لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی سلێمانی چەند بڕیارێكی نوێ دەردەكات

  2020-04-04 23:43      384 جار بینراوە        کۆمێنت

ئەمڕۆ (٤/ ٤/ ٢٠٢٠)، بەسەرپەرشتی د.هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی، لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا كۆبوونەوەو لەكۆبوونەوەكەدا  چەند بڕیارێك تایبەت بەبەرەنگاربوونەوەی كۆرۆناو قەدەغەی هاتوچۆ دەركرا.

بڕیارەكانی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی...

١-هاتوچۆو ئاڵوگۆڕی گشت كارمەندانی فەرمانگە خزمەتگوزارییەكانی (پشوو نایانگرێتەوە)، بەموەلیدە ئەهلییەكانیشەوە، لەئەركی رۆژانەیاندا تەنها ماوەی دوو سەعات (٧ تا ٩)ی بەیانی دەبێت، پێویستە بەڵگەنامەی پێویست پیشانبدەن، بەمەرجێك هەموو رێنماییە تەندروستی‌و كارگێڕی‌و ئارامییەكان جێبەجێ‌ بكەن.
٢- كارمەندو رۆژنامەوانانی كەناڵەكانی راگەیاندن ڕێگەپێدراو دەبن، بەمەرجێك لەگەڵ باج یان ناسنامەی كەناڵەكەیاندا نووسراوی ڕاسپاردنیان بەئەركی رۆژانەی راگەیاندنكارانەیان هەبێت لەلایەن دەزگاكەیانەوە.
٣- بەپێی لیستی مووچە، رۆژانە كارئاسانیی بۆ مووچەخۆرانی ئەو شوێنانە دەكرێت كە مووچە وەردەگرن، بەمەرجێك بەڵگەی فەرمیی پیشانبدەن‌و پابەندی رێنماییە تەندروستی‌و كارگێڕی‌و ئارامییەكان بن.
٤- هەموو هێزەكانی پۆلیس‌و ئاسایش‌و پۆلیسی هاتوچۆ‌و لیوای یەكی پاراستنی سلێمانی، بەشێوازێكی نوێ‌‌و بەپێی دابەشبوونی گەڕەكەكان، لەتیمی هاوبەشدا ئەركی چاودێریكردنی پابەندبوون بەقەدەغەی هاتوچۆوە جێبەجێ‌دەكەن، تەنها پۆلیسی هاتوچۆ مافی لێپێچینەوەی لەشۆفێرو ئۆتۆمبێلەكان هەیە، لەگەڵ هەموو تیمێكدا رێبەرێكی تەندروستی بەشداردەبێت بۆ رێنماییكردنی شۆفێرو سەرنشینان.
٥- لە دوای (٤٨) سەعاتی قەدەغەی تەواو، هەموو چالاكییە ئابووریی‌و بازاڕگەریی‌و دارایی‌و عەلوەو یەكەكانی نیشتەجێبوون‌و سیتییەكان و كۆمپانیاكانی دابەشكاریی‌و ماركێت‌و خزمەتگوزاریی ڕۆژانە پێویستەكان لەلایەن قائمقامیەتی سلێمانی‌و (یەكە كارگێڕییەكانەوە) بەهاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئابووریدا، ڕێكدەخرێنەوە، بەمەرجێك كە پابەندی ڕێنماییە تەندروستی‌و كارگێڕی‌و ئارامییەكان بن.
٦- جوڵەو كاروباری دامودەزگا حكومیەكان‌و كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت لەلایەن پارێزگای سلێمانی‌و بەڕێوەبەرایەتی كاروباری ناوخۆی پارێزگاو فەرمانگەی پەیوەندیدارەوە ڕێكدەخرێنەوە.
٧- لەدوای (٤٨) سەعاتی قەدەغەی تەواو، پێویستە هەموو هاووڵاتییەك لەكاتی هاتنە دەرەوەو مامەڵەی رۆژانەدا، دەستكێش‌و ماسك بەكاربهێنێت‌و پابەندی رێنماییە تەندروستی‌و كارگێڕی‌و ئارامییەكان بێت.
٨- ئاڵوگۆڕی بازرگانی‌و كاركردن لەكەرتەكانی كارەبا، پاڵاوگەكان، ئاو، پەیوەندییەكان، ئینتەرنێت، كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك، بەپێی بڕیارو ڕێكارە دیاریكراوەكانی وەزارەتی ناوخۆو پارێزگای سلێمانی بەردەوامدەبێت، بەمەرجێك پابەندی رێنماییە تەندروستی‌و كارگێڕی‌و ئارامییەكان بن.
٩- دروستكردن‌و گواستنەوەی خواردەمەنی بۆ كەرەنتینەكان بەپێی رێنماییەكان بەردەوامدەبن.
١٠- لەدوای (٤٨) سەعاتی قەدەغەی تەواو، هەموو كارێكی خێرخوازیی پێویستە بەئاگاداری یەكە كارگێڕییەكان‌و لیژنەی سەرژمێریكردنی خێزانە كەمدەرامەتەكانەوە بێت لەپارێزگاو یەكە كارگێڕییەكاندا.
١١- لەدوای (٤٨) سەعاتی قەدەغەی تەواو، بانكە ئەهلییەكان بەهەمان پەیڕەوی ڕاگەیەندراوی پێشوو بەردەوامدەبن. ١٢- بازاڕی دراوی سلێمانی‌و هەر شوێنێكی تریش دادەخرێن تا ئەوكاتەی لەلایەن قائمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی‌و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش‌و ژووری بازرگانی و پیشەسازییەوە بەشێوەیەكی تەندروستی گونجاو ڕێكدەخرێنەوە.
١٣- پێویستە هەموو هاووڵاتیان‌و دامودەزگاكانی كەرتی گشتیی‌و تایبەت‌و میدیاكان‌و رێكخراوەكان بایەخی تەواو بەكەلتووری (خۆپارێزیی و تاكپارێزیی) بدەن‌و برەو بە پەروەردەی تاكپارێزیی بدەن بۆ سەرلەنوێ‌ كردنەوەی بوارە جیاجیاكان لەئایندەدا بەجۆرێك، كە تاك خۆی، خۆی بپارێزێت.
١٤- لەدوای (٤٨) سەعاتی قەدەغەی تەواو، هەر خزمەتگوزاریی‌و ماركێت‌و بوارێك بكرێتەوە پێویستە بەپلەی یەكەم كار لەسەر پەیڕەوی دلیڤەری بكات‌و پابەندی رێنماییە تەندروستی‌و كارگێڕی‌و ئارامییەكان بێت.
د.هەڤاڵ ئەبوبەکر 
پارێزگاری سلێمانی 
سەرۆکی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی 
بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا 
4-4-2020

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو