‎یەكێتیی لەسەر دەنگۆی كەمكردنەوەی موچەی فەرمانبەران هەڵوێستی خۆی ئاشكراكرد

  2020-03-31 21:12      628 جار بینراوە        کۆمێنت
چەند ڕۆژێكە پرسی كەمكردنەوەی موچەی فەرمانبەران لە میدیا و تۆرە كۆمەڵایەتییەكاندا گەرمە

چەند ڕۆژێكە پرسی كەمكردنەوەی موچەی فەرمانبەران لە میدیا و تۆرە كۆمەڵایەتییەكاندا گەرمە، سكرتێری ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كە پشكی دووەمی لە حكومەتدا هەیە دەڵێت، زۆرێك لەو هۆكارانەی لە ڕابردوودا هەبوون بۆ بڕینی موچە ئێستا نین.
باس لەوە دەكرێت حكومەت دەیەوێت لەڕێگەی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازییەوە موچەی فەرمانبەران كەمبكاتەوە، ئەو بەرپرسەی یەكێتیش پێیوایە لە هەرێم بە هەڵە لە چاكسازیكردن تێگەیشتوون و دەڵێت، لێرە چاكسازیكردن بووە بە بڕین و كەمكردنەوەی موچە.
فەرید ئەسەسەرد، سكرتێری ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بە ناس كوردی ڕاگەیاند: “ئەوەی باس لە كەمكردنەوە و بڕینی موچەی فەرمانبەران دەكرێت، تائێستا ڕوون نییە و بە فەرمی باس نەكراوە، بەڵام ئێمە ئەوە ڕەتدەكەینەوە و ناكرێت هەموو قورساییەك بخرێتەسەر شانی هاووڵاتیان و فەرمانبەران”.
وتیشی، زۆر قورسە حكومەت بگەڕێتەوە بۆ بڕین و پاشكەوتكردنی موچە، چونكە ئەو هۆكارانەی لە ڕابردوودا بوونەهۆی پاشەكەوتكردنی موچە، لەئێستادا هیچیان نین، ئەوكات حكومەت دەیوت بەغدا موچەی بڕیوە، بەڵام ئێستا بەغدا موچە دەنێرێت، ئەوكات دەوترا شەڕی داعش هەیە، ئێستا نییە، ئەوكات وتیان ئاوەرەیەكی زۆر لە هەرێم هەیە، بەڵام ئێستا هیچ یەكێك لەو بیانووانە نین.
دەربارەی ئەوەی لەڕێگەی یاسای چاكسازییەوە موچەی فەرمانبەران كەمبكرێتەوە، سكرتێری ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی ئاماژەی بەوەكرد: “لێرە بەهەڵە لە چاكسازیكردن تێگەیشتوون، وادەزانن چاكسازیكردن تەنها بریتییە لە كەمكردنەوە و بڕینی موچە، بەڵام لە ڕاستیدا بەوشێوەیە نییە، چاكسازیكردن زۆر بواری دیكەی كارگێڕی و یاسایی و بواری دیكە دەگرێتەوە، نەك تەنها بڕینی”.
ئەسەسەرد باسی لەوەشكردوە، “بۆیە ئەگەر چاكسازیكردن تەنها بڕینی موچە بێت، ئەوە لە چاكسازیكردن دەردەچێت و دەبێت شتێكی دیكەی ناو بنێین”.
ئەسەسەرد ڕوونیشیكردەوە: “تائێستا هیچ بڕیارێكی فەرمیمان نییە لەوبارەیەوە، حكومەت خۆشی بەرچاو ڕوون نییە لەوەی چیبكات و بەچ شێوەیەك ئەو دۆخە تێپەڕێنێت تیمی یەكێتیش لە حكومەت هێشتا هیچیان بە ئێمە نەوتووە، ئێمە بەدڵنیاییەوە پێمانوایە نابێت باری شانی هاووڵاتیان قورس بكرێت و بەرگری لە مافی هاووڵاتیان دەكەین و پێمانوایە هەر بڕیارێك بدرێت دەبێت لە بەرژەوەندی هاووڵاتیان بێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دابەزینی نرخی نەوت لەبەرچاو دەگرین كە كێشەیەكی گەورەیە بۆ هەرێم و عێراق”.
ئەمە لەكاتێكدایە، لەدوای دابەزینی نەرخی نەوت، حكومەتی هەرێم بڕیاریدا پەلە بكرێت لە جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی و باس لەوە دەكرێت، حكومەت دەیەوێت لەڕێگەی یاساكەوە دەرماڵەی فەرمانبەران كەمبكاتەوە، ئەوەش بووەتە جێگەی ڕەخنە و ترسی لای هاوڵاتیان دروستكردووە.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو