چین شارێك به‌ته‌واوی كەره‌نتین دەكات

  2020-05-16 14:53      138 جار بینراوە        کۆمێنت


حكومه‌تی چین، دوانیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 16ی ئایار، سه‌رجه‌م شوێنه‌ گشتی و لێنۆرگەو نه‌خۆشخانه‌ تایبه‌تییه‌كانی شاری شولان -ی كه‌رتی جیلیین باكووری خۆرهه‌ڵاتی چین-ی داخست، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی ژماره‌ی تووشبوون به‌ كۆڤید-19 لەماوه‌ی دوو رۆژی رابردوودا به‌شێوه‌یه‌كی سه‌رسوڕهێنه‌ر به‌رزبووەته‌وه‌.
به‌پێی هه‌واڵێكی زه‌ نیو یۆرك تایمز شاری شولان-ی كه‌رتی جیلین هه‌مان دۆخی سه‌ره‌تاكانی شاری ۆوهان-ی كه‌رتی هێبی هه‌یەو له‌ 10ی ئایاره‌وه‌ 8000 كه‌س له‌ناوچه‌یه‌ك خراونه‌ته‌ كۆره‌نتینه‌وەو ئه‌مڕۆش به‌ته‌واوی شوێنه‌ گشتی و تایبه‌تییه‌كان داخران.
ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌ كه‌ تا 15ی ئایار، 19 هه‌زار كه‌س پشكنینیان بۆكراوه‌، به‌ڵام به‌رپرسانی ته‌ندروستی شاره‌كه‌ هیچیان رانه‌گه‌یاندووه‌.
له‌به‌رامبه‌ردا هه‌واڵه‌كان له‌شاره‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن به‌رپرسی كۆمیته‌ی شولان -ی حزبی شیوعی چین له‌سه‌ر كاره‌كه‌ی لادراوه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی زانیاری لای خه‌ڵك دركاندووه‌ كه‌ 90%ی ئه‌وانه‌ی پشكنینیان بۆ كراوه‌ هه‌ڵگری ڤایرۆسه‌كه‌ن.
هه‌روه‌ها سایتی بلۆمبێرگ نووسیویه‌تی: حزبی شیوعی چین رایگه‌یاندووه‌ كه‌ (لی بنگڤی) سه‌رۆكی كۆمیته‌ی حزبی شیوعی چین له‌سه‌ر گه‌نده‌لی لادراوه‌.
بلۆمبێرگ باس له‌وه‌شده‌كات، هه‌ر دوێنێ 15ی ئایار، شین جین بینگ داوای كردووه‌ كه‌ كه‌رته‌كانی باكووری خۆرهه‌ڵاتی چین كه‌ هاوسنووره‌ له‌گه‌ڵ كۆریای باكوورو روسیا بخرێته‌ ژێر چاودێری تونده‌وه‌، چونكه‌ ژماره‌ی تووشبوون له‌و ناوچانه‌ زیادیكردووه‌.
به‌رپرسانی ته‌ندروستی چین سه‌رهه‌ڵدانەوه‌ی كۆرۆنا ڤایرۆس بەشه‌پۆلی دووه‌می ڤایرۆسی كۆرۆنا وه‌سفده‌كه‌ن.

ئامادەكردنی: لوقمان غه‌فوور
 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو