قوباد تاڵەبانی: با ئەم جەژنە بكەینە هەوێنی دروستكردنەوەی تەبایی و چارەسەركردنی كێشەكان

  2020-05-23 18:21      139 جار بینراوە        کۆمێنت

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی رەمەزانی پیرۆزەوە پەیامێكی بڵاوكردەوە.
دەقی پەیامەكە...

بروسکەی پیرۆزبای قوباد تاڵەبانی بەبۆنەی جەژنی رەمەزان 
هاووڵاتیانی خۆشەویست..

بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی رەمەزان، لەدڵەوە پیرۆزبایی گەرم لەهەموولایەک دەکەم، دەخوازم ئەم بۆنەیە ببێتە هەوێنی ئاشتەوایی و یەکڕیزی لەكوردستان تاکو پێکەوە ڕووبەڕووی تەنگەژەكانی بەردەممان ببینەوە.
لەسەرەتای ئەمساڵەوە كۆرۆناو دابەزینی نرخی نەوت، كاریگەریی خراپیان لەسەر بەرنامەكانی حکومەت بۆ چاکسازی و بنیاتنانەوەو رەخساندنی هەلی كار دانا، گرنگیدانی ئێمەشی گۆڕی بۆ پاراستنی تەندروستی و دابینکردنی مووچە، بەهەوڵ و ماندووبوونی تەندروستکاران و هێزە ئەمنییەكان و پابەندیی هاووڵاتیان، رێگری كرا لەتەشەنەكردنی پەتای كۆرۆنا، بەڵام هێشتا مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە بەردەوامە، ئەمەش دەمانخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی بەردەوامیی پابەندبوون بەڕێنماییە تەندروستییەکان.
حكومەتی هەرێم، بەخودی سەرۆکی حکومەت و بەندەو وەزیرە بەڕێزەکانەوە، بەهەموو توانامانەوە لەهەوڵدا دەبین بۆ دابینکردنی مووچەو چارەسەركردنی ریشەیی ئەم كێشەیە، لەم پێناوەشدا كاری پێویستمان كردووە بۆ رێككەوتنی گشتگیرو دادپەروەرانە لەگەڵ حکومەتی ناوەند، دانوستانەكانمان لەگەڵ بەغدا چڕتر کردووەتەوەو ئێستا لێکتێگەیشتن لەهەمووكات زیاترەو گەشبینین بەگەیشتن بەڕێككەوتن لەگەڵ كابینەکەی بەڕێز مستەفا كازمی بۆ چارەسەرکردنی بەشی زۆری کێشە هەڵپەسێردراوەکان، لەدوای 2014وە گیرۆدەی جۆرەها قەیران بووین، بەڵام هیچ كات بێخەم نەبووین و هەموو دەرفەتەكانمان قۆستۆتەوە بۆ چاكسازی و خاوكردنەوەی گرژییە سیاسییەكان و لەڕێی یەکگرتوویی کابینەی پێشووی حکومەتی هەرێمی کوردستان، توانیمان قەوارەی هەرێمەکەمان بپارێزین و لەکێشەی ناوخۆیی بەدووری خەین. جگە لەمەش، تۆماری بایۆمەتری و بە ئەلەکترۆنیکردنی هەندێ لەكارەكانی حکومەت، پڕۆژەی خزمەت و وردبینیکردنی داهاتی نەوت و یاسای چاکسازی بەشێک لەو هەوڵانە بوون كە خەریكە وردە وردە کاریگەرییەکانیان بۆ هەموولا ئاشكرا دەبێت. 
لەکابینەی نۆیەمی حکومەتیشدا توانرا یاسای چاکسازی بەکردەیی پەسەند بکرێت، لەئێستاشدا وێڕای خەمی دابینكردنی مووچە، ئەرك و خەمی حكومەت بونیادنانی ژێرخانی ئابووری و دابینکردنی خزمەتگوزاری شایستەو چاکسازی و نەهێشتنی گەندەڵییە، ئەم هەنگاوانەش بەبێ دروستکردنی متمانە سەرناگرێت، نابێت دەرفەتەکان بەهۆی ململانێی ناتەندروست و بارگرژی سیاسییەوە لەكیس بدەین، پێویستمان بەدروستکردنەوەی تەباییە لەنێوان لایەنەکانی پێکهێنەری حکومەت، لەنێوان حکومەت و هاووڵاتیان، لەنێوان حکومەت و کەرتی تایبەت و دواجاریش لەنێوان هەرێم و بەغدا.
لەکۆتاییدا خوازیارم جەژن ببێتە بۆنەیەك بۆ ئاشتەوایی سەرانسەری، بۆ پتەوكردنی تەبایی نێوانمان. 
جارێکی تر جەژنی هەموو لایەك پیرۆز بێت بەتایبەت خانەوادەی شەهیدە سەربەرزەکان و پەرستشی رۆژووەوانانیش قبوڵ بێت و هەمووان پارێزراوو تەندروست بن.
قوباد تاڵەبانی 
جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو