پیرۆزبایی مەكتەبی سیاسی (ی.ن.ك) بۆ یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان

  2020-05-14 20:34      133 جار بینراوە        کۆمێنت
لۆگۆی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان

لە یادی 58 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستاندا، پیرۆزبایی لە سەرۆك و سكرتاریەت و هەموو مامۆستایانی ئەندامی یەكێتیەكە دەكەین، سڵاوی ئەمەك و وەفاداریش دەنێرین بۆ هەموو ئەو مامۆستا تێكۆشەرانەی لە وێستگە جیاجیاكانی خەباتی یەكێتیی مامۆستایاندا بەشداربوون. 
یەكێتیی مامۆستایان، كە لە (15)ی ئایاری ساڵی 1962 دامەزراوە، لەهەموو قۆناغە جیاجیاكانی خەباتی زانستی و پەروەردەیی و پیشەیی و داكۆكی كردن لە مامۆستایانی كوردستان رۆڵی گەورەی گێڕاوە. سەرباری بەجێهێنانی ئەركە پیشەیی و پەروەردەیی و زانستییەكانیان، لە خەباتی رزگاریخوازی گەلەكەمانیشدا، بە گیان بەختكردن و روبەڕووبونەوەی ئەشكەنجەی زیندان و بەرگەكردنی سیاسەتی دوورخستنەوەو سزای سیاسی و بەگژاچوونەوەی هەوڵی فاشیانەی لەناوبردنی زمان و كولتوری كوردیدا، هەمیشە پێشەنگی خەبات بوونە، مامۆستایانی شەهید و تێكۆشەر هەمیشە ناو و یادەوەریان زیندووەو ماییەی شانازین بۆ یەكێتیی مامۆستایان و گەلەكەمان. 
 مامۆستایانی كوردستان لە بارودۆخی سەختی ئابوری دوای راپەرینیش سەروەری گەورەیان تۆماركرد و نەك سەری بەرزیان بۆ مووچە نەوی نەكرد، بەڵكو لەگەشەپێدانی كوردەواری و پەرەپێدانی ئاسۆی پەروەردەو خوێندن و زانستدا هەنگاوی گەورەیان نا. یەكێتیی مامۆستایان لەبەجێهێنانی ئەركە نیشتمانیی و پیشەیی دیموكراسیەكانیشدا هەنگاو و دەستكەوتەكانیان بۆ مامۆستایانی كوردستان و پرۆسەی خوێندن و پەروەردە بەرجەستەو دیارن و مایەی ستایشن. 
 لە ئێستایشدا، كە یادی (58) ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی مامۆستایان دەكەینەوە، بەهۆی نالەباری دۆخی ئابوریی و دواكەوتنی مووچەوە، مامۆستایانی كوردستان لە جیاتی ژیانێكی شایستە، جارێكی تر گوزەرانیان رووبەرووی گرفت بۆتەوە. یەكێتی مامۆستایانی كوردستان، كە رێكخراوێكی بەرەییەو سایەی خەباتی پیشەیی تێكرای مامۆستایانی كوردستانە بە هەموو ڕەنگ و دەنگە جیاوازەكانەوە، هیودارین باشتر خۆی بۆ جێبەجێكردنی  زۆرێك لە ئەركە پیشەیی و نیشتمانیی و دیموكراسیەكانی سازبدات و پێویستە بە خوێندنەوەی هەلومەرج و گۆڕانكارییەكانی ئێستا، ستراتیژی نوێ بۆ بەجێهێنانیان دابڕێژێت.
جارێكی تر پیرۆزبایی لە سەرجەم مامۆستایانی كوردستان دەكەین... سڵاو بۆ رۆحی پاكی هەموو مامۆستایانی شەهیدو تێكۆشەرانی رێگای پەروەردەو فێركردن دەنێرین.

راگەیاندنی مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو