پلانی وه‌رگرتنی گه‌نمی جوتیاران گه‌یشتوەته‌ سایلۆكانی هه‌رێمی کوردستان

  2020-05-17 11:55      330 جار بینراوە        کۆمێنت

نه‌وزاد ئه‌دهه‌م، به‌رێوه‌به‌ری گشتی بازرگانی له‌وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازی  هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند: ساڵانه‌ پلانی وه‌رگرتنی گه‌نمی جوتیاران له‌به‌غداوه‌ دێت، بۆ ئه‌مساڵیش پلانه‌كه‌ هاتوه‌ و گه‌یشتوەته‌ سایلۆكانی هه‌رێمی كوردستان، به‌ گوێره‌ی ئه‌و پلانه‌، له‌هه‌ر پارێزگایه‌ك لیژنه‌یه‌ك پێكده‌هێنرێت به‌ سه‌رۆكایه‌تی جێگری پارێزگار،  ئه‌ندامیه‌تی به‌ڕێوه‌به‌ری سایلۆ، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كشتوكاڵ، نوێنه‌ری جوتیاران، به‌ڕێوه‌به‌ری چاودێری بازرگانی و نوێنه‌ری ئاسایشی ئابوری له‌گەڵ بڕیارده‌رێك، ئه‌و لیژنه‌یه‌ سه‌رپه‌رشتی پڕۆسه‌ی وه‌رگرتنی گه‌نمی جوتیاران ده‌كه‌ن.
ئاماژەی بەوەشکرد، هه‌ر سكاڵایه‌ك یان هه‌ر شتێك هه‌بێت تایبه‌ت به‌ وه‌گرتنی گه‌نم ئه‌و لیژنه‌یه‌ ده‌توانن وه‌ڵام بده‌نه‌وه، به‌رده‌وام به‌دواداچونی ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی پڕۆسه‌كه‌ به‌بێ كێشه‌ به‌ڕێوه‌بچێت.‌
نه‌وزاد ئه‌دهه‌م باسی لەوەشکردوە، نرخی وه‌رگرتنی گه‌نم وه‌ك ساڵی رابردو سێ نرخه‌ و گۆڕانكاری له‌نرخ نه‌كراوه‌، گه‌نمی پله‌ یه‌ك ته‌نی به‌ 560 هه‌زار دینار دیاریكراوه‌، بۆ گه‌نمی پله‌ دو 480 هه‌زار دینار دیاریكراوه‌، بۆ پله‌ سێ 420 هه‌زار دینار دیاریكراوه‌.
رونیشیکردەوە، پرۆسه‌ی وه‌رگرتنی گه‌نم له‌سه‌ره‌تای مانگی داهاتو ده‌ست پێده‌كات، به‌رده‌وام ده‌بێت تا ئه‌و بڕه‌ی دیاریكراوه‌ وه‌رده‌گیرێت، تا ئێستاش بڕی وه‌رگرتنی گه‌نمی جوتیارانی هه‌رێم دیارینه‌كراوه‌، به‌ڵام بۆ عێراق نوسراوێك له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌رچوه‌ و ئاڕاسته‌ی وه‌زاره‌تی بازرگانی عێراق كراوه‌، كه‌ هه‌مو ئه‌و گه‌نمه‌ی به‌رهه‌مهێنراوه‌ له‌جوتیاران وه‌ربگیرێت، ساڵی رابردوش هه‌مان نوسراو هه‌بو، به‌ڵام هه‌رێمی كوردستان له‌و بڕیاره‌ ده‌رهێنرا.
نه‌وزاد ئه‌دهه‌م وتیشی، په‌یوه‌ندیمان به‌ وه‌زاره‌تی بازرگانی عێراق كردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م گه‌نمی به‌رهه‌م هاتوی جوتیارانی هه‌رێمی كوردستان هاوشێوه‌ی جوتیارانی پارێزگاكانی تری وه‌ربگیرێت، به‌ڵام تا ئێستا هیچ وه‌ڵامێكیان نه‌داوه‌ته‌وه.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو