بەسەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی لیژنەی باڵای رووبەرووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كۆبووەوە

  2020-04-06 19:08      255 جار بینراوە        کۆمێنت

لیژنەی باڵای رووبەرووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بە‌سە‌رپە‌رشتی قوباد تاڵە‌بانی كۆبووە و چەند بڕیارێكیداو تێیدا سوپاسی هاووڵاتیان كرا لەپای پابەندبوونیان بەڕێنماییەكان و ستایشی وەزارەت و كارمەندانی جێبەجێكاری بڕیارەكان كرا.
 ئەمڕۆ دووشەممە 6ی نیسانی 2020 جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، لەڕێگە‌ی ڤیدیۆ كۆنفراسە‌وە‌، سەرپەرشتی كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا-ی لەهەرێمی كوردستان كردو تیایدا باس لەدوا رێكارو ئامادەكارییەكانی قۆناغی داهاتووی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كرا لەهەرێمی كوردستان و هەڵسەنگاندن و بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی بڕیارو رێنماییە تەندروستییەكان، كرا. 
قوباد تاڵەبانی ستایشی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارە جێبەجێكارەكانی پلانی پاراستنی هاووڵاتیانی لە‌ڤایرۆسی كۆرۆنا كرد، هە‌روە‌ها سوپاسی خەڵكی كوردستانی كرد لە‌بە‌ر پابە‌ندبوونیان بە‌ڕێنماییە‌كان و ئاماژە‌ی بە‌وە‌دا كە‌ئەركی حكومە‌تە‌ پێش هە‌موو شتێك ژیانی هاووڵاتیانی ‌بپارێزێت و ئە‌م پلانانە‌ی حكومە‌تیش هەر بۆ ئە‌و مە‌بە‌ست و ئامانجەیە. 
دواتر وەزیری تەندروستی راپۆرتێكی لەبارەی دواپێشهاتەكانی بڵاوبوونەوەو ئامارەكانی تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان پێشكەش كردو ئاماژەی بەپلانەكانی وەزارەتی تەندروستی كرد بۆ قۆناغی داهاتوو و پێداویستییەكانی خستەڕوو بۆ ئەوەی پلانەكانیان بەباشترین شێواز جێبەجێبكەن. 
هەر لەكۆبوونەوەكەداو پاش گفتوگۆیەكی ورد لەبارەی دوا رێكارەكان و هەنگاوەكانی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان، ئە‌م بڕیارانە دران: 
1. بەردەوامبوونی بڕیاری پێشووی قەدەغەكردنی هاتووچۆی تەواو بۆ ٤٨ سەعات وەك ئێستا تاوەكو كاتژمێر ١٢ ی ئەمشەو. 
2. بۆ رێكخستنەوەی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ كە تا ١٠-٤-٢٠٢٠ بەردەوامدەبێت راگەیاندراوی نوێ لەلایەن وەزارەتی ناوخۆو پارێزگارەكان و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆكان دەردەچێت بۆ دابینكردنی پێداویستی رۆژانەی هاووڵاتیان لەڕێگای رێكاری نوێ و دیاركردنی كات و شێوازی كاركردنیان بەڕەچاوكردنی ڕێنماییە تەندروستیەكانی خۆپارێزیی و تایبەتمەندیی یەكە كارگێڕییەكان بەو شێوەیەی لەلایەن بەڕێز وەزیری ناوخۆ لە كۆبونەوەكەدا خرایەڕوو .
3. كاتێك دیاریبكرێت بۆ رێزگرتن لەفەرمانبەران و كارمەندانی ماندوونەناس كە خزمەتی هاوڵاتییان دەكەن و ژیانیان دەپارێزن، دواتر شێوازی رێزگرتنەكە دیاری دەكرێت. 
4. سوپاسی هاووڵاتیان دەكرێت لەپای پابەندبوونیان بەڕێنماییەكان، هەروەها ستایشی وەزارەت و كارمەندانی جێبەجێكاری بڕیارەكان كرا. 
5. وەزارەتە پەیوەندیدارەكان بەجێبەجێكردنی رێكارو رێنماییەكان، راسپێردران كە راپۆرتی خۆیان ئامادەبكەن بۆ قۆناغەكانی داهاتوو، بەڕەچاوكردنی ژیان و سەلامەتی هاوڵاتیان. 
6. وەزارەتی ناوخۆ لیژنەیەك پێكدەهێنێت بۆ لێكۆڵینەوە لەڕووداوی پەلاماردانی پزیشكێك لەسنووری پارێزگای سلێمانی بۆ ئەوەی رێكاری یاسایی بەرامبەر بەو حاڵەتە بگیرێتەبەر.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو