له‌ساڵیادی شەهیدان رێبازو مەلا سڵێماندا، كۆسره‌ت ره‌سوڵ په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌

  2020-05-07 23:22      175 جار بینراوە        کۆمێنت
‎كۆسرەت ڕەسول عەلی

‎لە ساڵیادی شەهیدكردنی شەهیدان ڕێبازو مەلا سلێمان و هاوڕێكانیان، دروودو سڵاو دەنێرم بۆ گیانی پاكی سەرجەم شەهیدانی كوردو كوردستان، دووپاتی دەكەینەوە كە ڕێبواری ڕێگای نەبڕاوەی ئەوانین و خەبات دەكەین لەپێناو گەیشتن بە ئاواتەكانمان.
‎شەهید ڕێباز، تێكۆشەرێكی گەورە، ڕۆشنبیرو نووسەرێكی دیاری نێو ڕیزەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و پارتیزانێكی بەورەو فەرماندەیەكی كاریگەری نێو ڕیزەكانی پێشمەرگە بوو. 
‎ڕێباز تەنها پێشمەرگەو فەرماندە نەبوو، ڕادیۆكەی دەستی، كتێب و دەفتەرەكانی نێو پشتەكۆڵەكەی گەورەترین فەرهەنگی زانیاری بوو، پێشمەرگەكان وەك خوێندنگەیەك لێیان دەڕوانی و هەمیشە چاوەڕوانی زانیارییە تازەكانی بوون، شەهید ڕێباز بێ لایەنانەو وەك قەلەمێكی خاوەن ویژدان ڕووداوەكانی شاخ و شاری تۆماردەكردو دواجار بڵاوی كردنەوەو بەرهەمەكانی بوونە یەكێك لە جوانترین ئەرشیف و مێژووەكانی خەباتی شاخ، ئەو قارەمانە لەشاخەكانی كوردستانەوە و هەر زوو نووسی قەندیل بەغدای هەژاند، بەڵێ ئەوساو لە سەردەمی ڕژێمی فاشیستی بەعس قەندیل بەغدای هەژاند.
‎شەهید ڕێباز پێشمەرگەیەكی بە دسپلین بوو، سەركردەیەكی سیاسی و سەربازی بوو، هەموو هەوڵ و هیمەتێكی بۆ ئەوە بوو كوردستان ئازاد بێ و هێزە كوردییەكان پێكەوە خەبات بكەن بۆ ئازادی ئەم گەلە، ئەو هەمیشە كتێب و قەڵەم و چەكی وەك سیانەی خەبات و قوربانیدان دەبینی و خەباتی بۆ دەكرد.
‎بەداخەوە لە شەڕی نەگریسی ناوخۆدا، لە پڕۆسەیەكدا كە شەهید ڕێباز لە هەموو تەمەنی پێشمەرگایەتی خۆی دژی بوو شەهید كرا و هەموومانی بۆ هەتاهەتایە جێهێشت و خەمباری كردین.
‎شەهیدان ڕێبازو مەلا سلێمان و هاوڕێكانیان بەجەستە ئێمەیان جێهێشت، بەڵام یادو یادەوەری و قارەمانێتیان بۆ هەتا هەتایە لە دڵ و دەروونی هەموومان دەمێنێتەوە.
‎هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدان ڕێبازو مەلا سلێمان و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریخوازی كوردستان. 

‎كۆسرەت ڕەسول عەلی
‎سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی 
‎یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو