فراكسیۆنی‌ یه‌كێتی‌ له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی‌ بڵاوكرده‌وه‌

  2020-05-07 16:31      523 جار بینراوە        کۆمێنت
فراكسیۆنی‌ یه‌كێتی‌ له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 7ی‌ ئایار، فراكسیۆنی‌ سه‌وزی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، له‌سه‌روبه‌ندی‌ دانیشتنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ هه‌ڵگرتنی‌ پارێزبه‌ندی‌ په‌رله‌مانی‌ له‌سه‌ر په‌رله‌مانتار سۆران عومه‌ر، راگه‌یه‌ندراوێكی‌ بڵاوكرده‌وه‌.
له‌و راگه‌یه‌ندراوه‌دا هاتووه‌: لەسۆنگەی‌ هەستکردنمان بە بەرپرسیاریەتی‌ نیشتمانی‌ و پاراستنی‌ یەکریزی‌ گەلەکەمان و رێزگرتن لەسەرجەم هێزە سیاسییەکانی‌ ناو پەرلەمانی‌ کوردستان بە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات و راگرتنی‌ شکۆی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان لەئازادی‌ رادەربڕین و ئاخاوتندا، بڕیارماندا بە بایکۆتکردنی‌ دانیشتنی‌ هەڵگرتنی‌ پارێزبەندیی‌ سەر ئەندامانی‌ پەرلەمان.

ده‌قی‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:


هاووڵاتیانی‌ خۆشەویستی‌ کوردستان
 
هەروەک ئاشکرایە لە ئێستادا هەرێم لەبەردەم کارەساتێکی‌ سەختی‌ ئابوریی و داراییدایە و دۆخی‌ ژیان و گوزەرانی هاونیشتمانیان و موچەخۆران لە بارێکی‌ خراپدایە، هاوڵاتیانی‌ کوردستان لەهەڵومەجی‌ نەخوازراوی‌ ئێستادا بە ئومێدەوە لە پەرلەمانی‌ کوردستان دەڕوانن، كە هاوشانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كێشەكانیان چارەسەربكات، نەك دەستپێکی‌ کارەکانی‌ ئەم وەرزەی‌ پەرلەمان بە دەستبردن بۆ لێسەندنەوەی‌ پرسی‌ پارێزبەندیی‌ ئەندامان دەستپێبکات. بێگومان ئەم هەنگاوە دەبێتە مایەی‌ دروستکردنی‌ قەیرانی زیاتر و ناكۆكیی لەنێوان فراكسیۆن و هێزە سیاسییەكانی كوردستانیش قوڵتر دەکاتەوە.
ئێمە لەفراکسیۆنی‌ سەوزی‌ یەکێتی‌ نیشتمانی‌ کوردستان وێڕای‌ ئەوەی‌ رێز لە سەروەریی یاسا دەگرین و بڕوامانوایە دەبێت هەموومان یەكسان بین لەبەردەم یاسادا، هەروەها رێزی‌ ئەو پەیڕەوەیش دەگرین كە لە پەرلەمانی كوردستان دا پەسەندكراوە، بەڵام ئەگەر پرسی هەڵگرتنی "پارێزبەندیی"ی سەر پەرلەمانتارانی سكاڵالێكراو نەخرابا بەرنامەی‌ کار، ئەمە نەدەبووە هۆی پێشێلكردنی یاسا، بە پێچەوانەوە خزمەتی زیاتری پێكەوە كاركردنی سەرجەم فراكسیۆنەكانی‌ لە پەرلەمانی كوردستاندا دەکرد، بەتایبەتی تا ئەم دۆخە نەخوازراوەمان تێدەپەڕاند، کە رووبەڕووی هاوڵاتیان و دامەزراوە فەرمییەكانی هەرێم بوەتەوە.
ئێمە پێمان وایە دەبێت لەئێستادا فراکسیۆنەکانی‌ پەرلەمان تەركیز بخەنە سەر پتەوکردنی‌ یەک ریزی و یەکگرتوویی‌ گەلەکەمان بەئامانجی‌ چارەسەركردنی قەیرانە دارایی و كارگێڕییەكانی هەرێم و دروستکردنی‌ هەماهەنگی زیاتر لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ چارەسەركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و ناوەند و باشكردنی ژیان و گوزەرانی هاونیشتمانیان و جێبەجێكردنی هەنگاوەکانی‌ داهاتوی چاكسازیی لە سەرجەم سێكتەرەكانی ژیان و بەرێوەبردندا، نەک تێکدانی‌ سازانی‌ نیشتمانی‌. لەبڕی‌ سەپاندنی‌ دەسەڵاتی‌ زۆرینەی‌ پەرلەمانی‌ بۆ لێسەندنەوەی‌ پارێزبەندیی لەپەرلەمانتاران، کە بێگومان ئەم هەنگاوە دەبێتە مایەی‌ قوڵکردنەوەی‌ ناکۆکی نێوان فراکسیۆنەکانی‌ ناو پەرلەمان وپشتکردن لەجێبەجێکردنی‌ ئەرکە راستەقینەو لەپێشینەییەکانی‌ ئەم وەرزەی‌ کاری‌ پەرلەمانیمان کە خزمەتکردنی‌ خەڵکی‌ کوردستانە، ئەرکی‌ فراکسیۆنەکانی‌ پەرلەمانی‌ کوردستانە کە خەمی‌ موچەو باشکردنی‌ ژیان و گوزەرانی‌ هاوڵاتیان لە ئەولەویەتی‌ کارەکاندا بێت.
هەرچەندە ئێمە لەفراکسیۆنی‌ سەوزی‌ یەکێتی‌ نیشتمانی‌ کوردستان دەسپێشخەری‌ و هەماهەنگیمان کردووە لەگەڵ شەش فراکسۆنی‌ تری‌ پەرلەمانی‌ کوردستان لەیاداشتێکدا داوامان کرد پرسی‌ لابردنی‌ پارێزبەندیی‌ نەخرێتە بەرنامەی‌ کار، بەڵام بەهۆی‌ سەپاندنی‌ عەقڵیەتی‌ زۆرینەو کەمینە و رێز نەگرتن لە ئیرادەی‌ پێکەوە کارکردن وپاراستنی‌ یەکریزی‌ نیشتمانی‌ بەداخەوە ئەم پرسە خرایە بەرنامەی‌ کارەوە.
 
لەسۆنگەی‌ هەستکردنمان بە بەرپرسیاریەتی‌ نیشتمانی‌ و پاراستنی‌ یەکریزی‌ گەلەکەمان و رێزگرتن لەسەرجەم هێزە سیاسییەکانی‌ ناو پەرلەمانی‌ کوردستان بە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات و راگرتنی‌ شکۆی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان لەئازادی‌ رادەربڕین و ئاخاوتندا، بڕیارماندا بە بایکۆتکردنی‌ دانیشتنی‌ هەڵگرتنی‌ پارێزبەندیی‌ سەر ئەندامانی‌ پەرلەمان.
 
فراکسیۆنی‌ سەوز
لەپەرلەمانی‌ کوردستان
7/5/2020

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو