یەكێـتی و گۆڕان جەختیان لەجێبەجێكردنی سیستمی لامەركەزی كردەوە

  2020-05-05 17:32      192 جار بینراوە        کۆمێنت

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێ شەممە 5-5-2020، لێپرسراوی مەڵبەندی(١)ی سلێمانی پێشوازیكرد لەوەفدێكی مەكۆی سلێمانی بزوتنەوەی گۆڕان بەسەرۆكایەتی باژێروانی سلێمانی.
ئامانجی سەردانەكە بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی هەردوولا و كاركردن بۆ جێبەجێكردنی سیستمی لامەركەزی ئیداری و دارایی بۆ پارێزگاكان و هەروەها گفتوگۆ لەسەر ستراتیژێكی ڕوون كرا بۆ دەربازبوون لەم دۆخەی بەهۆی قەیرانی دارایی و كۆرۆناوە هەرێمی تێكەوتوە.
دوابەدوای كۆبوونەوەكەش، لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا جەزای سەید مەجید لێپرسراوی مەڵبەندی سلێمانی ڕایگەیاند: لەكۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ كرا لەسەر كاریگەرییەكانی كۆرۆنا و قەیرانی دارایی و خراپی دۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵك، كە لە جیهاندا دروستكردووە و لێكەوتەكانی بەقورسی هەرێمی كوردستانیشی گرتۆتەوە.
وتیشی: جەختمان كردەوە لە سەر جێبەجێكردنی سیستمی لامەركەزی ئیداری بە دەسەڵاتی تەواوی (كارگێڕی و دارایی) كە بەبڕوای ئێمە باشترین پرۆژەیە بۆ دەرچون لەم قەیرانەی كە هەرێمی كوردستانی تێكەوتووە و بەتەواویش ئەوە ڕەت دەكەینەوە كە ئەم سیستەمە گەڕانەوەبێت بۆ دووئیدارەیی، بەڵكو ئێمە دەمانەوێت لامەركەزیەكە لەچوارچێوەی هەرێمی كوردستاندا بێت.
‎راشیگەیاند "لەبەشێكی تری كۆبونەوەكەشدا باسمان لە پتەوكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی (یەكێتی و گۆڕان)كرد و پێشمان وایە هەرچی زووە دەبێت هەرسێ حزبی سەرەكی پێكهێنەری كابینەی 9 كۆبونەوەی سێ قۆڵی ئەنجام بدەن و پێكەوە سیاسەتێكی ڕوون دابنێین بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە نەخوازراوەی ڕووی لەهەرێمی كوردستان كردوە و بەپەلە بیر لە چارەسەركردنی قەیرانی دارایی و دابینكردنی موچە بۆ موچەخۆران بكرێت".
هەر لەكۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا بەهادین ئەحمەد باژێڕوانی سلێمانی ئاماژەی بەوەكرد "هاوڕای قسەكانی لێپرسراوی مەڵبەندین بۆ جێبەجێكردنی سیستەمی لامەركەزی و شۆڕبونەوەی دەسەڵاتەكان بۆ خوارەوە پشتیوانی تەواوی دەكەین، پێشمان باشە كۆبونەوەكان لەگەڵ یەكێتی بەردەوامیان هەبێت و چەند لیژنەیەك بۆ جێبەجێكردنی كارەكان پێكبھێندرێت".

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو