سەرۆكایەتی یەكێتی: بەچاوی وەفادارییەوە دەڕوانینە خەباتی كاك نەوشیروان و هەڤاڵەكانی لەناو یەكێتی

  2020-05-19 13:38      147 جار بینراوە        کۆمێنت

سەرۆكایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەساڵیادی كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە.ئەمەش دەقەكەیەتی..
ئەمڕۆ ساڵیادی كۆچی دوایی سەركردەیەكی قارەمانی كوردستانە. لەم یادەدا سەری رێز و وەفا بۆ هزر و خەبات و قەڵەمی نیشتمانپەروەرێك دادەنەوێنین، كە بەدەم رێگای سەخت و دووری تێكۆشانەوە، گوڵچنی كولتوور و ئەدەب و مێژووی شۆڕشی كوردستانی كردووە. دوای خۆیشی، گەنجینەیەكی گەورەی سیاسی، میژوویی، كۆمەڵایەتی، و زمانەوانی بۆ ‌جێهێشتووین.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هەمیشە بە چاوی وەفادارییەوە دەڕوانێتە خەباتی كاك نەوشیروان و هەڤاڵەكانی لەناو یەكێتی، كە لە پێناو ئازادی و دیموكراسی و دادپەروەری و مافی چارەی خۆنووسیندا، شۆڕشی نوێی گەلی كوردستانیان هەڵگیرساند. ئەمڕۆ و نزیك بە نیو سەدە دوای ئەو رۆژگارە، كوردستان لە هەمووكات زیاتر پێویستی بە سیاسەتی حەكیمانەی مام جەلال و راشكاویی كاك نەوشیروانە و جێگەی خاڵیی ئەم دوو هاوڕێیەی خەبات، بە روونی لە تانوپۆی كوردەواریدا هەستی پێدەكریت.
لە یادمانە دوا هەنگاوی سیاسیی مام جەلال و كاك نەوشیروان، كاركردن بووە بۆ دروستكردنی سەركردایەتیی هاوبەشی یەكێتی و گۆران. ئەمڕۆ ئێمە دریژەدان بەو هەنگاوه،‌ بە ئەركێكی سەرەكی خۆمان دەزانین و خەباتی بۆ دەكەین. بەو هیوایەی یەكخستنی ریزەكانمان لە پێناو خزمەتكردنی شایستەی خەڵكی كوردستان، رۆحی ئەوان و سەرجەم شەهید و تێكۆشەرانی ئەم رێبازە ئاسوودە بكات.
سەرۆكایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
19ی 5ی2020

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو