سەرۆكی پەرلەمان و فراكسیۆنی یەكێتی بەشداری كۆبوونەوەی پەرلەمان ناكەن

  2020-05-07 14:06      195 جار بینراوە        کۆمێنت

لەسەر وەرگرتنەوەی پارێزبەندی پەرلەمانتاران سەرۆكی پەرلەمان و فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی‌ كوردستان بەشداری كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان ناكەن.
باڵامبۆ محەمەد پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا رایگەیاند: وەك فراكسیۆنی یەكێتی و رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بەشداری كۆبوونەوەی پەرلەمان ناكەین بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاران، چونكە لەئێستادا وەرگرتنەوەی پارێزبەندی پەرلەمانتاران خزمەت بەبارودۆخی ئێستای هەرێم ناكات و لەگەڵ ئەوەشدا وەك فراكسیۆنی یەكێتی لەگەڵ یاساداین، بەڵام پێویستە یاسا وەك تۆڕی جاڵجاڵۆكە نەبێت بچوكەكان بگرێت و گەورەكان لێی دەربازبن.
ئاماژەی بەوەشكرد:پێمانوایە ئەگەر لەسەر ناوزڕاندنێك پارێزبەندی لەپەرلەمانتار وەربگیرێتەوە، با ئەوانەشی هەرێمیان بەم دۆخە نالەبارە گەیاندو خەڵك گیرۆدەیە با بچنە بەردەم دادگاو لێپرسینەوەیان لەگەڵ بكرێت، ئەوكاتە دەڵێین یاسا سەروەرە، ناكرێت لەسەر قسەی حكومەت پەرلەمان بدرێت بەدادگا، لەكاتێكدا حكومەتی خۆی ئەو یاسایانەی لەپەرلەمانەوە دەرچووە پێوەی پابەند نەبووە، بەپێچەوانەوە پەرلەمان مافی خۆیەتی داوا بكات بۆ یاساكان جێبەجێ ناكرێت.
ئەمەش لەكاتێكدایە هاوشێوەی فراكسیۆنی یەكێتی، هەر یەك لەفراكسیۆنەكانی گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو و نەوەی نوێ و چەند فراكسیۆنێكی دیكە بایكۆتی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستانیان كرد.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو