‎پیرۆزبایی جەژنی ڕەمەزان لەكوردستانیان دەكات
كۆسرەت رەسوڵ: با ئەم جەژنە بكەینە بۆنەی چارەسەركردنی كێشەكان و جێبەجێكردنی داواكارییەكانی هاووڵاتیان

  2020-05-23 15:41      118 جار بینراوە        کۆمێنت

بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی رەمەزانی پیرۆز، كۆسرەت ڕەسول عەلی ‎سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی موسڵمانانی جیهان بەگشتی و كورستان بەتایبەتی دەكات.
دەقی پەیامەكە...
‎بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی رەمەزانی پیرۆز، بەناوی خۆم و هەڤاڵانم لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پیرۆزباییەكی گەرمتان ئاراستە دەكەم، هیوادارم خوای گەورە رۆژوو تاعەت و عیبادەتی هەموو لایەكمانی قبوڵ كردبێ و ئەم جەژنە ببێتە مایەی خێرو خۆشی بۆ گەلەكەمان و زاڵبین بەسەر قەیرانەكان.
‎ئەمساڵ جەژنی رەمەزانی پیرۆز هاوكاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناو قەیرانی دارایی و وەستانی جموجۆڵی بازرگانی و داراییە لەجیهان و ناوچەكە بەشێوەیەكی گشتی، كە بێگومان ئەمەش كاریگەری راستەوخۆی لەسەر هەرێمی كوردستان و عیراق دروستكردووەو هاووڵاتیانی رووبەڕووی ژیانێكی قوڕس كردووەتەوەو كارو كاسبی وەستاوەو ژیان شێوازێكی جیاوازتر لەجارانی وەرگرتووە، ئەركە لەسەر هەموومان لەهێزو لایەنە سیاسییەكان هاوكارو پشتیوان بین بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخەو پێویستیشە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەكە بكات و لەسەرووی هەموویانەوە بەدەم داواكاری هاووڵاتیانەوە بێ و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان دابین بكات و مووچە لەكاتی خۆی دابەش بكات.
‎هاونیشتمانیانی خۆشەویست.... ‎
ئەم دۆخەی ئەمڕۆ لەكوردستان هەیەو كوردستانیانی گیرۆدە كردووە پێویستی بەبڕیاری بوێرانەو حەكیمانە هەیە بۆ بنبڕكردنی، لەسەرووی هەموویانەوە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و پەرەپێدانی شەفافیەت و چاكسازی لەسێكتەرە جیاوازەكانی حوكمڕانی، بەجۆرێك سەرجەم داهات و سامانەكانی هەرێمەكەمان لەخزمەتی گەلەكەمان و بۆ خۆشگوزەرانی هەرێمەكەمان بەكاربێت، ئەركێكی ئەخلاقی و نیشتمانیشە كە لایەنە سیاسییەكان لەبری ململانێ و شەڕكردن لەسەر دەستكەوتە حزبییەكان، دانیشن و بەیەكەوە كێشەكانی نێوانیان چارەسەر بكەن و ئەم دۆخە تێپەڕێنین و چیتر لەكەناڵەكانی ڕاگەیاندنەوە هێرش نەكەنە سەر یەكترو دەروونی هاووڵاتیان لەوە زیاتر ماندوو نەكەن و لەبری چارەسەری بنەڕەتی كێشەكان خەڵك بەپرس و كێشەی لابەلا سەرقاڵ نەكەن و قەیرانی دەستكرد دروستنەكەن.
‎دووبارە پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی سەرجەم موسڵمانانی جیهان بەگشتی و كوردستان بەتایبەتی دەكەم و ئەم جەژنە پیرۆزە بەدەرفەت دەزانم سوپاسی تایبەتی پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی و هێزەكانی ئاسایش و ناوخۆو پێشمەرگە بكەم، كە لەكاتی قەیرانی كۆڕۆنادا ماندوونەناسانە كاریان كرد بۆ ڕێگرتن لەزیاتر تەشەنەكردنی ڤایرۆسەكە، هەروەها سوپاس بۆ خەڵكی خۆڕاگری كوردستان كە خۆڕاگرانە لەماڵ مانەوەو پابەندی ڕێنماییەكان بوون.
‎كۆسرەت ڕەسول عەلی 
‎سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی 
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو