مەڵبەندی رێكخستنی خانەقین ئیدانەی پەلاماری تیرۆریستان بۆ سەر ئاوای موبارەك دەكات

  2020-05-16 00:09      167 جار بینراوە        کۆمێنت

مەڵبەندی (8)ی رێكخستنی خانەقینی (ی.ن.ك) بەتوندی ئیدانەی پەلاماری تیرۆریستان بۆ سەر ئاوای موبارەك دەكات و رایدەگەیەنێت "بەڵێن دووپات دەكەینەوە كەبەردەوام دەبین لە پەیوەندییەكانمان بۆ گەڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە  بەهەماهەنگی لەگەڵ هێزەكانی عێراق بۆ پاراستنی ئەمنیەت و ئاسایشی هاوڵاتیانی ناوچەكەو پاككردنەوەی تیرۆریستان و پاشماوەكانیان.

دەقی راگەیەندراوەكە:
بەتوندی ئیدانەی پەلاماری تیرۆریستان بۆ سەر ئاوای موبارەك دەكەین
بۆ جارێكی تر تیرۆریستانی داعش بەعەقڵیەتێكی شۆڤێنیانەوە دەستیان كردوە بەپەلاماردانی خەڵكی سفیل و هاوڵاتیانی بێتاوانی دێهاتە كوردنشینەكانی سنووری خانەقین و سوتاندنی بەرهەمی كشتوكاڵی و داغڵودانەكانی جوتیارانی كورد، لەئەنجامی ئەو پەلامارانەشدا تەنها گوندە كوردنشینەكانی سنووری شاری خانەقین كراونەتە ئامانج، ئەوەش بەمەبەستی ڕاونان و دەركردنی كورد لەدێهاتەكانیان و لەسەر زێدی ڕەسەنی باوباپیرانیان لەناوچەكە، ئەمەو لەدوای پەلامارەكانیان بۆ سەر گوندی (مێخاسی كاكەیی و تەفرەقە) ئەم شەویش پەلاماری گوندی(ئاوای مبارەك) دراو لەشەڕو پێكدادانێكدا لەئەنجامدا چەند هاوڵاتییەكی مەدەنی شەهیدو بریندار بوون و بەرهەمی گەنم و جۆو كشتوكاڵی ئەمساڵی خەڵكی گوندەكە سوتێنران، لێرەدا بەناوی مەڵبەندەكەمان، مەڵبەندی 8ی رێكخستنی خانەقینی(ی.ن.ك)، بەتوندی ئیدانەی ئەو كردەوە تیرۆریستییەی شەوی ڕابردوو بۆ سەر دانیشتوانی گوندی (ئاوای موبارەك) دەكەین،  دڵگران و خەمبارین كەهاوڵاتییەكی تێكۆشەر  بەناوی(ئەسعەد مەجید دارا) شەهیدو چەندكەسێكی تریش بریندار بوون،پرسەو هاوخەمی خۆمان ئاڕاستەی كەسوكارو خانەوادەی سەربەرزی ئەو شەهیدە نەمرە دەكەین و هیوای زوو چاكبونەوەش بۆ بریندارەكان دەخوازین، بەڵێن دووپات دەكەینەوە كەبەردەوام دەبین  لە پەیوەندییەكانمان بۆ گەڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە  بەهەماهەنگی لەگەڵ هێزەكانی عێراق بۆ پاراستنی ئەمنیەت و ئاسایشی هاوڵاتیانی ناوچەكەو پاككردنەوەی تیرۆریستان و پاشماوەكانیان، هەزاران سڵاوو دروود لەروحی پاكی (ئەسعەد مەجید دارا) و تێكڕایی شەهیدانی گەلەكەمان، لەخوای گەورەش داواكارین كەروحی پاكی بەبەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبووری هەموو لایەك بدات.
لەگەڵ ڕێزماندا.

مەڵبەندی (8)ی رێكخستنی خانەقینی (ی.ن.ك)

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو