانگەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی‌و ئاسایشی خۆرئاوا لە شوێنە جیاجیاكاندا بەپێی سنووری كارگێڕی خۆیان.
٣. كۆمپانیاكانی دابەشكاریی خۆراك‌و پێداویستییەكان لەناو شاری سلێمانیدا كارەكانیان لەسەعات (٨)ی شەو بۆ (٦)ی بەیانی جێبەجێ‌دەكەن.
٤. یەكێتی كۆمپانیاكانی دابەشكاریی تا دوای تێپەڕاندنی ئەم دۆخە هیچ ئەندامێكی نوێ‌ وەرناگرن‌و هیچ بڕە پارەیەك بۆ رسوماتی رێگەپێدان وەرناگرن‌و بەهەماهەنگیی لەگەڵ قائمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی‌و بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی سلێمانی كارەكانیان دەكەن.
٥. دەست بەدابەشكردنی ئارد بەسەر بریكارەكاندا كراوەو لەدوای (١/ ٤/ ٢٠٢٠)ەوە بەپێی بەرنامەیەكی گونجاو دەست بەدابەشكردنی خۆراك بەسەر بریكارەكاندا دەكرێت‌و پێویستە بریكارەكان‌و هاووڵاتیانیش لەسنووری گەڕەكەكانیاندا پابەندی تەواوی رێنماییە تەندروستی‌و كارگێڕی‌و ئارامییەكان بن.
٦. كاركردن بەكرێكاران‌و توانستمەندانی بیانیی لەكارگەو كۆمپانیاكاندا، ئاساییە بەمەرجێك پابەندی تەواوی رێنماییە تەندروستی‌و كارگێڕی‌و ئارامییەكان بن‌و هیچ هاتوچۆیەك لەدەرەوەی دامەزراوەكانیاندا نەكەن.
٧. پێویستە هەموو فەرمانگەكان لەكاتی وەرگرتنی مووچەدا پەیڕەوی رێنماییە تەندروستی‌و كارگێڕی‌و ئارامییەكان بكەن‌و بەڕێوەبەران‌و جێگرانیان بەنووسراوی ئەو فەرمانگەیەی ئەو رۆژە مووچە وەردەگرێت‌و بەناسنامەكانیان كارئاسانیان بۆ دەكرێت.
٨. هەر فەرمانگەیەكی خزمەتگوزاریی لەڕێی بەڕێوەبەرایەتی گشتی، یان بەڕێوەبەرێتی فەرمانگەكەیەوە بەهەماهەنگیی یەكە كارگێڕییەكانی سنوورەكەی خۆی لەكاتی دەوامكردن‌و ئەركی رەسمیدا كاری هاتوچۆی كارمەندەكانی خۆی رێكدەخات، هەر كارمەندێك لەئەركدا نەبێت‌و قەدەغەی هاتوچۆ بشكێنێت و بۆ كاری تایبەتی ئۆتۆمبێلەكەی بەكاربێنێت، سزا دەدرێت.
٩. نۆرینگەكان بەپێی بەرنامەیەكی دیاریكراو لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی‌و سەندیكای كارمەندانی تەندروستی سلێمانیەوە بەشێوەی (تەناوب)و بەپێی پێویستی گەڕەكەكان لەسەر بنەمای ئەم مەرجانە كاردەكەن:
١- پێویستە نۆرینگە بەدەرمانی دژە ڤایرۆس رەشكرابێت.
٢- كارمەندی نۆرینگە دەبێت بەماسك‌و دەستكێش‌و گاونی پزیشكی كاربكات.
٣- پێویستە جێڵی تەعقیم بۆ هاووڵاتیان لەبەردەست بێت بەبەردەوامی.
٤- نابێت قەرەباڵخی لەنۆرینگەدا هەبێت، واتە ماوەی نێوان دوو كەس لانی كەم لەیەك مەتر كەمتر نەبێت‌و لەیەك كاتدا یەك كەس زیاتر نەبینرێت‌و بەئاگاداری لەناوەوەو دەرەوەی نۆرینگەكە هەڵبواسرێت.
٥- نابێت چارەسەری ئەو كەسانە بكرێت كە نیشانەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێیان هەیە.
٦- لەكاتی بوونی گومان‌و زانیاری لەسەر هەركەسێك بەتووشبوون یان نیشانەكانی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ‌ پێویستە رێنوێنی بكرێت سەردانی ئەو شوێنانە بكات كە دەستنیشان كراون بۆ پشكنین یان چارەسەر.
٧- پێویستە سجلی تۆماری سەردانكەران بۆ نۆرینگە هەبێت كە سەرجەم زانیارییەكانی تێدا تۆماربكرێت.
١٠. تیمەكانی چاودێریكردنی قەدەغەكردنی هاتووچۆ زیاد دەكرێن‌و شەوو ڕۆژ بەبەردەوامیی لەئەركدا دەبن.
١١. بەڕێوەبەرێتی ڤێتێرنەری سلێمانی بەهەماهەنگیی یەكە كارگێڕییەكان، كاری پێویست بۆ ڕێكخستن‌و مۆڵەتپێدانی هاتوچۆی ئەو بوارانە جێبەجێ‌ دەكات كە دەكەونە پسپۆڕی‌و دەسەڵاتی بەڕێوەبەرێتی ڤێتێرنەرییەوە.
١٢. بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی پارێزگای سلێمانی راسپێردرا، بەهەماهەنگیی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی و موختاری گەڕەكەكان، لیستی ئەو خێزانانە ئامادە بكەن، كە پێویستیان بەبەرنامەی پشتیوانیكردنە.
١٣. پێویستە هەموو ئەو كەس‌و دەستەو لایەن‌و كۆمپانیایانەی كاری خێرخوازیی دەكەن، لیستی تایبەت بەو خێزانە بەڕێزانەی سوودمەند دەبن ئامادە بكەن‌و ئەو لیستانە بگەیەننە پارێزگاو یەكە كارگێڕییەكانی كە ئەو كارە مرۆییە نیشتمانیانەی تێدا جێبەجێ‌ دەكەن، بۆئەوەی زۆرترین خێزان بێ‌ دووبارەبوونەوە سوودمەند بن‌و بخرێنە بەرنامەی پشتیوانیی حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و پارێزگاو ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانەوە.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو