خۆپیشاندان لەشارەکانی عێراق دەستیپێکردەوە

  2020-05-10 10:04      148 جار بینراوە        کۆمێنت

خۆپیشاندانەکان لەبەغدای پایتەخت و بەشێکی زۆر لەشارەکانی باشوری عێراق سەریان هەڵدایەوە و لەدروشمەکانیاندا داوایان لەسەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق کرد بە دەستێکی ئاسنی لەدەستی گەندەڵکاران و دزەکان بدات و ئاوڕێکی جدی لە باری بژێوی ژیانی هاوڵاتیان بداتەوە و خزمەتگوزارییەکان فەراهەم بکات. 
لەپارێزگاکانی بەسڕە، واست، بابل و کەربەلا خۆپیشاندەران ڕژانە گۆڕەپانەکانی خۆپیشاندان و لەدروشمەکانیاندا داوایان دەکرد شۆڕش دەستپێبکاتەوە. 
بەگوێرەی هەواڵی میدیا عێراقییەکان و ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی بڵاوکراونەتەوە، خۆپیشاندەران لەپارێزگای واست هەڵیانکوتایە سەر بارەگای حزبەکان و بارەگای ڕێکخراوی بەدریان سوتاند، لەکەربەلاش یەکێتیی قوتابیانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا تا کۆتایی مانگی تەموز مۆڵەتیان دایە حکومەت کە داواکارییەکانی خۆپیشاندەران جێبەجێبکات.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەعێراق و ڕاگەیاندنی  ڕیکارەکانی بەرگرتن و قەدەغەی گشتی  بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا  خۆپیشاندانەکانی عێراق زیاتر لەدوو مانگە مت بووە، بەڵام دوای دەستبەکاربوونی مستەفا کازمی  و هەڵگرتنی قەدەغەی هاتوچۆ جارێکی دیکە خۆپیشاندانەکان دەستیان پێکردەوە.
 خۆپێشاندانەکانی عێراق عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی  پێشووی عێراقیان ناچارکرد لەکۆتایی ساڵی ڕابردوودا دەستلەکارکێشانەوەی خۆی ڕادەستی پەرلەمانی عێراق بکات. 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو