لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی چەند بڕیارێكی نوێ سەبارەت بەقەدەغەی هاتوچۆ دەردەكات

  2020-04-06 21:15      240 جار بینراوە        کۆمێنت

لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی لەكۆبوونەوەی ئەمڕۆ دووشەممە (6/4/2020) لەگشتاندنێكدا ژمارەیەك بڕیاری نوێ سەبارەت بەقەدەغەی هاتوچۆو میكانیزمی كردنەوەی شوێنە خزمەتگوزارییەكانی دەركرد.
دەقی گشتاندنەكە...
بۆ/ هەموو یەكە كارگێڕیی و فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی 
بابەت/ گشتاندن 
بەناوی پارێزگای سلێمانی و لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا، پاڵپشت بەو دەسەڵاتەی لە بەیانی ژمارە (٢٥)ی ساڵی (٢٠٢٠)ی وەزارەتی ناوخۆدا پێمان بەخشراوە. بڕیارماندا بە...
1. قەدەغەكردنی هاتوچۆ لەنێوان یەكە كارگێڕییەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی و پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكانی ترو پارێزگاكانی عیراقیشدا تا (١٠/ ٤/ ٢٠٢٠) بەردەوام دەبێت.
٢. قەدەغەكردنی هاتوچۆی تەواو لەسەعات (٦)ی ئێوارە بۆ سەعات (١٢)ی شەو تا رۆژی (10/4/2020) شەوانە بەردەوامدەبێت. 
٣. دەسەڵاتی تەواو دەدەینە هەموو قائیمقامیەتەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی، بۆئەوەی لەماوەی سەعات (١٢)ی شەو تا (٦)ی ئێوارە، بەپێی تایبەتمەندیی سنوورە كارگێڕییەكانیان، خزمەتگوزارییە گشتییەكان و پێداویستییەكانی رۆژانەی هاووڵاتیان بەپێی رێكارەكانی لەلایەن پارێزگای سلێمانی پەسەندكراون و لەسەر بنەمای رێنماییە تەندروستییەكان، پلانەكانیان جێبەجێ بكەن. 
٤. شەوانە لەسەعات (١٢)ی شەو بۆ سەعات (٦)ی بەیانی هاتوچۆی سنورداركراو بۆ كاری زۆر پێویست بەپێی رێنماییە تەندروستیی و كارگێڕیی و ئارامییەكان، لەسنووری قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانیدا، رێگەپێدراو دەبێت. 
5. قەدەغەكردنی هاتوچۆ ئەو سێكتەرانە ناگرێتەوە كە لەبەیانەكانی وەزارەتی ناوخۆو بڕیارەكانی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا دیاریكراون، بەتایبەتیش پزیشكانی هەڵگری ناسنامەی سەندیكای پزیشكانی كوردستان. 
٦-هاتووچۆی كارمەندانی فەرمانگە خزمەتگوزارییەكانی كە (پشوو نایانگرێتەوە)، بەپێی ئەوكاتانەی لەلایەن لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆناوە دیاریكراون لەڕێی ناسنامەو پێناساندنی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی و بەڕێوەبەرێتی فەرمانگەكانی خۆیانەوە دەبێت، وەك (تەندروستی، كارەبا، ئاو، زیادەڕەوی شارەوانیی، بەڕێوەبەرایەتی كۆمپانیای گشتی دروستكردنی دانەوێڵە، بەڕێوەبەرایەتی كۆمپانیای گشتی بازرگانی خۆراك، بانكە حكومییەكان، گەنجینەكانی ١ و ٢، كشتوكاڵ، ڤێتێرنەری، دەروازە سنوورییەكان، گومرگ، فڕۆكەخانە، شێڵتەرو خانەكانی ژنان و مناڵان و نەوجەوانان و بەساڵاچووان). 
7. كەرتی تایبەت لەبوارەكانی (ئاڵوگۆڕی بازرگانیی، سوتەمەنیی، پاڵاوگە، كارەبا، پەیوەندییەكان، ئینتەرنێت، سیتیەكان، كۆمپانیاكانی سكوریتی، عەلوە، كۆمپانیاكانی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك، بانكی ئەهلی، كارگەكانی بەرهەمهێنانی پێداویستییە تەندروستییەكان و پاككردنەوە، كۆمپانیاكانی خۆراك، پەلەوەر، خانووی پلاستیكی و كێڵگە كشتوكاڵییەكان، مەڕوماڵات، شیرەمەنیی، كۆمپانیاكانی دابەشكاریی، چالاكیی فرۆشتنی كارگە پیشەسازییەكان، كارگەكانی دەرمان) بەردەوامدەبن بەپێی رێكارە تەندروستیی و كارگێڕیی و ئارامییەكانی پێشتر دیاریكراون. 
8. كارمەندو رۆژنامەوانانی كەناڵەكانی راگەیاندن رێگەپێدراو دەبن، بەمەرجێك لەگەڵ باج یان ناسنامەی كەناڵەكەیاندا نووسراوی راسپاردنیان بەئەركی رۆژانەی راگەیاندنكارانەیان هەبێت لەلایەن دەزگاكەیانەوە.
9. بەپێی لیستی مووچە، رۆژانە كارئاسانیی بۆ مووچەخۆرانی ئەو شوێنانە دەكرێت كە مووچە وەردەگرن، بەمەرجێك بەڵگەی فەرمیی پیشانبدەن‌و پابەندی رێنماییە تەندروستی‌و كارگێڕی‌و ئارامییەكان بن. 
10. هەموو هێزەكانی پۆلیس‌و ئاسایش‌و پۆلیسی هاتوچۆ‌و لیوای یەكی پاراستنی سلێمانی و لیواكانی سكرتارییەت و هێزەكانی پێشمەرگە، بەشێوازێكی نوێ‌‌و بەپێی دابەشبوونی گەڕەكەكان، لەتیمی هاوبەشدا ئەركی چاودێریكردنی پابەندبوون بەقەدەغەی هاتوچۆوە جێبەجێ‌ دەكەن، تەنها پۆلیسی هاتوچۆ مافی لێپێچینەوەی لەشۆفێرو ئۆتۆمبێلەكان هەیە، لەگەڵ هەموو تیمێكدا رێبەرێكی تەندروستی بەشدار دەبێت بۆ رێنماییكردنی شۆفێرو سەرنشینان. 
11. لەدوای سەعات (١٢)ی شەوی (٦/ ٤/ ٢٠٢٠)ەوە، هەموو چالاكییە ئابووریی‌و بازاڕگەریی‌و دارایی‌و عەلوەو یەكەكانی نیشتەجێبوون‌و كۆمپانیاكانی سكوریتی و سیتیەكان و كۆمپانیاكانی دابەشكاریی‌و ماركێت‌و خزمەتگوزاریی رۆژانە پێویستەكان وەك (ماركێت، بەقاڵ، شیرەمەنیی، نانەواخانە، سەمونخانە، قەسابخانە، دەرمانخانە، (چێشتخانەو خواردنی خێرا – كە پێویستە تەنها بەشێوەی دلیڤەری بن))، لەلایەن قائمقامیەتی سلێمانی‌و (یەكە كارگێڕییەكانەوە) بەهاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئابووریدا، بەهەماهەنگیی (ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و كۆمەڵەی هاوردەو هەناردەكاران و یەكێتی كۆمپانیاكانی دابەشكاریی) رێكدەخرێنەوە، بەمەرجێك كە پابەندی رێنماییە تەندروستی‌و كارگێڕی‌و ئارامییەكان بن، (قائیمقامەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی و (یەكە كارگێڕییەكان) رێكاری پێویست بۆ هەر بوارێكیان دیاریدەكەن و رایدەگەیەنن). 
١٢. جوڵەو كاروباری دامودەزگا حكومیەكان‌و كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت لەلایەن پارێزگای سلێمانی‌و بەڕێوەبەرایەتی كاروباری ناوخۆی پارێزگاو فەرمانگەی پەیوەندیدارەوە رێكدەخرێنەوە. 
١٣. پێویستە هەموو هاووڵاتییەك لەكاتی هاتنە دەرەوەو مامەڵەی رۆژانەدا، دەستكێش‌و ماسك بەكاربهێنێت‌و پابەندی رێنماییە تەندروستی‌و كارگێڕی‌و ئارامییەكان بێت. 
١٤. هەموو كارێكی خێرخوازیی پێویستە بەئاگاداری یەكە كارگێڕییەكان‌و لیژنەی سەرژمێریكردنی خێزانە كەمدەرامەتەكانەوە بێت لەپارێزگاو یەكە كارگێڕییەكاندا. 
١٥. بانكە ئەهلییەكان بەهەمان پەیڕەوی راگەیەندراوی پێشوو بەردەوامدەبن. 
١٦. بازاڕی دراوی سلێمانی‌و هەر شوێنێكی تریش دادەخرێن تا ئەوكاتەی لەلایەن قائمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی‌و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش‌و ژوری بازرگانی و پیشەسازییەوە بەشێوەیەكی تەندروستی گونجاو رێكدەخرێنەوە. 
١٧. پێویستە هەموو هاووڵاتیان‌و دامودەزگاكانی كەرتی گشتیی‌و تایبەت‌و میدیاكان‌و رێكخراوەكان بایەخی تەواو بەكەلتووری (خۆپارێزیی و تاكپارێزیی) بدەن‌و برەو بەپەروەردەی تاكپارێزیی بدەن بۆ سەرلەنوێ‌ كردنەوەی بوارە جیاجیاكان.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو